سووریا.. شەڕ بەدرێژایی سنوورەكانی توركیا بەردەوامە

:: PM:10:24:09/10/2019 ‌

بەرپرسێكی هێزەكانی سووریای دیموكرات رای دەگەیەنێت كە هێزەكانیان بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ سوپای توركیا لە جەنگێكی بەردەوامدان، روانگەی مافی مرۆڤی سووریاش دووپاتی دەكاتەوە كە جەنگ لە هەموو بەرەكاندا بەردوامە.

هەسەدە: سێ شەڕوان و پێنج هاووڵاتی كوژراون
مەرڤان قامیشلۆ، بەرپرسێكی هەسەدە ئەمڕۆ چوارشەم بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند، جەنگ لە تەواوی سنوورەكان لەگەڵ توركیا لە نێوان هەسەدە و سوپای توركیا بەردەوامە و ئەوان بەرگری دەكەن، لەوكاتەی هەسەدە لە بەیاننامەیەك لەبارەی زیانی بۆردمانەكانی توركیا ئاماژەی كرد كە سێ شەڕوان و پێنج هاووڵاتی كوژراون و دەیان برینداریش هەیە لەوكاتەی روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ كوژرانی 11 كەس دەكات هەشتیان سڤیلن.   

وەزیری بەرگری فڕەنسا: پێویستە هێرشەكە بوەستێت
فلۆرنس بارلی، وەزیری بەرگری فڕەنسا لە تویتەر ئاماژەی كردووە كە هێرشەكەی توركیا مەترسیدارە بۆ ئاسایشی كورد و سوودی بۆ رێكخراوی داعش هەیە كە پێنج ساڵە لەدژی دەجەنگین، بۆیە پێویستە ئەو هێرشە بوەستێت.

روانگەی سووریا: جەنگ و بۆردمان بەدرێژایی سنوورەكانی ناوچەكە گەرمە
رامی عەبدورەحمان بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە دەكات كە جەنگەكە بەدرێژایی سنوورەكانی ناوچەكە لەگەڵ توركیا گەرمە. زیاتر گوتی، شەڕ تەنیا لە نێوان سەرێ كانی و گرێ سپی نییە، بەڵكو بۆردمان ناوچەكانی بەری رۆژهەڵاتی رووباری فورات تا بەری رۆژئاوای رووباری دجلەی گرتووەتەوە كە سەتان كیلۆمەترە و بۆردمانی هەردوولا هەیە بەتایبەتی تۆپخانەكانی توركیا بۆ سەر سەرێ كانی و گرێ سپی و برینداری زۆر هەیە و لە قامیشلۆ بەهۆی كەوتنەوە 15 گولە تۆپ خێزانێك بەتەواوەتی بریندارن، هەروەها لە قەحتانییە لە باكوری رۆژهەڵاتی حەسەكە.

عەبدورەحمان دووپاتی كردەوە كە هاوئاهەنگییەكی توركی و سووری و ئێرانی و رووسی لەو ئۆپراسیۆنە لە سایەی چاوپۆشی ئەمەریكا هەیە كە گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد، بۆیە پیلانێك لەو ناوچەیە لەدژی هەسەدە هەیە و توركیا بە سوپای نیشتیمانی سووریا جەنگی هەسەدە دەكات و هەموویان پێشانیان دا كە هێزی داگیركەرن لەو وڵاتەدا.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل