رۆمانى "فرانكشتاین" له‌لایه‌ن مارى شیلى نووسراوه، هه‌رچه‌نده خه‌یاڵى ناو رۆمانه‌كه زیاتر سه‌رنجى گه‌نجان و خوێنه‌رى ساده راده‌كێشێت و ئه‌مه هۆكارێكه كه سینه‌ما به ئاسانى ده‌ست بۆ رۆمانه‌كه ده‌بات و له خستنه‌ڕووی وه‌ك فیلمێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م رۆمانه كه له‌لایه‌ن كچه نووسه‌رێكى هه‌رزه‌كار نووسراوه، كۆمه‌ڵێك پرسیارى زۆر گرنگ له‌باره‌ى بوونى مرۆڤ له‌خۆ ده‌گرێت.
رۆمانى "فرانكشتاین" له ساڵى 1818 كه ئه‌وكاته مارى شیلیى نووسه‌ر ته‌مه‌نى 21 ساڵ بووه و هاوسه‌رى شیلى شاعیرى به‌ناوبانگ بووه. مارى له ساڵى 1797 له دایك بووه، هه‌ندێك له سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن رۆمانه‌كه زۆر زووتر له‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام بێ ناوى مارى بووه، ئه‌وكاته ئه‌م ژنه ته‌مه‌نى ته‌نیا 18 ساڵ بووه. به‌ڵام كاتێك رۆمانه‌كه‌ى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ، جارێكى تر له ساڵى 1818 به ناوى مارى شیلى بڵاو ده‌كرێته‌وه.
له‌به‌ر مه‌زنى ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كه، له ساڵى 2018 له سه‌رانسه‌رى دنیا به بۆنه‌ى 200 ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونى رۆمانه‌كه، ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كانى دنیا جارێكى تر تاوتوێى رۆمانه‌كه‌یان كرده‌وه، چه‌ندان وتار و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بڵاو كراونه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى رۆمانى فرانكشتاینه‌وه سه‌یر و سه‌رنجڕاكێش بێت ئه‌وه‌یه، سینه‌ما زوو ده‌ستى بۆ بردووه وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كى فیلم چیرۆكه‌كه‌ى به‌كار هێناوه، یه‌كه‌م فیلمیش به‌ناوى "فرانكشتاین" له ساڵى 1910 به‌رهه‌م هاتووه. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له لێكۆڵینه‌وه سینه‌ماییه‌كان هه‌ن، تا ئێسته زیاتر له 120 جار ئه‌م رۆمانه بووه‌ته ئیلهامى فیلم. جگه له‌مه‌یش، ئیلهامێك بووه بۆ چه‌ندان ده‌قى تر‌ى ئه‌ده‌بى.
ئه‌م رۆمانه باس له زانایه‌كى سویسرى ده‌كات به ناوى فرانكشتاین، ئه‌و زانایه له ته‌مه‌نى منداڵى له‌ناو خێزانێكى به‌خته‌وه‌ر ژیاوه و خوێندنێكى چاكى هه‌بووه، هه‌میشه خه‌یاڵى ئه‌وه‌ى هه‌بووه رۆژێك داهێنانێكى گه‌وره بكات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو مرۆڤه‌كان سه‌رسام بكات، به‌ڵام هیچ بیرۆكه‌یه‌كى نییه ئاخۆ داهێنانه‌كه‌ى چى ده‌بێت.
رۆژگارێك دێ گه‌وره ده‌بێت، دایكى ده‌مرێت و دواى مردنى دایكى كاتى ئه‌وه هاتووه بچێته ئه‌ڵمانیا بۆ ئه‌وه‌ى بخوێنێ، له‌وێ رێكه‌وتى كۆمه‌ڵێك زاناى گه‌وره‌ى كیمیا و زانسته‌كانى تر ده‌كات، بۆیه ئه‌م خوێندنه‌ى به ده‌رفه‌ت ده‌زانێ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ونه‌كه‌ى به‌ده‌ست بێنێ، یه‌كێك له مامۆستاكانى تاقیگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه و ده‌رفه‌ت به فرانكشتاین ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه و كاره زانستییه‌كانى له‌و تاقیگه‌یه بكات.
فرانكشتاین لێره‌وه ده‌كه‌وێته كاركردن بۆ هێنانه‌دى خه‌ونه‌كانى، ته‌نانه‌ت هه‌واڵ و نامه‌ى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و ئه‌لیزابێسى ده‌ستگیرانى بیر ده‌چێته‌وه. به‌ڵام داهێنانه‌كه‌ى ئه‌و چییه و بیر له چى بكاته‌وه؟ لێره‌وه گرنگى بابه‌تى رۆمانه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌و بڕیار ده‌دات كار بۆ ئه‌وه بكات ژیان به به‌ر زینده‌وه‌رێك بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ى له ڕووى كرده‌نییه‌وه مه‌حاڵ و ئه‌سته‌م بێت، كۆمه‌ڵێك پرسیارى تر‌ى له‌لا دروست ده‌كات، له‌وانه پرسیاری ژیانى جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌كات، ئایا میكانیزمى كاركردنى جه‌سته‌ى مرۆڤ چییه؟ چۆن ژیان ده‌چێته جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه؟.
وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه سه‌خته و كارێكى زۆرى ده‌وێت، به‌ر له هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وه‌ى نهێنییه‌كانى ژیان ئاشكرا بكات، ده‌بێ زیاتر له‌باره‌ى مردنه‌وه فێر بێت. "بیركردنه‌وه له مردن" ئه‌مه بیرۆكه‌یه‌كى پڕ له خه‌مه، به‌ڵام لۆجیكییه، چونكه هۆكارێكه بۆ تێگه‌یشتن له ژیان.
فرانكشتاین به‌م جۆره ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه له جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌كات و بۆ ئه‌وه‌ى بزانێ ئه‌و كاته‌ى جه‌سته ژیان جێده‌هێڵێ، چى به‌سه‌ر دێت؟ تاكه پێوه‌رى فرانكشتاین بۆ جیاكردنه‌وه‌ى و ژیان و مردن لاشه‌ى مردووه‌كانه، له گۆڕانكارییه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤ جیاوازییه‌كانى بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌یش ناچارى ده‌كات چه‌ندان شه‌و له‌ناو گۆڕ و گۆڕستان و لاشه‌ى مردوودا بمێنێته‌وه، تا تێبینى گۆڕانكارى لاشه‌كان تۆمار بكات. دواتر به خۆشحاڵییه‌وه ده‌ڵێ "ده‌توانم گیان به به‌ر مردوو بكه‌مه‌وه".
لێره‌دا پرسیارێكى تر‌ى گرنگ له زه‌ینى ده‌رده‌كه‌وێت. ئایا مرۆڤێك دابهێنێ، یان بوونه‌وه‌رێكى له شێوه‌ى ئاژه‌ڵێكى بچووك؟ فرانكشتاین ده‌ڵێ، دنیا پێویستى به هیچ ئاژه‌ڵێكى تر نییه، بۆیه پێویسته بیر له دروستكردنى مرۆڤ بكاته‌وه و مرۆڤه‌كانى تر‌ى پێ سه‌رسام بكات.
دواى چه‌ند رۆژێكى كاركردن، له‌شێك ئاماده ده‌كات و به‌گوێره‌ى زانست و دۆزینه‌وه‌كانى خۆى، گیان و هه‌ناسه به جه‌سته‌كه ده‌دات، به‌ڵام چى ده‌رده‌كه‌وێت؟ بوونه‌وه‌رێك له شێوه‌ى مرۆڤ به شێوه‌یه‌كی ناحه‌ز و دزێو. دزێوییه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كه فرانكشتاین خۆى له به‌رانبه‌ری ده‌تۆقێ. چه‌ند رۆژێك ئه‌و بوونه‌وه‌ره ون ده‌بێت، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا فرانكشتاین له ترسان له‌ناو جێ‌دا ده‌كه‌وێت.
دواى چاكبوونه‌وه‌ى له‌لایه‌ن كه‌سوكاریه‌وه نامه‌یه‌كى پێ ده‌گات و ده‌ڵێن، ولیامى براى مردووه، فرانكشتاین به په‌له ده‌گه‌ڕێته‌وه سویسرا و گومانى له‌وه نییه ئه‌و بوونه‌وه‌ره دزێوه‌ى خۆى دروستى كردووه، ده‌ستى له كوشتنى ولیامى بچووك هه‌بووه. كه‌چى یه‌كێك له خزمه‌تكاره‌كانى ماڵى باوكى كه كچێك بووه به ناوی "جاستین"، به كوشتنى ولیام تۆمه‌تبار ده‌كرێت.
ئه‌مجاره بوونى فرانكشتاین رووبه‌ڕووى ته‌نگژه‌یه‌كى ئاكارى سه‌خت ده‌بێته‌وه. چونكه ئه‌و له تاوانێك بێده‌نگه كه راستییه‌كه‌ى ده‌زانێ، هه‌روه‌ها ده‌بێ خۆیشى چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه بكات، بژارده‌یه‌ك كه له به‌رده‌ستیدایه ئه‌وه‌یه بیكوژێت. ئایا دروستكردنى خراپتر بوو یان كوشتنى؟.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، مارى شیلى له رۆمانه‌كه‌ى ناوى له‌م بوونه‌وه‌ره نه‌ناوه، به‌هۆى وه‌رگێڕانه‌كانیشه‌وه چه‌ندان ناو بۆ بوونه‌وه‌ره دزێوه‌كه به‌كار ده‌هێنرێت، له‌وانه دڕنده، مه‌سخ (به‌دگۆڕاو) شه‌یتان، چه‌ندان وشه‌ى تر. تا ئه‌و ساته‌یش نازانین ئه‌و بوونه‌وه‌ره چۆن بیر ده‌كاته‌وه و بۆچى به‌ر له هه‌موو كه‌سێك برا بچووكه‌كه‌ى فرانكشتاینى كوشتووه.
چه‌ند جارێك فرانكشتاین رێكه‌وتى بوونه‌وه‌ره دروستكراوه‌كه‌ى ده‌كات، به‌ڵام له ده‌ست یه‌كتر را ده‌كه‌ن، تا جارێك كه فرانكشتاین ته‌نیا ده‌بێت و رووبه‌ڕووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه. دروستكراوه‌كه‌ى داوا له فرانكشتاین ده‌كات گوێى بۆ بگرێت، ئه‌ویش دواجار به ناچارى له‌گه‌ڵى داده‌نیشێ.
بوونه‌وه‌ره سه‌یره‌كه ده‌ڵێ، "دوو ساڵه ده‌بینم كامه‌رانى ده‌وروبه‌رى منى داپۆشیوه، خه‌ڵك خۆشه‌ویستى ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌س منى خۆش ناوێ، له میانه‌ى چاودێرى خه‌ڵك فێرى قسه‌كردن و نووسین و بیركردنه‌وه بووم، به‌ڵام هێشتا ئه‌وان من ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه".
دواتر پرسیارێكى سه‌یر و سه‌رنجڕاكێش له فرانكشتاین ده‌كات و ده‌ڵێ، "من ته‌واو له‌و دنیایه ته‌نیام، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى دروستكه‌رم بووه رقى له من بێته‌وه، چۆن چاوه‌ڕوانى پێچه‌وانه‌ى ئه‌و هه‌سته له كه‌سانى تر بكه‌م؟".
ئیتر دروستكراوه‌كه‌ى فرانكشتاین له‌ماوه‌ى ئه‌و دانیشتنه باسی ته‌واوى به‌سه‌رهاته‌كانى دوو ساڵى ته‌مه‌نى ده‌كات كه چۆن به‌هۆى دزێوى و ناشیرینییه‌كه‌ى له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ره‌ت كراوه‌ته‌وه، بۆ هه‌ر شوێنێك چووه ده‌ریان كردووه. ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك به نهێنى یارمه‌تى خێزانێكى هه‌ژارى داوه، چاودێرى كردوون و خوازیارى ئه‌وه بووه ببێت به ئه‌ندامێك له خێزانه‌كه‌یان، كه‌چى ئه‌وانیش رۆژێك كه رووخسارى ده‌بینن ده‌رى ده‌كه‌ن، ناشزانن ئه‌و كه‌سه بووه پێشتر به نهێنى هاوكارى ئه‌وانى كردووه.
دواى ته‌واوكردنى به‌سه‌رهاته‌كانى، بوونه‌وه‌ره دروستكراوه‌كه داوای ئه‌وه له فرانكشتاین ده‌كات، ژنێكى هاوشێوه‌ى خۆى بۆ دروست بكات.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ى بۆ بكات، ئه‌وا هه‌ردووكیان به یه‌كه‌وه ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر فرانكشتاین ئه‌و كاره‌ى نه‌كرد، ئه‌وا تاكه تاكه‌ى ئه‌ندامه‌كانى خێزانى فرانكشتاین ده‌كوژێت.
فرانكشتاین به‌ڵێنى پێ ده‌دات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش روو ده‌كاته به‌ریتانیا، به‌ڵام له‌وێ له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى بۆ دروستكردنى ژنێك، كۆمه‌ڵێك پرسیاری دێته پێش و له بڕیارى دروستكردنه‌كه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه. له‌وانه: ئه‌م ژنه نازانێ له‌پێناو كه‌سێكى تر دروست كراوه؟ چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر یه‌كتریان خۆش نه‌ویست؟ ئه‌ى چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئاماده نه‌بوو له‌گه‌ڵى بڕوات؟.
واته به كورتى ئه‌و پرسیارانه‌ى فرانكشتاین له دروستكراوى یه‌كه‌م بیرى لێ نه‌كردبووه‌وه، ئه‌مجاره به‌شێوه‌یه‌كى رژدتر بیر لێ كرده‌وه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی دزێوه‌كه كه چاوه‌ڕوانى ده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كات كه كه‌سانى تر‌ى خۆشه‌ویست له ژیانى فرانكشتاین ده‌كوژێت. دواجاریش وا ده‌كات و ده‌ستگیرانه‌كه‌ى ده‌كوژێت.
ئه‌وان به‌دواى یه‌كتر را ده‌كه‌ن تا ده‌گه‌ن به جه‌مسه‌رى باكورى زه‌وى، له‌وێ فرانكشتاین گیان له ده‌ست ده‌دات و ده‌مرێ، بوونه‌وه‌ره دزێوه‌كه جارێكى تر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر لاشه‌كه‌ى و ئه‌وجاره ده‌گری و ده‌ڵێ، "تۆ زۆر قه‌رزارى منی، من هى ئه‌و دنیایه نیم، بوونى من هه‌ڵه‌ى تۆیه". ئیجا خۆى له‌ناو ده‌بات.
وه‌ك له سه‌ره‌تایشه‌وه ئاماژه‌ى بۆ كراوه، جیا له‌و خه‌یاڵه‌ى رۆمانه‌كه‌ى خوڵقاندووه، كۆمه‌ڵێك پرسیارى زۆر فه‌لسه‌فى له ناو رۆمانه‌كه‌دا هه‌ن كه گرنگى رۆمانه‌كه زیاتر ده‌كه‌ن.
ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له توێژه‌ران پێیان وایه ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه مارى شیلى نووسه‌ر و گه‌نج له‌م رۆمانه‌دا تاوتوێى كردوون له‌باره‌ى شوناسى مرۆڤ، هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه له فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانه‌وه مشتومڕى له‌سه‌ر كراوه.