هێرش دەكرێتە سەر خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان

:: AM:08:27:13/10/2019 ‌
لە سنووری گەرمیان دوای كۆبوونەوەی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لەگەڵ لایەنگرانیان لەلایەن چەند كەسێك هێرش دەكرێتە سەریان و بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو كارە بە پلانێكی پێشوەختە دەزانێت.

‎ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی تشرینی یەكەم، ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كەلار بڵاوی كردووەتەوە، رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سەردانی كەلاریان كرد و بەنیاز بوون لە هۆڵی بۆنەكان لەگەڵ هەڵسوڕاوانی دەڤەرەكە گفتوگۆ بكەن، بەڵام زۆر بەداخەوەو دوور لە رەوشتی بەرزی گەرمیانییەكان و گۆڕانخوازان، چەند كەسێك كە بەنیازی تێكدەرانە هاتبوون.

بە دەمانچە و چەقۆ و بۆمبی دەستی و دەمانچەی تەزووی كارەبایی، ئارامی هۆڵەكەیان تێكدا 

ڕوونكراوەتەوە، كەسانێك كەشوهەوای كۆبوونەوەكەیان تێكداو هێرشی ناڕەوایان كردە سەر میوانەكان و هەڵسوڕاوانی بەشدار بوو، ئەو گروپە كە چەند رۆژێكە پلان بۆ ئەو كارە تێكدەرانەیان دائەنێن، بە دەمانچە و چەقۆ و بۆمبی دەستی و دەمانچەی تەزووی كارەبایی، ئارامی هۆڵەكەیان تێكداو بەشێك لە كەرەستەو كەلوپەلی هۆڵەكەیان شكاند. 

ئاشكرا كراوە، ئێمە لە كاتێكدا لەگەڵ هەموو جۆرە رەخنەیەكی بنیاتنەرانەین، بەڵام ئەو كارە بە هەنگاوێكی تێكدەرانەی نامۆ و گوماناوی ئەزانین و ناچارین هەمو رێكارێكی یاسایی دژ بەو كەسانەو هاندەرەكانیان بگرینەبەر.

لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكە هاتووە، بەدڵنیاییەوە هاندەر و پلانداڕێژەرانی ئەو كردەوە تێكدەرانە جگە لە ریسوایی و داڕوخانی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی، هیچ ئاكامێكی تر بەدەست ناهێنن و كۆبوونەوەكەش لەپاش قسەیەكی كورتی رێكخەری گشتی و لەنێو چەپڵەرێزان و دروشم وتنەوەی هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكانی گۆڕان كۆتایی هات.



وشە - رامیار جەواد