شەهێن جەمال: رووخسارم بۆ ئەوە گونجاوە رۆڵی تراجیدی ببینم

:: AM:09:01:13/10/2019 ‌

شەهێن جەمال كچە ئەكتەرێكە ماوەی چەندان ساڵە بێ دابڕان لە بواری شانۆ و دراما و كورتە فیلم رۆڵ دەبینێ. ئەو لەم دیمانەیەی "وشە"دا باس لە ئەزموونی هونەریی خۆی دەكات و دەڵێ، رووخسارم زیاتر بۆ ئەوە گونجاوە لە درامای تراجیدیدا رۆڵ ببینم.
 

لە كەیەوە دەستت كردووە بە كاری هونەری؟

لە ساڵی 2004ـەوە دەستم كردووە بە كاری هونەری و و تا ئێستە بەردەوامم. ساڵی 2003 هاوسەرگیریم لەگەڵ هونەرمەند و دەرهێنەری كورد "كاروان ئاوات" كردووە و خاوەنی دوو منداڵم بە ناوەكانی شەنیار و ژابان.

ئەو كارە هونەرییانە چین بەشداریت تێدا كردوون؟

كارە هونەرییەكانم بریتی بوون لە كورتە فیلم و فیلمی سینەمایی و دراما و ڕێكلام، لە چەند كلیپێكیشدا بەشداریم كردووە، هاوكات لە سێ شانۆگەریدا بەشدار بووم. 
لە یەكەمین كاری هونەریمدا خەڵاتی باشترین ئەكتەرم بە دەست هێناوە

لە یەكەمین كاری هونەریمدا خەڵاتی باشترین ئەكتەرم بە دەست هێناوە كە یەكەم هەنگاوم بوو، دواتریش لە چەند وڵاتێك بۆ فێستیڤاڵی هونەری بانگهێشت كرام.

هونەر لەلای تۆ چی دەگەیەنێت؟

هونەر داهاتێكی بە نرخە، ئەو داهاتەیش ناساندنی هونەرمەندە بە بینەر، ئەگەرنا سوودێكی ئەوتۆی دارایی نییە، بەڵام حەز و خولیا وا لە مرۆڤ دەكات بەردەوام بێت لە هونەرەكەی و ئامادەم هەموو ڕۆڵێك ببینم بە مەرجێك لە چوارچێوەی نەریتی كۆمەڵگەكەمدا بێت.

ئاستی درامای كوردی چۆن دەبینی؟

بەهۆی تەنگژەی داراییەوە وردە وردە خەریكە كاری دراما لە كوردستاندا كز دەبێت و بەرەو نەمان دەچێت، لەبەرئەوەی وەزارەتەكان دەستی هونەرمەندانیان نەگرتووە بۆ كاری دراما.

حەز دەكەی لە درامادا زیاتر چ ڕۆڵێك ببینی؟

ڕووخسارێكی گونجاوم هەیە بۆ درامای تراجیدی و كەمتر دەتوانم لە ڕۆڵی كۆمیدیادا سەركەوتوو بم.

هۆی چییە ماوەیەكە كەمتر لە شاشە دەردەكەوی؟

بەهۆی ئەوەی تا ئێستە كارێكی بەپێی پێویست بە دڵی من نەكراوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی بودجەوە كەمتر دەردەكەوم، بەداخەوە كەناڵە كوردییەكانیش كەمتر درامای كوردی پەخش دەكەن و بۆ هەر كارێكیش پێویستیت بە سپۆنسەر دەبێت، ئێستە كەمتر كۆمپانیاكانیش سپۆنسەری كارە هونەرییەكانی هونەرمەندان دەكەن.

هەست ناكەی بەرەو پێشچوونێك هەیە؟

بەخۆشحاڵییەوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو هونەری كوردی لە پێشكەوتندایە و ژنانیش ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەو پێشكەوتنەدا.


بە كام لە هونەرمەندە كوردەكان سەرسامی؟

زۆر سەرسامم بە هونەرمەند ماهیر حەسەن، لەبەرئەوەی هونەرمەندێكە هەم ئەكتەری درامایە و هەم شانۆ.

هیچ بەرهەمێكی نوێت هەیە؟

بەمنزیكانە لە درامای "ئەرخەوان" بەشداری دەكەم كە لە دەرهێنانی كاروان ئاوات.

وشە/دیمانەی شادان بەكر




















وشە - وشه‌