حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان ڕه‌خنه‌گری سینه‌ما، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه سینه‌مای كوردی به گرته‌ی ورووژێنه‌ر پێش ناكه‌وێت. به‌تایبه‌ت ره‌خنه له‌وه ده‌گرێت كه "كچه ئه‌كته‌رێكی كورد بۆ یه‌كه‌مجار ده‌خه‌نه به‌رده‌م كامێرای سینه‌ما و له‌بری ئه‌وه‌ی له ڕووی هونه‌رییه‌وه دروستی بكه‌ن و هانی بده‌ن، گرته‌ی ورووژێنه‌ری وه‌ك ماچی پێ ده‌كه‌ن، ئیتر كۆمه‌ڵگه ڕسوای ده‌كات و ئه‌م بوێرییه‌ی نابێت توخنی سینه‌ما بكه‌وێته‌وه".
حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان بۆ "وشه" ده‌ڕوانێته گرفته‌كانی سینه‌مای كوردی و پێی وایه، "ئه‌گه‌ر ئامانج له دروستكردنی گرته‌ی ورووژێنه‌ر وه‌ك ماچ به پاساوی ده‌رچوون له داونه‌ریت و گۆڕانكاری له فۆڕم بێت، ئه‌وه ئێمه له سینه‌مای كوردی دووچاری ده‌یان كۆسپی هونه‌ری ده‌بین كه ته‌كنیكی سینه‌مایی وه‌ك بۆشاییه‌كی گه‌وره ده‌رده‌كه‌ون، به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بۆشاییانه ڕه‌نگه بتوانین پێشكه‌وتنی سینه‌ما له كوردستان دروست بكه‌ین كه تا ئێسته نیمانه و ناتوانین بڵێین خاوه‌نی سینه‌مای كوردین."
به‌بۆچوونی عه‌بدولره‌حمان ئه‌م وڵاتانه‌ی ئاستی هۆشیاری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تییان تێدا دیاری كراوه، ناتوانن سنووره ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێپه‌ڕێنن و هه‌میشه سانسۆریان له‌سه‌ره.
"ئێران یه‌كێكه له‌م وڵاتانه‌ی له ڕووی هونه‌ری سینه‌ماوه زۆر پێشكه‌وتووه، به‌ڵام تا ئێسته هێڵی سووری نه‌به‌زاندووه و ورووژاندنی نه‌خستووه‌ته ئه‌و قاڵبه زه‌قه‌ی به فۆڕمێكی نامۆ ده‌رده‌كه‌وێت له سینه‌مادا" عه‌بدولڕه‌حمان وای گوت.
بینه‌ر به ته‌نیا به گرته‌ی ورووژێنه‌ر سه‌رنجی ڕاناكێشرێت
ئه‌و هونه‌رمه‌نده، له‌باره‌ی گرینگی سیمای ئه‌كته‌ر له سینه‌مادا ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه بینه‌ر به ته‌نیا به گرته‌ی ورووژێنه‌ر سه‌رنجی ڕاناكێشرێت، به‌ڵكو زۆرجار ڕووخساری جوانی ئه‌كته‌ر و نواندنی به‌هێزی ئه‌كته‌ر، كاریگه‌رتر ده‌بن له گرته‌ی بێ گیان و دروستكراودا، زۆر له به‌رهه‌مه گه‌وره‌كانی دنیا به‌م دوو توخمه‌ی ڕووخسار و نواندن خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی جیهانییان وه‌رگرتووه و خاوه‌نی زۆرترین بینه‌رن.
دووپاتیشی كرده‌وه "له سه‌رده‌مێكی وه‌ك ئێسته، به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌رانی كورد ئه‌لته‌رناتیڤی به‌هێزتریان له جیاتی ورووژاندن هه‌یه كه هاوفكره له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی هونه‌ری سینه‌ما و عه‌قڵیی بینه‌ری نوێی سینه‌مای كوردی".
وشه/ گه‌رمیان گلی