لە خانەقین كۆڕبەندێك بۆ بەرگرتن لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكرێت

:: PM:02:58:13/10/2019 ‌

 

لەدوای ئەو بۆشاییەی لە نێوان خەڵكی خانەقین و دەزگا تەناهییەكان دروست بوو دوای لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بۆ یەكەمجار كۆڕبەندێك ناوبژیوانی نێوان خەڵك و هێزە تەناهییەكان بەتایبەت پۆلیس دەكات بۆ بەرگرتن لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكان.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ی تشرینی یەكەم، لەمیعە محەمەد ئەندامی كۆڕبەندەكە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئەنجامی زۆربوونی دیاردە و كێشە كۆمەڵایەتییەكان، پێویستی كرد لە خانەقین وەك ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كۆڕبەندێكی تایبەت بە ناوەندگیری و پردی پێوەندی نێوان داودەزگا تەناهییەكان و خەڵك هەبێت بۆ بەرگرتن لەو دیارە و كێشە كۆمەڵایەتییانە.

ئەو كۆڕبەندە دەسەڵاتی لێدوان و بەشدارییان دەبێ لە هەر كێشەیەكی پێوەندیدار بە خەڵكی خانەقین

روونی كردەوە، كێشە و دیاردە كۆمەڵایەتییەكان وەك بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی سێكسی و زۆر دیاردەی ناپەسەندی تر لەناو شارەكەدا.

"رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی بە هاوئاهەنگی پارێزگای دیالە و بە ئاگاداری ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، پشتگیری ئەم كۆڕبەندەی كردووە كە ئێمە كاری بۆ دەكەین و چالاك و رۆشنبیرانی خانەقین تیایدا بەشدارن و هاوشێوەی پۆلیس هاوئاهەنگ بێ لەگەڵ دەزگا تەناهییەكان، بۆ ئەوەی پردی پێوەندی بێت لە نێوان خەڵك و دەزگا تەناهییەكان". لەمیحە محەمەد وای گوت.

دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان وەك ئەندامەكانی كۆڕبەندەكە سەرجەمیان كوردن، لە ئەمڕۆوە بە تەواوەتی لەگەڵ دەزگا حكوومییەكان و پۆلیس، دەست بە خۆناساندن و بەدواداچوونەكانیان دەكەن بۆ ئەو بابەتانەی پێوەندی بە خەڵك و پۆلیسەوە هەبێ، وەك سكاڵا و كێشەی كۆمەڵایەتی و ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەكەن.

لەمیعە محەمەد ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات،  لەسەر پرسە تەناهی و كۆمەڵایەتییەكانی پێوەست بەخانەقین ئەو كۆڕبەندە دەسەڵاتی لێدوان و بەشدارییان دەبێ لە هەر كێشەیەكی پێوەندیدار بە خەڵكی خانەقین.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی

 



وشە - هیدایه‌ت جان