"پێشمەرگە و سوپا بە ئیمتیازەكانیانەوە یەك دەخرێن"

:: PM:07:11:13/10/2019 ‌
وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی عێراق لە بەغدا، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام دا و دووپاتیان كردووە كە هەوڵی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەدەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش و هەموو ئیمتیازەكانی سوپا و پێشمەرگەیش یەك دەخرێ‌.

پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپای عێراق دادەنرێ و لە هەوڵی یەكخستنیانین
ئەمڕۆ یەكشەم 13ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، هەندێك كێشە هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا پێوەست بە پێشمەرگە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی كوردستان هەوڵی چارەسەری دەدەین. ڕوونیشی كردەوە كە پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپای عێراق دادەنرێ و لە هەوڵی یەكخستنیانین.

لای خۆیەوە شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، شاندی وەزارەتی بەرگری عێراقیش دێنە كوردستان بۆ ئەوەی چەند كێشەیەك چارەسەر بكەین و هەموو داواكارییەكانی كورد لە شێوەیەكی ئەرێنی پێشوازی لێ كراوە.

ئاماژەی بەوەیش كرد، داوا كراوە ئیمتیازی پێشمەرگە وەك سوپای عێراقی لێ‌ بكرێ‌ و هەموو شەهیدەكانی شەڕی داعشیش هاوشێوەی شەهیدەكانی بەغدا بن، بۆیە بۆ ئەو پرسانە كۆبوونەوەی تر بەردەوام دەبێ.

ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان ئەوە ئەو بۆشاییە تەناهییەی هەیە بەردەوام دەبێت
لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان وەزیری پێشمەرگە گوتی، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان ئەوە ئەو بۆشاییە تەناهییەی هەیە بەردەوام دەبێت و ئەوەیش دەرفەت بە دروست بوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەكان دەدات.

لەبارەی سووریاش هەردوو وەزیری پێشمەرگە و وەزیری بەرگری ڕایان گەیاند، شەڕ لە هەموو شوێنێك ماڵوێرانە دەهێنێت و پێویستە ڕابگیرێ.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ وەزیری بەرگری كۆبوونەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم