سوپای سووریا بەرەو منبەج جموجۆڵ دەكات

:: PM:07:27:13/10/2019 ‌

ئاژانسەكانی هەواڵ باسی جموجۆڵی سوپای سووریا لە ناوچەكانی دەوروبەری شاری منبەج بەرەو سەنتەری شارەكە دەكەن، روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو جموجۆڵە تاكلایەنەیە.

ئەمڕۆ مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند كە زانیاریمان هەیە كە توركیا نیازی وایە زیاتر لەوەی پلانی بۆ داناوە پێشڕٍەوی بكات لەناو خاكی سووریا، هەروەها ئەوشمان زانی كە هێزەكانی سووریای دیموكرات هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێك لەگەڵ سووریا و رووسیا دەدات، بەمەبەستی ئەنجامدانی هێرشێكی پێچەوانە بۆ سەر توركەكان لە باكوری ئەو وڵاتە.   

وەك ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیك"ی رووسی باسی دەكات، سەرچاوەیەكی سەربازی ئاماژەی كردووە كە یەكە سەربازییەكانی سوپای حكوومەتی سووریا لە دەوروبەری مینبەجەوە بەرەو سەنتەری شارەكە پێشڕەوی دەكەن، زیاتر گوتی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەتان سەربازی سووریا بەرەو منبەج رۆیشتوون بۆ چوونە ناوییەوە.
 
رێككەوتنی سەرەتایی لەبارەی سەرێ كانی هەیە
سەرچاوەكە روونی كردەوە كە هەروەها رێككەوتنێكی سەرەتایی لە نێوان رووسیا و سوپای سووریا لەلایەك و هێزەكانی سووریای دیموكرات هەیە بۆ هاتنی چەند یەكەیەكی سوپای سووریا و پۆلیسی رووسیا بۆ ناو سەرێ كانی لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوو. 

سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە رێككەوتننەكە بریتییە لەوەی سوپای سووریا بەچەكی قوڕسەوە بچێتە ناو منبەج و ئاڵای سووریا لەسەر شارەكە بەرز بكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل