وەزیری دارایی عێراق باسی ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:12:07:14/10/2019 ‌
وەزیری دارایی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری ئاشكرای دەكات، هانی بانكەكانی عێراق دەدەین لە هەرێمی كوردستان لقیان بكەنەوە و پێوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تەنیا مووچە نییە.

ئەمڕۆ دووشەم 14ـی تشرینی یەكەم، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و ئابووری عێراق كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیشە بۆ كاروباری ئابووری، لە بەشداركردنی كاری پیاوانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە هەولێر گوتی، پێویستە عێراق سوود لە كاری پیاوانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، چونكە پیاوانی كار لە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی باشتریان هەیە و لە ساڵی 1991 سەرقاڵن.

پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت زۆر لەوە بەرزتر بێت تەنیا لە چوارچێوەی مووچە كۆ بكرێتەوە 

وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای كرد، پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت زۆر لەوە بەرزتر بێت تەنیا لە چوارچێوەی مووچە كۆ بكرێتەوە، بەڵكو پێویستە كۆبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا بەرداوامی هەبێت و سەردانی شاندەكان هەبێت.

ئاشكرای كرد، هانی بانكەكانی عێراقیش دەدەین لە هەرێمی كوردستان لقی خۆیان بكەنەوە و كار بكەن تا ئاستی كارەكان زیاتر بەرەوپێش بچێت.

ئەو گوتانەی وەزیری دارایی عێراق لە كاتێكدایە پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو لە ڕێككەوتن نزیك بوونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد