ناوی هیچ گەندەڵكارێك بۆ پەرلەمان نەنێردراوە

:: PM:02:02:14/10/2019 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەلایەن دەستەی دەستپاكی هیچ ناوێك ئاراستەی پەرلەمان نەكراوە ناویان بە گەندەڵ هاتبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی تشرینی یەكەم، دابان محەمەد ئەندامانی لیژنەی دەستپاكی و كاروباری پەرلەمان و سكاڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەكو لیژنە ئەوەی بۆمان نێردراوە هیچ ناوێك نییە بەناوی كەسی گەندەڵكار.

تەنیا راپۆرتێك هەیە و ناوی هیچ كەسێكی تێدا نەهاتووە 
ئەندامی لیژنەی دەستپاكی و كاروباری پەرلەمان و سكاڵا گوتی، تەنیا راپۆرتێك هەیە و ناوی هیچ كەسێكی تێدا نەهاتووە.

ڕوونی كردەوە، تا ئێستە ئەو دەستەیە دوای سزادانی گەندەڵكارانیش ئامادە نەبووە ناوەكانیان ئاشكرا بكات، بۆیە ئێستە خەرجی ئەو دەستەیە زیاترە لەو پارانەی گەڕاندوویانەتەوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە شیرین ئەمین سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی و كاروباری پەرلەمان و سكاڵا كرد وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ماوەی دوو ڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لیستێك بڵاو كراوەتەوە كە چەند وەزیرێكی پێشوو و چەند بەرپرسێكی باڵای تێدایە و باس لە تێوەگلانیان لە گەندەڵی دەكرێت.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی چڕ كار لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی دەكات و پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچەی پلە باڵاكان یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو بە پەرلەمان بدرێت، بەمەش جیاوازی مووچە كەم دەكرێتەوە.




وشە - رامیار جەواد