له دوایین توویتدا، دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بهرهڵابوونى تیۆریستانى داعش و خێزانه‌كانیان ده‌خاته ئه‌ستۆى هێزه كوردییه‌كان و پێیوایه ئه‌وان بۆ ناچاركردنى ئه‌مه‌ریكا به گێڕانه‌وه‌ى هێزه‌كانى بۆ سووریا ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
له‌وه‌ته‌ى دۆناڵد تره‌مپ بووه‌ته سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، به به‌زمى توویتهرهكهى به‌ناوبانگه و ته‌نانه‌ت ئه‌م توویتانهى بڵاوى ده‌كاته‌وه، زۆرجار به‌رپرسانى تر‌ى ئه‌مه‌ریكایان خستووه‌ته حاڵه‌تى شه‌رمه‌زارییه‌وه، چونكه ناوه‌ڕۆكى هه‌ندێك له توویتهكان زۆر دوور یان پێچه‌وانه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته‌ن كه وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و به‌رگرى ئه‌مه‌ریكا له سه‌رانسه‌رى دنیا په‌یڕه‌ویان كردووه.
پێشتر ره‌خنه له‌سه‌ر توویتهكانى دۆناڵد تره‌مپ هه‌بوو، گومانى ئه‌وه‌یش هه‌بوو تره‌مپ وه‌ك جۆرێك له سه‌رگه‌رمى توویته‌ر به‌كاربهێنێ، چونكه ناوه‌ڕۆكى توویتهكانى هه‌ندێك جار گاڵته‌جاڕى و هه‌ندێك جار ناجێگیر و ته‌نانه‌ت زۆرجاریش هه‌بووه بێ سه‌روبه‌ر بووه دوور بووه له سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا.
به‌گوێره‌ى بۆچوونى چاودێرانى سیاسى ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان له هه‌موو جارێك ناجێگیریى بۆچوونه‌كانى دۆناڵد تره‌مپ زه‌قتر ده‌ركه‌وتووه كه له توویتهكانى سه‌رچاوه ده‌گرێت.
رۆژى چوارشه‌مى رابردوو نۆى تشرینى یه‌كه‌م، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا، واده‌ى ده‌ستپێكردنى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان راگه‌یاند، به‌ر له‌وه به چه‌ند رۆژێك واته له رۆژى شه‌موو به‌یاننامه‌یه‌كى كۆشكى سپى بڵاوكرایه‌وه تێیدا هاتووه، ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانى خۆى له‌سه‌ر سنوور ده‌كێشێته‌وه، چونكه توركیا ئۆپراسیۆنێك ده‌ست پێ ده‌كات.
ئه‌مجاره زۆر به زه‌قى بێ سه‌روبه‌رى به هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكاوه دیاره
دوا به‌دواى ئه‌وه دۆناڵد تره‌مپ زنجیره‌یه‌ك توویتى بڵاوكرده‌وه، تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه، وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكى به‌ریتانى پێشتر باسى كربوو، هیچ كه‌سێك ناتوانێ هه‌ڵوێستێكى روون له‌م كۆمه‌ڵه توویته وه‌ربگرێت. ماڵپه‌ڕى BBC یش له راپۆرتێكدا باس له‌م هه‌فته‌یه‌ى تره‌مپ ده‌كات و پێیوایه تره‌مپ ئه‌م جاره تێوه‌گڵاوه و نازانێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه‌ى توركیا بكات.
له راپۆرته‌كه‌دا ماڵپه‌ڕى BBC ى به‌ریتانى ئاماژه بۆ كۆمه‌ڵێك توویت ده‌كات كه دۆناڵد تره‌مپى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، كه هه‌موویان ناجێگیرین.
له‌وانه رۆژى یه‌كشه‌مى رابردوو دۆناڵد تره‌مپ گوتى كورد پاره و چه‌كێكى زۆریان له ئه‌مه‌ریكا وه‌رگرتووه و خۆشیان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه ده‌بێت كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌و كاته دۆناڵد تره‌مپ ده‌یه‌ویست داكۆكى له كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بكات له‌سه‌ر سنووره‌كانى توركیا.
دواتر رۆژى دواتر واته رۆژى دووشه‌مى هه‌فته‌ى رابردوو له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز به‌رده‌وام بوو به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى نه‌رمتر، دۆناڵد تره‌مپ گوتى "له‌و شوێنه شه‌ڕ ده‌كه‌ین كه به‌رژوه‌ندى ئێمه‌ى لێ بێت، ته‌نیا بۆ بردنه‌وه‌یش شه‌ڕ ده‌كه‌ین". دواتر گوتى " بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ ململانێى توركیا و كوردمان راگرتووه، ئێسته كاتى هاتووه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌م جه‌نگه بچێته ده‌ره‌وه".
رۆژى سێشه‌مى رابردوو دۆناڵد تره‌مپ له توویتهرهكهى ئه‌م جاره به‌ڕووى توركیا وه‌ستایه‌وه و گوتى "ئه‌گه‌ر توركیا سنوور ببه‌زێنێ، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا ئابووریى توركیا وێران ده‌كات". به‌ڵام رۆژى دواتر واته رۆژى چوارشه‌م كه توركیا تێیدا هێرشه‌كه‌ى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان ئه‌نجام دا، تره‌مپ له توویتێك ساتیشى توركیاى كرد و وه‌ك هاوبه‌شێكى گرنگى بازرگانى ئه‌مه‌ریكا وه‌سفى كرد.
رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو جارێكى تر تره‌مپ بۆ لاى كورد بای دایه‌وه، گوتى "ئه‌وانم خۆشده‌وێ، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا به‌رگرى له خاكى خۆیان ده‌كه‌ن و هاوكارى ئه‌مه‌ریكایان نه‌كردووه، بۆ نموونه له جه‌نگى دووه‌مى جیهان".
له پێنج رۆژ تره‌مپ پێنج جار هه‌ڵوێستى له به‌رانبه‌ر توركیا و كورد گۆڕیوه
ماڵپه‌ڕى
BBC ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ى دواى ئه‌مه رووى داوه، بریتییه له زنجیرییهك لێدوان و كۆمێنتى سه‌رۆك تره‌مپ كه زۆرجار دژ بهیهكترن، هه‌ندێكیان بانگه‌وازن بۆ وه‌ستاندنى شه‌ڕ، هه‌ندێك ئاگاداركردنه‌وه‌ى توركیایه له ئه‌نجامى ترسنا، هه‌ندێكى تر پێشنیارن بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتیانه
له دوایین توویتیشدا ئه‌مڕۆ دووشه‌م 14ى تشرینى یه‌كه‌م، دۆناڵد تره‌مپ توویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه، هێزه كوردییه‌كان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه خۆیان به ئه‌نقه‌ست تیرۆریستانى داعشیان به‌ره‌ڵا كردووه، بۆئه‌وه‌ى گوشار بخه‌نه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا تا ناچار بێت هێزه‌كانى خۆى له سوریا نه‌كێشێته‌وه، تره‌مپ دووپاتى ده‌كاته‌وه ئه‌مه‌ریكا نابێته به‌شێك له‌و ململانێیه‌ى له نێوان توركیا و كورد هه‌یه.
ئه‌و تووێتهى تره‌مپ داواى ئه‌وه دێت كه سه‌دان تیرۆریستى داعش له كامپ و زیندانهكانى هه‌سه‌ده رایانكردووه.
ماڵپه‌ڕى
BBC ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كۆى هه‌ڵوێسته‌كانى دۆناڵد تره‌مپ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى توركیا، ناڕه‌زایى به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكاى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، ئه‌وان نازانن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه بكه‌ن. هۆكارى نیگهرانییهكهى ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌م ماڵپه‌ڕه ئاماژه‌ى بۆ كردووه، ئه‌وه‌یه بڕیاره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ئه‌مه‌ریكا له به‌رژوه‌ندى هێرشه‌كه‌ى توركیا بووه كه كاره‌ساتى مرۆیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، جیا له‌مه‌یش بێ راوێژى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانى بیانى دراون.