ئەحمەد نەبەز لە پۆڵۆنیا "ڕۆژهەڵاتی تاریك"ی كردەوە

:: AM:08:56:17/10/2019 ‌

ئەحمەد نەبەز /٣٣ ساڵ/ كە شێوەكارێكی زۆر دیاری هەولێرە. دەرچووی بەشی شێوەكاریی پەیمانگە و كۆلێژی هونەرە جوانەكانە. خاوەنی سێ پێشانگەی تایبەت و دەیان پێشانگەی تری هاوبەشە. ئەو خاوەنی پڕۆژەی هونەریی "وێرانكەرەكان"ـە كە لە ئاستی دنیادا دەنگدانەوەی هەبوو و بڕیار بوو ڕۆژنامەی "تایم مەگەزین" لێی بكڕێتەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی مافی كۆپی ڕایت، كارەكە سەری نەگرت. 

دوا پێشانگەی تایبەتی ئەم هونەرمەندە، لە ڕۆژی 10ی ئەم مانگە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، لەژێر ناونیشانی "ڕۆژهەڵاتی تاریك"، بە هاوكاریی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە پۆڵەندا لە شاری كڕاكۆڤ هاتە كردنەوە. بڕیارە پێشانگەكە تا سێی تشرینی دووەمی ئەمساڵ درێژە بكێشێ. "وشە" بە دەرفەتی زانی بە كورتە دیمانەیەك بەسەری بكاتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا هونەر رێیەكی باشە بۆ پێشاندانی كێشەكانمان بە دەرەوە؟ ئەحمەد نەبەز بۆ "وشە" گوتی "بێگومان باشترین ڕێ هونەرە، چونكە زمانی هونەر جیهانییە و كاریگەرە لە گواستنەوەی ڕووداو و پێشهاتەكان، هەروەها پەیامی كاری هونەریش لەسەر ئاستی مەعریفیی و بینینی تایبەتی هونەرمەندەكە وەستاوە، تا لەڕێی ماتریاڵ و شێوازی هونەری تایبەت بە خۆی پەیامەكە بگەیەنێت".

ئەو كۆمەڵی پۆڵەندایی بەراورد دەكات بە كۆمەڵی كوردستان و پێی وایە، پۆڵەندا یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە بواری هونەر و بەتایبەت هونەری گرافیك. لە تەواوی دنیادا هونەر بایەخ و بەهای زۆری هەیە. لەو وڵاتەدا تەنیا لە شارێكی وەك كڕاكۆڤ، سەتان مۆزەخانە و گەلەری هونەریی فراوان هەن و بەشێوەیەكی بەردەوام نمایشی هونەری تێدا پێشكەش دەكرێ. 
بینەری پێشانگەكەم لە ئاستێكی ئێجگار بەرزدا بوو

"بۆیە كۆمەڵی پۆڵەندایی توانیویانە تراجیدیاكانیان بە دنیا بناسێنن و بۆ نەوەكانی داهاتوویشی باس بكەن، كە لە ڕابردوو تووشی چ مەینەتییەك هاتوون" نەبەز وای گوت.

ئەو هونەرمەندە كوردە رازییە لە پێشوازی خەڵك لە پێشانگەكەی و دەڵێت، "بینەری پێشانگەكەم لە ئاستێكی ئێجگار بەرزدا بوو. هەزاران بینەر لە گشت توێژەكان، مامۆستا و پڕۆفیسۆری ئەكادیمیای هونەر ئامادە بوون و گفتوگۆی رژد لەسەر كارەكانم كرا، مایەی سەرنجی ئەوان بوو، چ لە ڕووی تەكنیك و چ لە ناوەڕۆكیشەوە". 

لەبارەی جۆری كارەكانی، نەبەز ئاماژەی دا "راستییەكەی كارەكانم زۆرتر ئیشكردن بووە لەسەر تراجیدیا، نەك ڕازاندنەوە و جوانیی، بۆیە ئەستەمە بیر لە فرۆشتنی بكەمەوە، مەگەر هەندێك بارودۆخی تایبەت هەبێ، گەلەرییەكان بیكڕنەوە، ئەگەرنا بیرم لە فرۆشتنی تابلۆكانم نەكردووەتەوە."

هەنگاوەكانی داهاتووی ئەم شێوەكارە بریتین لە بەشداریكردن لە چەند نمایشێكی هاوبەش لە وڵاتانی ئەوروپا. ئەو پێی وایە نمایشی زیاتر پێوەستە بە بوونی سپۆنسەر و پشتگیری دارایی، كە دەستخستنی ئەوەیش هەروا ئاسان نییە.

وشە/ژیار ئەسوەد









وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 253 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌