زانیاری نوێ‌ لەسەر ئامانج و خێزانەكەی ئاشكرابوو

:: PM:01:29:17/10/2019 ‌
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەڵێ کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی كارێكی خۆكوژییە، ئەوەیش بەپێی بەڵگەی پزیشكی دادوەری ئاشكرای كردووە ئامانج ئاسەواری یەك فیشەكی بەسەرەوە بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی تشرینی یەكەم، حەمید ئاسۆ شێخ بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بەڵگەكانی پزیشكی دادوەری دەری دەخەن دەمانچەیەك هەبووە لەناو ئۆتۆمبێلەكە حەوت فیشەكی تێدابووە، ئەو فیشەكانەی تەقێنراون قاوغەکانی لەناو سەیارەکە بووە، بەڵام لەناو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا چەندان گومان لەبارەی گێڕانەوەی رووداوەکە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە دروستبوو.

خۆ من لەوێ نەبووم تا بزانم کامیان لەپێشدا کوژراوە 

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ ئەوەی بڵێن تەقەی لێ كراوە و لەبارەی ئەوەی ئەگەر ئامانج کردەکەی ئەنجامدابێت رۆژنامەنووسێک پرسیاری کرد، ئایا لەپێشدا منداڵەکە کوژراوە یان لانەی هاوسەری، لە وەڵامدا بەڕێوەبەری پۆلیس گوتی خۆ من لەوێ نەبووم تا بزانم کامیان لەپێشدا کوژراوە.

شەوی ڕابردوو لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بە كوژراوی دۆزرانەوە. گومانەكان لەسەر ئەو كەیسە تا دێ زیاتر دەبێت بە جۆرێك هەندێك پێیان وایە ڕووداوەكە "تیرۆر"ە و هەندێكی تر وای دەبینن كە "خۆكوژی" بووە، بەڵام سەعاتێك دوای ڕووداوەكە دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی چەند ڕوونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوە.



وشە - رامیار جەواد