زیاتر لە 250 هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوا دێنە هەرێمی كوردستان

:: PM:01:45:17/10/2019 ‌
نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشبینی هاتنی زیاتر لە 250 هەزار پەنابەر دەكات و مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافی دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی دلاوەر ئاژگەیی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا هاتووە، سەردانی كۆمسیۆنی ئەوروپامان كرد و لەگەڵ ڕافائیلا یۆدیچی بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنەدا و ئاسیا و باكوری ئەفریقا لە بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدان و هاوكاری نێودەوڵەتی یەكێتی ئەوروپا DEVCO و هەروەها بەرپرسی دۆسیەی عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكە، نوێنەری حكوومەت هەڵوێست و نیگەرانییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر دوایین پەرەسەندنەكانی سووریا و كاریگەری لەسەر پرسی مرۆیی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان خستەڕوو لە ڕووی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی سووری و ڕەوشی مرۆیی و جووڵەی هێزەكانی سوپای سووریای ئازاد بۆ ناوچە كوردستانییەكان، لێكەوتەكان و بەرگرتن لە ئامرازەكانی توندڕەوی و مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافی ناوچە كوردنشینەكان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان چڕتر بكاتەوە بۆ دابینكردنی كۆمەكی زیاتری مرۆیی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بە گشتی.

ئەمەش گوشارێكی تر دەخاتە سەر هەرێم، بۆیە پێویستمان بە هاوكاری و هاوئاهەنگی دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپا هەیە 
پلانی فریاكەوتنی مرۆیی بۆ بەهاناوەچوونی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سووریای كە لە لایەن ناوەندی هاوبەشی و هاوئاهەنگی تەنگژەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە، خستەڕوو كە حكوومەتی هەرێم پێشبینی دەكات 250 هەزار پەنابەری سووریا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەمەش گوشارێكی تر دەخاتە سەر هەرێم، بۆیە پێویستمان بە هاوكاری و هاوئاهەنگی دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپا هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو شەپۆلەی پەنابەران.



وشە - رامیار جەواد