بنەماڵەی لانە محەمەد: ڕووداوەكە ڕووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تى بووە

:: PM:09:40:18/10/2019 ‌
دواى گیان لەدەستدانی كچەكەیان، بنەماڵەی ڕۆژنامەنوس لانە محەمەد ڕاگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە و جەختیش لەوە دەكەنەوە ڕووداوەكە رووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تى بووه‌ نه‌ك سیاسى.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕاگەیەنراوێك لە بنەماڵەی جوانەمەرگ لانە محەمەدوە..

بەناوی بنەماڵەی جوانەمەرگ لانە محەمەدەوە، سوپاس و پیزانینی بێپایانمان ئاراستەی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە هاوسۆز بوون لەگەڵمانداو بە بەرپرسیاریەتی بەرزی خۆیان لە ئازاری ئێمەیان كەمكردەوە.

هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسانی باڵای حزبی وحكومی و خزمان و دۆستانی قەدرگران كە لە دوورو نزیكەوە هاوخەممان بوون و لەسەرەتای كۆستە قوڵەكەمانەوە لەگەڵماندا بوون، جێگای رێزو پێزانینمانە.

زۆر سوپاسی تایبەتمان بۆ داموودەزگه‌ ته‌ناهییه‌كانه‌ كە ڕۆڵی پیشەییانەیان بینی و بێلایەنانە لەگەڵ كەیسەكە مامەڵەیان كرد.

سووپاسی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەتایبەت كەناڵی كوردسات و تەواوی ئەو كەناڵ و سایت و میدیایانەی تر دەكەین كە بەئاستی بەرزی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیەوە مامەڵەیان لەگەڵ كارەساتەكەماندا كرد.

ئیمە وێرای دڵتەنگی و خەمی قوڵمان لەم كۆستە ناخهەژێنە جەخت دەكەینەوە سەر ئەوەی كە كێشەی كچە نازدارەكەمان كێشەیەكی خێزانی بووە، نەك كێشەی سیاسی و پەیوەندیدار بە ئازادی رۆژنامەوانییەوە، وەك ئەوەی كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بەردەوامە لەسەر چەواشەكردنی رایگشتی و دەیەوێ‌ لەسەر حسابی ژان و ئازاری ئێمە "وەبەرهێنانێكی پۆخڵ" لەم كەیسەدا بكات، كە ئەمە جگە لەوەی بەقوڵی ئێمە بریندار دەكات لەهەمانكاتدا دژی بەهای بەرگریكردنە لە راستی و ئازادی و دادپەروەریش.

لانەخان نە یەكەم كەسبووە لە دنیادا بیەوێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوەو نە دواهەمین كەسیش دەبێت، ئەو ساڵانیك بوو ژیانێكی نەخوازراوی خێزانی بەرێدەكرد، كە سەرەنجام بەراوێژكردن لەگەڵ كەسوكارەكەی بڕیاری جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی داو كەیسەكەش نزیكەی پێنج مانگە لە دادگایەو بەهاوكاری دوو پارێزەر بەرەو یەكلابوونەوە دەرۆیشت.

ئیمە لەدوو رۆژی رابردودا زۆر هەوڵماندا ئەو چەواشەكاریە رابگیرێ‌ كە دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆڤانە، بوو بەبارێكی تر بەسەر كۆستەكەمانەوەو دەبوایە (كەناڵی ئێن ئارتی) كە لەیەكەم ساتی روداوەكەوەو لە (پزیشكی دادی) سلێمانیەوە هەڵوێستەیەكیان بكردایە، كاتێك دەیان بینی ئێمە لە (دادی پزیشكی)ەوە:

_تەرمی جوانەمەرگ و مناڵەكەمان بەجیا وەرگرتەوە.

_لە گۆرستانێكی جیاواز ناشتمانن.

_ پرسەیەكی جیاوازمان بۆدانان.

دەبوایە ئیستێكیان بكردایەو بەو گوتارە چەواشەكاریەیاندا بچونایەتەوە. 

بەداخەوە ئێمە لەمكاتەدا كە هەرتەنیا باری كۆستی كچە بەناحەق كوژراوو منداڵەكەیمان بۆ هەڵدەگیرێت، ناچار كراین ئەم رونكردنەوەیە بنوسین و دەرگای بوختان و چەواشەكاری كڵۆم بدەین.

لەكۆتایدا هیوادارین ئەو كارەساتە بەسەر هیچ خێزانێكدا نەیەت و هیچ هاونیشتمانییەكی كوردستان مەرگی ئازیزانی خۆیان نەبینن.
لەگەڵ رێزماندا.

بنەماڵەی جوانەمەرگ

لانە محەمەد ساڵح

شەوی 16ى تشرینى یه‌كه‌م، لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا تەرمی ئامانج بابانی پێشكەشكاری كەناڵی نالیا و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەكەیان لە ناو ئۆتۆمبێلێك دۆزرایەوە، دوای ڕووداوەكە چەندان گومان و شیكاری بۆ ئەو ڕووداوە كرا. 


وشە - محەمەد میران