ئاساییه مرۆڤ تا ته‌مه‌نێكى دیاریكراو به گوڕ و تینه‌وه موزیك بژه‌نێت، لێ ته‌مه‌ن له سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕ بكات و هه‌ر به‌و گوڕ و تینى لاوێتییه‌وه به‌رده‌وام بێت، ده‌كرێ بڵێین ئه‌مه‌یه ئه‌شق و خۆشه‌ویستى بۆ هونه‌ر.
مام قودره‌ت ئاغایی كه به(قودره‌تى نه‌ى) ده‌ناسرێته‌وه و له ساڵى 1913 له دایك بووه، هونه‌رمه‌ندێكه ژماره‌ی پێوانه‌یى له به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یدا شكاندووه، وێڕای ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نی 107 ساڵ، ده‌ستبه‌رداری هونه‌ره‌كه‌ى نه‌بووه، هه‌ر به سه‌لیقه‌ى گه‌نجێتییه‌وه له زۆرینه‌ى بۆنه و ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌بینرێت و ئامێری موزیكی "نه‌ى" لێ ده‌دات.
ئه‌و بۆ سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى، حه‌سه‌ن زیره‌ك، ماملێ و ده‌یان هونه‌رمه‌ندى ناودارى كوردى نه‌ی لێ داوه.
له ساڵى 2016 له سه‌ردانێكدا بۆ مه‌هاباد، له‌وێ له ئاهه‌نگێكى هاوسه‌رگیریدا چاوم به هونه‌رمه‌ند مام قودره‌ت كه‌وت و ئه‌م قسه‌وباسه‌م له‌ته‌كى ئه‌نجام دا.
مام قودره‌ت بۆ سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی نه‌ی ژه‌نیوه
له‌باره‌ى چۆنیه‌تیى فێربوونى ئامێرى نه‌ى و ئاشنابوونى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ناودارى كورد، مام قودره‌ت گوتی، سه‌ره‌تا نه‌ییم لێ نه‌ده‌دا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكم هونه‌رمه‌ندێكى زۆر به توانا و لێزان بوو له بواری موزیك، هاوكات هاوڕێى نزیكی هونه‌رمه‌ند سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی بوو، ئه‌وكات سه‌ید عه‌لی ژه‌نیاری زه‌ڕبی هه‌بوو و نه‌خۆش كه‌وتبوو، ئیتر نه‌هاته‌وه لای، بۆیه سه‌ید عه‌لی داواى له باوكم كردبوو من بچمه لای و كارى له‌گه‌ڵدا بكه‌م، له ده‌سپێكدا گوتم حه‌ز به‌و كاره ناكه‌م، به‌ڵام سه‌ید عه‌لى گوتی هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێ بێیت. ئیتر له‌وه‌وه زه‌ڕبم بۆ سه‌ید لێ ده‌دا، باوكیشم تار و ڤیۆلۆنی بۆ لێ ده‌دا.
دواتر كه سه‌ید عه‌لی كۆچی دوایی كرد، مه‌نیج حه‌یران و عه‌وڵا سنجان به باوكمیان گوت ده‌بێ قودره‌ت بنێری بۆ ئێمه، ئیتر منیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا بووم.
له‌باره‌ى ئاشنابوونی به هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ماملێ، مام قودره‌ت گوتى، دوای ئه‌وه‌ی میرزا عه‌وڵای لاجانی ڕای سپاردم بچم بۆ لای، كابرایه‌ك به ناوی ئاغای محه‌مه‌دی ماملێ و ده‌نگی زۆر خۆشه، ئه‌وكات ماملێ دووكاندار بوو، بۆ به‌یانییه‌كه‌ى رۆیشتم بۆ دووكانه‌كه‌ى، به ماملێم گوت نامه‌ی میرزا عه‌وڵا فه‌ندیم بۆ هێناوی، ئیتر نامه‌كه‌ی ماچ كرد و گوتی "به‌چاوان".
ئێواره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ماملێ‌دا چووین سه‌یرمان كرد 600 بۆ 700 كه‌س دانیشتبوون، ڕێزێكی زۆریان لێ گرتین، دوای گفتوگۆ و قسه‌كردن، قازی و مه‌لاكان به ماملێ و منیان گوت چاوه‌ڕوانی ئێوه‌ین، ده‌بێ مه‌جلیسمان خۆش بكه‌ن، ماملێش تا دره‌نگانى شه‌و گۆرانی بۆ چڕین، نزیكه‌ی 20 ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بووم.
مام قودره‌ت چیرۆكی ناسینی هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ى كورد حه‌سه‌ن زیره‌ك ئاوا ده‌گێڕێته‌وه، رۆژێك داوه‌تی ئاغایه‌ك بووین له كرماشان، كه‌سێك داوای پارچه‌یه‌ك موزیكى لێ كردم، منیش نایه‌كه‌م ده‌رهێنا و موزیكێكم ژه‌نی و ئه‌ویش گۆرانیی چڕی، دواتر زانیم ئه‌و كه‌سه حه‌سه‌ن زیره‌كه، تا ئه‌وكاته ته‌نیا له ڕادیۆ گوێبیستی زیره‌ك بووبووم، گوتم به ڕاست تۆ حه‌سه‌ن زیره‌كی؟ گوتی به‌ڵێ قودره‌ت گیان، به‌ڕاستی ئه‌و نایه‌ی تۆ له‌گه‌ڵ ده‌نگ و ریتمى مندا دێت، ئیتر نایه‌كه‌م دانا و ئه‌ملاو ئه‌ولایم ماچ كرد.
جیا له چه‌ندان ئاهه‌نگ، له ئێزگه‌ی رادیۆى كرماشان‌دا دوو گۆرانیم له‌گه‌ڵ زیره‌كدا تۆمار كرد. بۆیه جگه له سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی و ماملێ و حه‌سه‌ن زیره‌ك، بۆ چه‌ندان گۆرانیبێژى تری به‌ناوبانگ نه‌یم ژه‌نیوه.
مام قودره‌ت تا ئێسته له مه‌هاباد ده‌ژی، به جۆش و خرۆشى سه‌رده‌مى لاوێتى به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ هونه‌رى موزیك، واته به هه‌مان حه‌ز و مگێزى جارانه‌وه ئامێرى نه‌ى ده‌ژه‌نێت، موزیكیش بۆ تاهه‌تایه ئاوێزانى رۆحى ئه‌و مرۆڤه پاك و جوانه بووه، هه‌رگیز له‌یه‌كتر جیا نابنه‌وه.
داوا له وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م له رێوڕه‌سمێكى تایبه‌ت و شایسته‌دا، خه‌ڵاتێكى تایبه‌ت به مام قودره‌ت ببه‌خشن كه ماوه‌یه‌كی زۆر ژیانی له‌پێناو خزمه‌تكردنى هونه‌رى ره‌سه‌نى كوردیدا به‌سه‌ر بردووه.
با ئه‌میش به‌ده‌ردى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو "قاله مه‌ڕه" نه‌چێت و له پاش مردنى گوڵ ببه‌ن بۆ سه‌ر گۆڕى.
كه‌ركووك - ستار جه‌بارى