سبەی مووچەی پێنج وەزارەت و شەش دامەزراوە دابەش دەكرێت

:: AM:10:17:19/10/2019 ‌
بڕیارەی سبەی مووچەی پێنج وەزارەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت لەگەڵ مووچەی شەش دەزگا و دامەزراوەی تەناهی و خزمەتگوزاری.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە، سبەی مووچەی وەزارەتی داد و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ناوخۆ دابەش دەكرێت.

بەپێی خشتەكە، بڕیارە سبەی مووچەی دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە و لیوای نەوت و زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن و دەزگای ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش دابەش دەكرێت.

هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد