عەتا ئەحمەد لە كاری هونەری زویر بووە

:: AM:11:02:19/10/2019 ‌

هونەرمەند عەتا ئەحمەد /54 ساڵ/ خەڵكی سلێمانییە و لە دەیەی هەشتاكانەوە بە ژەنینی ئامێری دڕامس لەگەڵ تیپی كانی دەستی بە كاری هونەری كردووە. لەم دیمانەیەی "وشە"دا ئاماژە بەوە دەدا كە خەریكی ئامادەكردنی دوێتێكە لەگەڵ هونەرمەند سالار مەحموود، هەروەها دوێتێكی تر لەگەڵ كوڕێكی گەنج  ئامادە دەكات كە یەكەمجارە گۆرانی دەڵێ.

*پڕۆژەی نوێی هونەریت چییە؟

دوو كارم بە دەستەوەیە، یەكەمیان دوێتێكە لەگەڵ هونەرمەند سالار مەحموود، دووەم دوێتێكە لەگەڵ گەنجێك بە ناوی "دارین" كە یەكەم جارە گۆرانی دەڵێ، تێكست و ئاوازەكەیشی خۆم دامناوە.

*بۆچی ماوەیەكە بەرهەمت كەم بووەتەوە؟

 راستییەكەی لە كاری هونەری زویر بوومە، هەروەها دەستاودەستی هەندێك ستۆدیۆ كاتێك كارێك ئەنجام دەدەن و دواتر دوای دەخەن، بێزاری كردووم، بۆیە ئەم ماوەیە وەستانم پێ باشتر بووە.

*تا ئێستە چەند شیعر و ئاوازت بە هونەرمەندان داوە؟

 شیعر و ئاوازی زۆرم داوە بە هونەرمەندان، لەوانە سالار مەحموود، كەمال محەمەد، بورهان محەمەد، حەمید ئیسماعیل، هەڵوێست و شاخەوان و هونەر حەمەجەزا، بەڵام زۆرترین كارەكانم لەگەڵ سالار مەحموود و كەمال محەمەد بووە، چونكە ئەم شێوازەی من گۆرانییەكانی پێ دەڵێم لەگەڵ دەنگی ئەوان زیاتر دەگونجێت.

*تا ئێستە خاوەنی چەند شیعری خۆتی؟

نازانم چەند شیعرم نووسیوە، چونكە هەرگیز حەزم نەكردووە وەك شاعیرێك دەربكەوم و پێم ناخۆشە بە شاعیر ناوم بێنن، چونكە شیعر تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەوانەی من نووسیومن، پێیان دەڵێم تێكستی گۆرانی.

*دەنگی هونەرمەندە تازەكانی ئێستە چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟

 گرنگ نییە من چۆن هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكەم، ئەوەی گرنگە خۆیان تا چ ئاستێك دەتوانن خۆیان دروست بكەن و بچنە ناو دڵی خەڵكەوە، هەروەها هەر هونەرمەندە و خاوەنی دەنگی تایبەتی خۆیەتی و هونەرمەندە لاوەكان لەگەڵ سەردەمی خۆیان دەژین, ئەم گۆرانییانەی ئێمە لە ڕابردوو دەمانگوت بەردەوام لەسەر زاری خەڵك بوون، بەڵام نەوەیەك پەیدا بووە دەبێ بەندی بۆ بڵێیت ئینجا سەرسام دەبێت بە گۆرانی و هونەرەكەت، هەروەها ئەم هونەرمەندە تازانە لەگەڵ نەوەی ئەم سەردەمە دەژی ن. بەڵام ئەوەی لای من گرنگە، دەبێت خاوەنی بەرهەمی خۆیان بن تا پێی بناسرێنەوە.

*دوێتەكانی تۆ لەگەڵ سالار مەحموود و كەمال محەمەد بووە، ئایا بڕیارت نەداوە لەگەڵ هونەرمەندی تر دوێت ئەنجام بدەیت؟

 بەڵێ هەر كاتێك بگونجێت لەگەڵ هونەرمەندانی تریش دوێت ئەنجام دەدەم.

*بەم پێیەی ئەزموونت لە هونەری كوردی زۆرە، چ جیاوازییەك لە نێوان هونەرمەندانی ئێستە و ڕابردوو هەیە؟

جاران هیچ هونەرمەندێك بۆ ناوبانگ كاری نەدەكرد، كاتێك دەمانویست نەوارێك تۆمار بكەین، هیچ ستۆدیۆیەك داوای پارەی لێ نەدەكردین و ژەنیارەكانیش بەهەمانشێوە، هەروەها هەر تیپێكی موزیك كە گۆرانییەكی تۆمار دەكرد، زۆر بە دڵخۆشییەوە دەمانویست گوێبیستی بین، بۆیە هیوادارم هونەرمەندە تازەكان كارێك بكەن بۆ نەوەی دوای خۆیان باشترین بن.

*هەندێك لە شیعرەكانت نائومێدیی زۆریان تێدایە، ئایا ژیانی تۆ بەم نائومێدییە ڕۆیشتووە؟

ئەم تێكستانەی نووسیومە و ئەم ئاوازانەی دامناون تا ئاستێكی زۆر غەمگینن، ڕاستە هەندێكیان سەرچاوەی دڵی خۆمن و هەستی خۆمم تێدا نووسیون، بەڵام هەمیشە ویستوومە تێكستێك بنووسم خەڵكێكی زۆر خۆیانیانی تێدا ببیننەوە، بۆ نموونە بێوەفایی و بەجێهێشتنی خاك و دووری لە نیشتمان.

*ئەم خزمەتەی تۆ بە هونەری كوردیت كرد، كردیتی بە خاوەنی چی؟

 ئەو كارانەی لە ساڵی هەشتاكان كردوومن، هیچیان بۆ خۆم نەبوون، بەڵكو بۆ خۆشەویستی هونەر و نەتەوەكەم بوون، بۆیە چاوەڕێی پاداشتی دارایی نەبووم لە هیچ كەسێك. 
هونەر زۆر شتی گەورەتری بەمن بەخشی، ئەو هەستە پاكەی كاتێ كەسێك دەمبینێت و ڕێزم لێ دەگرێت، وەك ئەوە وایە پێم بڵێت سوپاس بۆ ئەم هونەرەی بە ئێمەت بەخشی، بۆیە ئەمە گەورەترین سەرمایەیە بۆ من.

*ئێستە دنیای تەكنەلۆجیا و پێشكەوتنە، ئایا هونەرمەندان توانیویانە سوود لەم تەكنەلۆجیایە وەربگرن؟ 

بەڵێ هونەرمەندان توانیویانە سوود لە تەكنەلۆجیا وەربگرن، بۆ نموونە دەستكاریكردنی دەنگی هەندێك لە هونەرمەندەكان بە شێوازێكی تەكنیكی.

وشە/گەرمیان گلی 



وشە - وشه‌