لە هەولێر ئامادەكاری بۆ لافاو كرا

:: PM:01:01:19/10/2019 ‌
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەپارێزی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر ئاشكرای دەكات، بەشی زۆری زێرابەكان پاك كراونەتەوە و سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ وەزری زستان كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی تشرینی یەكەم، فەرمان خەلیل بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە لیژنەیەكی تایبەت هەیە لە بەشێكی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەولێر پێكهاتوون دەستمان كردووە بە پاككردنەوەی زێرابەكانی هەولێر.

بەڕێوەبەری ژینگە پارێزی گوتی، ئەو لیژنەیە كارەكانیان بەردەوام دەبێت و بەشی زۆری زێرابەكان پاك كراونەتەوە و بەشێكیشیان سەرە زێرابی نەمابوو بۆیان دانراوەتەوە بۆ هەر ئەگەرێكی بارانبارینی بەخوڕ بۆ ئەوەی نەگیرێن.

هیوادارین هاووڵاتییانیش هاوكاربن و شت فڕێ نەدەنە ناو زێرابەكان

ئاشكرای كرد، تیمەكانی ئێمە بەردەوامن شوێن هەیە پاكمان كردووەتەوە دوای دوو ڕۆژ سەرە زێرابەكە براوە و پڕ بووەتەوە لە دەبەی ئاو نایلۆن، بۆیە دەبێت جارێكی سەردانی ئەو شوێنە بكەینەوە و پاكی بكەینەوە هیوادارین هاووڵاتییانیش هاوكاربن و شت فڕێ نەدەنە ناو زێرابەكان.

ساڵانە لە بەشێكی زۆری شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی گیرانی زێرابەكان لە كاتی بارانبارینی بەخوڕ دووچاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو دەبن.



وشە - رامیار جەواد