پێشمەرگەیەك بە فیشەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

:: PM:01:23:19/10/2019 ‌
لە شارەدێی پیران سەر بە شارۆكەی مێرگەسۆر، گەنجێك گیانی لە دەست دا و پۆلیسی ناوچەكەش دەڵێت، شوێنەواری فیشەكی پێوە دیارە و بەپێی زانیارییەكان خۆی كوشتووە .
هاووڵاتییەكە خۆی كوشتووە و چەكەكەشی لە جۆری دەمانچە بووە

ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن بەشی پۆلیسی مێرگەسۆر ئاگادار كراینەوە، تەرمێك لە نەخۆشخانەی مێرگەسۆرە كە هاووڵاتییەكی  تەمەن 43 ساڵان بەناوی " ص، خ، ح" پێشمەرگەیە و دانیشتووی گوندی كاولەباس لە شارەدێی پیرانی سەر بە شارۆكەی مێرگەسۆرە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان و بە گوتەی كەسوكاری، رووداوەكە خۆكۆژی بووە و هاووڵاتییەكە خۆی كوشتووە و چەكەكەشی لە جۆری دەمانچە بووە، بۆیە لێكۆڵینەوەمان دەست پێ كردووە و لەسەر فەرمانی دادوەر تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی داد كراوە  بۆ روونبوونەوەی هۆكار و چۆینەتی گیان لەدەستدانی .

شارۆكەی مێرگەسۆر لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە، ئەمساڵ ژمارەیەك رووداوی كوشتن و خۆكوشتن و خنكان لە سنووری هەرچوار شارۆكەی سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان  تۆمار كراوە .

مێرگەسۆر/ موڕشید برادۆستی


وشە - هیدایه‌ت جان