سەندیكای ئابووریناسان: بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت هەزاران هەلی كار دەرەخسێنێت

:: PM:11:14:19/10/2019 ‌

سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی سلێمانی ستایشی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە دابینكردنی 420 ملیۆن دۆلار بۆ چەند كەرت و پڕۆژەیەك دەكات و دووپاتی دەكاتەوە، بەهۆی بڕیارەكەوە هەزاران هەلی كار دەڕەخسێت.
 
هەرێم پێویستی بە پێداچوونەوەی گشتگیر هەیە
نەوزاد شێخ كامل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە دۆخی هەرێمی كوردستان لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەی گشتگیر هەیە لە داهاتەكان و هەروەها چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتەكان بەپێی پلانێك هەموو ناوچەكان بگرێتەوە.

زیاتر گوتی، لەدوای ساڵی 2014ەو دروستبوونی ئەو دۆخە ناهەموارەی كە ئابووری و بودجەی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، هەرێمی تووشی تەنگژە كرد، هاوكات حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بە پلانێكی تۆكمە دەیەوێ لە تەمەنی كاركردنیدا تەواوی ئەو كەرتانەی كە وەستابوون بەگەڕ بخاتەوە، دەیەوێت ئەو نەخشە ئابووریەی كە دایڕشتووە لە كابینەكەیدا بەلانی كەمەوە 80%ی جێبەجێ بكات.

 شێخ كامل روونی كردەوە، بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت بە دابینكردنی 420 ملیۆن دۆلار بۆ چەند كەرت و پڕۆژەیەك لە هەرێمی كوردستان ڕێكخستنەوە و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستانە، لەلایەك بووژانەوە و دەست پێكردنەوەی پڕۆژەكانە و لەلایەكی تر دابینكردنی هەلی كار و دەستاودەستكردنی پارەیە.

 سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی سلێمانی دووپاتی كردەوە، بەو بڕیارە سەدان  و هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنێت، كرێكارە بێكارەكان دەچنەوە سەر كار، جووڵە دەكەوێتەوە بازاڕ، خاوەن پێشانگا و دووكانەكانیش ئیشیان دەكرێتەوە و سوود دەبینن، هەموو ئەو پێویستیانەی كە بۆ پڕۆژەكان بەكاردەهێنرێن هەر یەكە و بەپێی كاری خۆی سوود وەردەگرێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر باشبوونی ژیانی هاووڵاتییان هەیە، كاتێك پارە كەوتە بازاڕ و دەستاودەستی كرد، دارایی هاووڵاتییان بەرەو باشبوون دەڕوات.

شایەنی باسە لە كۆتای هەفتەی ڕابردوو مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە تەرخانكردنی بڕی 420 ملیۆن دۆلار بۆ چەند كەرت و پڕۆژەیەكی گرنگ لە هەرێمی كوردستان.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل