مەكگۆرك: توركیا رەتی كردەوە سنوور بەسەر داعش دابخات

:: PM:04:28:20/10/2019 ‌
هاوكاتی بڵابوونەوەی چەندان بەڵگە لەسەر پێوەندی نێوان توركیا و داعش، برێت مەكگۆرك نێردەی پێشتری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئاشكرای دەكات، توركیا رەتی كردەوە سنوور بەسەر داعش دابخات.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی تشرینی یەكەم، برێت مەكگۆرك نێردەی پێشتری ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئاشكرای كرد، لەو كاتەی سەرپەرشتی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە داعشی كردووە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، داوای لە توركیا كردووە كە سنوور بەسەر داعش دابخات، بەڵام رەتیان كردەوە.

مەكگۆرك: 40 هەزار داعش لە 110 وڵاتی دنیا لە رێگەی توركیایەوە چوونەتە سووریا


مەكگۆرك كە ئامادەیی لە هەموو ئەو دانوستاندن و گفتوگۆیانە هەبووە پێوەند بە داعش، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە 40 هەزار جیهادی و توندڕۆی داعش لە 110 وڵاتی جیاوازی دنیا لە رێی توركیاوە خۆیان گەیاندووەتە سووریا.

زیاتر گوتی "خەلافەتی داعش لەسەر سنووری توركیا بوو، لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ توركیا كارمان كرد تا سنوور بە رووی چەكدارانی داعش و جیهادییە توندڕۆكان دابخات، بەڵام توركیا سنووری دانەخست و گوتی ئەوە ناتوانم".

مەكگۆرك ئەوەش دەخاتەڕوو كاتێك كوردەكانی رۆژئاوا توانیان بگەنە بەشێك لە سنوور و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار بكەن، دەوڵەتی توركیا دەستی كرد بە دروستكردنی بەربەستی بەرز و سنووریان لەگەڵ كوردەكان داخست. 
 
ئەو ددانپێدانانەی مەكگۆرك لە كاتێكدایە ئەو یەكێك بوو لەوانەی رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گرت لەو كاتەی لە مانگی كانوونی یەكەمی 2018 بڕیاری كشانەوەی تەواوی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا راگەیاند، لەسەر ئەمەش هەڵوێستی دژ بە ئیدارەی ترەمپ وەرگرت و وەك نێردەی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەستی لەكار كشاندەوە، هاوكات مەكگۆرك، لەسەر لەشكركێشی سوپای توركیا دژ بە رۆژئاوای كوردستان، دیسان رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و پێی وایە ئەوەی ترەمپ دەیكات خیانەتە دژ بە هاوپەیمانی ئەمەریكا لە شەڕی دژ بە داعش.



وشە - فه‌رمان سادق