كەركووك.. بەدەست قاچاغی نەوت و تەعریب و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت

:: PM:08:38:20/10/2019 ‌

لە كەركووك حەشدی شەعبی باڵادەستە بەسەر شارەكە، ئەوان لوولەكانی نەوت كون دەكەن و بەقاچاغ نەوتەكەی دەبەن، بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامیش لە شارەكە ئاشكرای دەكات كە گەندەڵی سەرجەم فەرمانگەكانی كەركووكی تەنیوە.

حەشدی شەعبی و قاچاغی نەوت
ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئۆكتۆبەر، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بەشێوەیەكی نهێنی بۆرییەكانی نەوتی كەركووك لەلایەن بەرپرسانی حەشدی شەعبییەوە كون دەكرێن و نەوتەكە دەدزن و لە بازاڕی ڕەشدا دەیفرۆشنەوە، بەهۆی ئەوەی خۆشیان باڵادەستن لە شارەكە كەس ناتوانێ بیانوەستێنێت.

دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە ڕاگیراوە، ئەمەش دەرفەتی دایە بەرپرسانی سەربازی حەشدی شەعبی و بەرپرسانی یەكێتی لەو شارە نەوتی كەركووك لە ڕێگەی تانكەرەوە ڕەوانەی ئێران بكەن.

كەمال جەباری، بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، گەندەڵی تەواوی فەرمانگەكانی كەركووكی تەنیوە و ئەو بودجەیەی دێتە شارەكە تا رادەیەك ئەنجوومەنی پارێزگاش ئاگای لێی نییە، كورد دەسەڵاتی نەماوە و شارەكە عەسكەرتاریەت بەڕێوەی دەبات، بۆیە ئاساییە نەوتیش بدزرێت، چونكە هیچ چاودێرییەك نییە بەسەریانەوە.

تاڵان و تەعریبی بێ چاودێری
زیاتر گوتی، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك دەستی لەو گەندەڵیانەدا هەیە و دەیان گرێبەست كە پارەی تیا بەهەدەر دەدرێت، ئەنجام دەدرێت، لەو ماوەیەش ئەو بەڵێندەرەی تەلاری نوێی پارێزگای كەركووكی جێبەجێ دەكرد كە كورد بوو، پڕۆژەكەی لێ وەرگیراوەتەوە و دراوەتە كەسێكی عەرەب.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركووك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كورد هیچ دەسەڵاتێكی لەو شارە نەماوە، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكیش هەموو دەسەڵاتێكی لای خۆی قۆرخ كردووە و هەر گەندەڵییەكی دەیكات كەس نییە ڕێگری لێ بكات.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل