مەكگۆرك بۆ ترەمپ: سوپای ئەمەریكا ناگەڕێنەوە نیشتمان و كوردیش ناچار كران ناوچەكانیان چۆڵ بكەن

:: PM:09:20:20/10/2019 ‌
برێت مەكگۆرك نێردەی پێشتری ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، دەڵێ، ئەوەی روو دەدات، سیاسەتێكی زۆر مەترسیدارە، رەخنەی ئەوەش لە دۆناڵد ترەمپ دەگرێت كە سەربازەكان ناگەڕێنەوە ئەمەریكا بەڵكو بۆ عێراق دەبردێن و كوردەكانیش بە زۆر ناوچەكانیان پێ چۆڵ كراوە.

دۆناڵد ترەمپ لە بارەی جێبەجێكردنی ئاگربەست لە رۆژئاوای كوردستان لەنێوان توركیا و ئەمەریكا، پرسی كشانەوەی هەسەدە لە سەرێ كانی و ناوچە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا، تویتێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاندبوو، ئاگربەستەكە بە باشی جێبەجێ دەكرێت. برێت مەكگۆرك نێردەی پێشتری ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، تویتەكەی ترەمپی، ریتویت  كردووە و لەسەری نووسیوە، ئەوەی جێبەجێدەكرێت پلانی "ئاگربەست" نییە، بەڵكو سیاسەتێكی زۆر مەترسیداری نا رێكخراوە.

مەكگۆرك لە وەڵامی ترەمپ، دوو خاڵ دەخاتەڕوو وەك رەخنە لە سیاسەتەكانی سەرۆكی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان، دەڵێ، سوپای ئەمەریكا ناگەڕێنەوە نیشتمان وەك ئەوەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی بۆ دەكرد، بەڵكو دەبردرێنە عێراق.
زیاتر گوتی "ناوچە نوێیەكان، كوردەكان بۆی ناگەڕێنەوە، بەڵكو ناچار كراون ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن".

ناوچە نوێیەكان، كوردەكان بۆی ناگەڕێنەوە، بەڵكو ناچار كراون ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن


تویتەكەی مەكگۆرگ لە كاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی شەڕڤانانی لە سەرێ كانی راگەیاند، گوتەبێژی هەسەدە رای گەیاند، هیچ شەڕڤانێك لە ناو سەرێ كانی نەماون.

مەكگۆرگ، لە بەشێكی تری تویتەكەیدا رەخنەی ئەوەش لە سەرۆكی ئەمەریكا دەگرێت كە سوپای ئەمەریكا لە سوویا بۆ پاراستنی خەڵكی ئەمەریكا دژی داعش لەوێ بووە نەك كۆنتڕۆڵ كردنی نەوتی وڵاتانی بیانی، دەڵێ،  سوپاكەمان نەوتی بیانی كۆنتڕۆڵ ناكات.

نێردەی پێشتری ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تویتەكەی ترەمپی وێنە گرتووە، بە سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ، "ناوی وەزیری بەرگری هەڵەیە"  وەك ئاماژەیەك بۆ تویتەكەی ترەمپ كە ناوی مارك ئێسپەری بە "ئیسپیرانتۆ" نووسیبوو.
 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەڵەكانی ناو تویتەكەی راست كردنەوە و جارێكی تر تویتەكەی بڵاو كردەوە.







وشە - فه‌رمان سادق