چۆنییه‌تیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵدا، هه‌میشه جێگه‌ی مشت‌ومڕ و لێكۆڵینه‌وه‌ی پسپۆڕانی كۆمه‌ڵناس و بواری منداڵن و به‌رده‌وام گۆڕانكاریشی به‌سه‌ردا دێ، چونكه هه‌موو بابه‌ته په‌روه‌رده‌یییه‌كان به‌گشتی، به‌پێی گۆڕانی سه‌رده‌م و شوێن، ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه ژێر ده‌ستكاری و گۆڕانه‌وه. یه‌كێك له‌و سه‌رنجانه‌ی كه تا ماوه‌كانی ڕابردووش به پێچه‌وانه‌وه لێی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرا، بابه‌تی نازهه‌ڵگرتنی منداڵ بوو. ئایا زۆر بێت یان كه‌م، ئایا له ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه، كوڕ زیاتری پێویسته یان كچ.
یه‌كێك له جیاوازییه هه‌ره بچووكه‌كانی له نێوان كوڕ و كچی منداڵدا هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه كچان حه‌ز له یاریكردن به بووكه‌ڵه ده‌كه‌ن، كوڕانیش حه‌زیان له یارییه به ئۆتۆمبێل. ئه‌لیسۆن شیڤهر پسپۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و شاره‌زا له په‌روه‌رده‌ی منداڵ له توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ‌دا، وردترین جیاوازییه‌كانی نێوان كوڕ و كچی ئاشكرا كردووه و ده‌ڵێ، منداڵی كوڕ زیاتر پێویستی به سۆزه، جیاواز له‌و بۆچوونه باوه‌ی تا ئێسته بڵاوه، به‌ڵام ئایا بۆ خۆشه‌ویستی ده‌بێ جیاوازییان له نێواندا بكه‌ین؟
به گشتی توێژینه‌وه نوێ و كۆنه‌كان، جیاوازییه‌كانی كوڕ و كچ به‌پێی جیاوازیی گه‌شه‌ی مێشك ته‌ماشا ده‌كه‌ن، ئه‌م پسپۆڕه‌ش له توێژینه‌وه‌كه‌ی خۆیدا له ژێر ئه‌و بنه‌مایه كاره‌كه‌ی كردووه و ده‌ڵێ، كاتێك ده‌مانه‌وێ له ڕووی سۆزدارییه‌وه پشتیوانیی منداڵ بكه‌ین، ده‌بێ بزانین چۆن ئه‌وه كاره ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به تایبه‌تی له كوڕاندا.
پێوه‌ره نوێیه‌كانی په‌روه‌رده‌ی منداڵ، له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی پێشتر گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه
له توێژینه‌وه‌یه‌كی پێشتردا كه ساڵی 2000 بڵاو كرابووه‌وه، سباستیان كرامه‌ر توێژه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌كه نووسیبووی، مێشكی كۆرپه‌ی كوڕ شل و شێواوتره له مێشكی كچ، ته‌نانه‌ت له ناو ڕه‌حمی دایكیشیدا هه‌ر وایه، بۆیه زۆرتر كاریگه‌ریی خه‌مۆكی و په‌ستانه‌كانی ده‌كه‌وێته سه‌ر، دوای له‌دایكبوونیش، مێشكی كوڕ به شه‌ش هه‌فته له مێشكی كچ دواكه‌وتووتره بۆ گه‌شه.
ئه‌وه‌ش ئاشكرا بووه، كوڕان ڕێژه‌یه‌كی زۆری كۆرتیزۆل (هۆڕمۆنی په‌ستان)یان هه‌یه، بۆیه كاتێك كۆرپه‌یه‌كی كوڕ به‌هۆی هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت له ته‌مه‌نی ساوایهتیدا له دایكی جیا ده‌كرێته‌وه، زیاتر كاریگه‌ری ده‌كه‌وێته سه‌ر له كۆرپه‌یه‌كی كچ، بۆیه كاتێك گه‌وره‌تر ده‌بێ، ئه‌و كوڕه به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و په‌ستان و كێشانه‌ی به‌هۆی ڕووداوه‌كانی ته‌مه‌نی كۆرپهیهتی تووشی بووه، كاتێكیش تووشی كه‌میی سۆز ده‌بێ، بابه‌ته‌كه زیاتر ڕژد ده‌بێ و زۆرتر كاریگه‌ری دروست ده‌كات.
زانایان پێیان وایه، هه‌ر ئه‌مانه هۆكارن كه كوڕان دره‌نگتر فێری قسه‌كردن یان نووسین و خوێندنه‌وه ده‌بن، چونكه ئه‌و كوڕانه‌ی كێشه‌ی سۆزیان هه‌بێ، ناتوانن خێر قۆناغه‌كانی گه‌شه ببڕن. ته‌نانه‌ت كوڕ به ڕێژه‌ی دوو بۆ سێ هێنده‌ی كچ تووشی گێژی و كهمههستی ده‌بن، ئه‌مه بۆ ته‌مه‌نی گه‌وره‌تریش كاریگه‌ری دروست ده‌كات و ده‌بینین وه‌ك له ڕاپرسییهكاندا هاتووه، ڕێژه‌ی خۆكوشتنی كوڕان سێ هێنده‌ی كچانه.
جیاوازییه‌كانی نێوان مێشكی كوڕ و كچ و گه‌شه‌كردنیان به گشتی زۆره، به هه‌مان هێز فێری ئه‌زموون نابن. توێژینه‌وه‌كه‌ی سباستیان كرامه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، بۆچی دایك و باوك له په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیاندا، بایه‌خ به كچه‌كانیان له كوڕه‌كانیان زیاتر ده‌ده‌ن؟ هۆكارێكی نه‌گوتراو ئه‌وه‌یه، كوڕان خۆیان زیاتر داكۆكی له پێویستییه‌كانیان ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌میشه بۆشایییهكی زیاتر له نێوان باوكان و كوڕه‌كانیان هه‌یه و ده‌بێته هۆی كێشه بۆ ته‌مه‌نێكی دواتریش.
كوڕ هه‌میشه وا خۆی گۆش ده‌كات كه به گوڕ و تینێكی زیاتره‌وه گه‌وره بێت، هه‌میشه دایكیشیان كاریان ئه‌وه‌یه هێوری بكه‌نه‌وه. بۆیه كرامه‌ر پێی وایه، بایه‌خدان به كوڕان به گشتی قورستره له كچان، چونكه ئه‌گه‌ری ڕێڕه‌وی خراپیان زیاتر تێدایه، ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ش ته‌نانه‌ت پێش له‌دایكبوونیان دروست ده‌بێ.
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی مرۆڤ له دوای له‌دایكبوونه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌ندێ په‌ستانی ژینگه‌یی له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی گۆشی مێشكی منداڵه‌كه ده‌كات، ئه‌م كاریگهرییانهش هه‌میشه له‌سه‌ر كوڕ زیاتره له كچ، بۆیه پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕ پابه‌ندی ماڵه‌وه بێت گرنگتره له كچ و نه‌هێڵرێ تووشی خه‌مۆكی و هه‌ستیاری ببێت.
یه‌كێكی تر له‌و كاریگه‌رییه خراپانه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر كوڕ، ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه وا گۆش ده‌كرێ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی ئه‌و به‌هێزتر و توندتره له ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م زبرێتییه فێری كوڕه‌كانیان بكه‌ن، ده‌بینی باوكان خۆیان له نازههڵگرتنیان ده‌پارێزن و ئه‌و نازه به كچه‌كانیان ده‌ده‌ن، چونكه پێیان وایه كوڕ پێویستی پێ نییه و ده‌بێته هۆی لاوازكردنی.
ئه‌وه گه‌شه نێرخوازییه دێرینه كه هه‌میشه فێری كوڕان ده‌كرێ، به ته‌واوی كاریگه‌ری دروست ده‌كات. جێسیكا ڕافن به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری دامه‌زراوه‌ی "collective action"ی ده‌روونی ده‌ڵێ، هه‌ر له ته‌مه‌نی بچووكییه‌وه كوڕ فێر ده‌كرێ كه نابێ هه‌سته‌كانی ده‌ربخات، ئه‌مه‌ش بۆ داهاتوو ده‌بێته هۆی زیانێكی زۆر به‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ردا كه ساردی تێدا دروست ده‌كات و بۆ هه‌میشه ناتوانێ ئه‌و هه‌ستانه‌ی كه پێویسته به ڕه‌گه‌زی مێی بڵێ، نه‌توانێ بیبه‌خشێ.
ئه‌لیسۆن شیڤهر ده‌ڵێ، كه‌واته كوڕان له هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی سۆزداری، دوو جار تووشی زیان ده‌بن، چونكه مێشكیان شل و شڵه‌ژاوه و له هه‌ر بایه‌خێكی كه‌متر پێیان، به تایبه‌تی له ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌ن، ته‌ندروستیی مێشكیان تووشی مه‌ترسی ده‌كات.