لە بارەی وەستانی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:09:40:22/10/2019 ‌
بڕیار وایە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی تا ئێوارەی ڕۆژی شەموو سەرجەم هێڵەكانی ئینتەرنێت بوەستێت و ئەو بڕیارە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە وەستانی هێڵەكانی ئینتەرنێـت هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم خۆپێشاندانەكان لە عێراق وایكرد حكوومەت هێڵی ئینتەرنێت بوەستێنێت، ئەوكات  ئومێد محەمەد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە پێوەندیمان پێوە كراوە بۆ وەستانی هێڵەكانی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

سیاسەتی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان وایە لە ڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكرێت 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتی، ئێمە پێمان ڕاگەیاندوون سیاسەتی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان وایە لە ڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكرێت لەسەر داواكارییەكەیان.

ئاشكرای كرد، هەر بڕیارێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربچێت ئێمە وەك وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جێبەجێی دەكەین.

ڕوونی كردەوە، تا ئێستە ئینتەرنێـت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك خۆی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هیچ كێشەیەكیان نییە.

راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت هاوكاتە لەگەڵ بانگەشەی خۆپێشاندانی بەرفراوان لە عێراق لە ڕۆژی هەینی.



وشە - رامیار جەواد