ئەمەریكا: هەر جموجۆڵێكی سەربازی توركیا دووچاری سزای دەكاتەوە

:: PM:07:45:22/10/2019 ‌

لەو كاتەی ئەمشەو ماوەی ئاگربەستی 120 سەعاتی نێوان توركیا و هەسەدە بە چاودێری ئەمەریكا كۆتایی دێت، بەرپرسێكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە فەرماندەی گشتی هەسەدە رای گەیاندووە تەواوی هێزەكانیان پاشەكشە پێ كردووە، بۆیە هەر جموجۆڵێكی سەربازیانەی توركیا دووچاری سزای دەكاتەوە.

هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لە 9ی ئەم مانگە دەستی پێ كرد و لە 17ی مانگ بە رێككەوتنی ئەمەریكا لەگەڵ هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات گەیشتنە رێككەوتنێكی ئاگربەست كە لە ماوەی 120 سەعات هێزەكانی هەسەدە لە رووبەرێكی دیاریكراو پاشەكشە بكەن بەمەبەستی دامەزراندنی ئەو ناوچە ئارامەی توركیا دەیەوێت بۆ ئاوارەكانی سەر خاكەكەی دایمەزرێنێت.   

ئەمڕۆ بەرپرسێكی ئەمەریكا رای گەیاند كە هەریەك لە واشنتن و توركیا كار بۆ ئاگربەستیبَكی بەردەوام دەكەن لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای رێككەوتنی دوایی، روونی كردەوە كە هەر جموجۆڵێكی سەربازی توركیا لە كۆتایی 120 سەعاتەكە بەپێشێلكردنی رێككەوتنەكە حسێب دەكرێت و دەبێتە هۆی سەپاندنی سزاكان بەسەریدا.

هەسەدە پابەندە بە رێككەوتنەكە
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە رای گەیاند كە مەزلووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بە واشنتنی راگەیاندووە كە هەموو هێزەكانیان لە ناوچەی دیاریكراو بەپێی رێككەوتنەكە پاشەكەشیان كردووە و بەوەش هەموو پایەندییەكانی خۆی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكە جێبەجێ كردووە.

لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەیە هێز لەدژی توركیا بەكاربێنێت ئەگەر پێویست بكات، ئێمە لە نیگەرانییەكانی توركیا تێگەیشتووین بۆیەش بە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام رازی بووین، هاوكات ترەمپ توركیای لە هێرشەكەی وریا كردەوە، بەڵام ئەوان هەر ئەنجامیان دا.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل