هۆكاره‌كانی سپیبوونی قژ و ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پیربوون

:: AM:07:11:23/10/2019 ‌
ئه‌گه‌ر سپیبوونی قژ له‌ حاڵه‌تی چه‌ند تاڵه‌ قژێكه‌وه‌ ڕووی له‌ فره‌وانبوون كرد، ئه‌مه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر كۆنتڕۆڵی نه‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی قژتان به‌ ته‌واوی سپی هه‌ڵگه‌ڕێت و به‌ ته‌واوی پیر ده‌ربكه‌ون.

گرنگترین هۆكاره‌كانی سپیبوونی قژ
یه‌كه‌م: هۆكاری بۆماوه‌یی، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سپیبوونی قژ، بۆ جیناتی بۆماوه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ دایك و باوكه‌وه‌ بۆ منداڵ و نه‌وه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی نه‌بێ، چونكه‌ سروشتییه‌ و له‌ خانه‌واده‌كان زۆرجار كرۆمۆسۆمی له‌وشێوه‌یه‌ بوونیان هه‌یه‌ و سپیبوونی پێش وه‌خته‌یشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

دووه‌م: لاوازی سیسته‌می به‌رگری له‌ قژ و پێستی سه‌ر، ئه‌مه‌یان جۆرێكه‌ له‌ نه‌خۆشی، كه‌ به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی سیسته‌می به‌رگری له‌ پێستی سه‌ر و ڕه‌گی قژه‌كان، وا ده‌كات به‌ خێرایی بوه‌رن و دواجاریش ئه‌و قژه‌ی دووباره‌ ده‌ڕوێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ی سپی ده‌بێت، هه‌ندێجار ڕه‌نگه‌كه‌ی ورده‌ ورده‌ كاڵ ده‌بێته‌وه‌ و دواجار بۆ سپییه‌كی ته‌واو ده‌گۆڕێت.

سێیه‌م: فشاری ده‌روونی، ئه‌گه‌ر سترێس و فشاری ده‌روونیت زۆره‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تاڵه‌كانی قژت بوه‌رن و ئه‌و قژه‌ی ده‌ڕوێته‌وه‌، به‌ ته‌واوی سپی ببێت، ئه‌و قسه‌یه‌ باوه‌ كه‌ ده‌ڵێن فڵانه‌ كه‌س خه‌می زۆره‌ و قژی سپی بووه‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌كه‌ سترێس و فشاری ده‌روونییه‌، ده‌نا هه‌موو كه‌س خه‌می هه‌یه‌ بایی ئه‌وه‌نده‌.
پێویسته‌ ئه‌م هۆكارانه‌ له‌خۆتان دوور بخه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی خێرا سپیبوونی قژ نه‌بنه‌وه‌
چواره‌م: پیسبوونی هه‌وا، كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر قژ هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هۆی كاڵبوونه‌وه‌ی ڕه‌نگی قژ و ئۆكساندن له‌ ڕه‌گی قژ دروست ده‌كات و كرداری پیربوون خێرا و سپیبوونی قژ، كاتێك له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی پیس ده‌ژین.

پێنجه‌م: جگه‌ره‌كێشان، دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ سپیبوونی قژ، چونكه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاڵه‌كانی قژ دروست ده‌كات و ئۆكساندن له‌ ڕه‌گی قژ په‌یدا ده‌بێ و سه‌ره‌نجام قژ به‌ره‌و سپیبوون ده‌ڕوات.


وشە - ئاوات ئازاد