ئەمڕۆ تابلۆی هەڵەبجە دەفرۆشرێت

:: AM:09:36:23/10/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاری هەڵەبجە بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ تابلۆی ژمارە یەكی پارێزگای هەڵەبجە لە زیادكردنێكی ئاشكرا دەفرۆشرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ـی تشرینی یەكەم، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە هاتووە، بڕیارە سەعات 10ـی ئەمڕۆ لە زیادكردنێكی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆی ژمارە 1ی العراق - هەڵەبجە لە هۆڵی مستەفا زەڵمی رێك بخرێت.

ڕوون كراوەتەوە، لە یەكەمین زیادكردن تابلۆی ژمارە 1 خرایە زیادكردن و 700 ملیۆن دینار بۆ دەستپێكی زیادكردنەكە دانرا، بەڵام بەهـۆی بوونی كێشەی یاساییەوە كە رێگر بوو لە بەشداریی چەند كەس و كۆمپانیایەك، زیادكردنەكە دواخرا.

هاووڵاتییەكی عێراقی بەرەگەز عەرەب ئامادەیە بڕی ملیارێك و 200 ملیـۆن دینار بداتە ئەو تابلۆیە
لە یەكەمین فرۆشتن ئاشكرا كرا كە هاووڵاتییەكی عێراقی بەرەگەز عەرەب ئامادەیە بڕی ملیارێك و 200 ملیـۆن دینار بداتە ئەو تابلۆیە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ تابلۆی ژمارە یەك بە نرخێكی گونجاو بفرۆشرێت و بڕیاریشە تەواوی داهاتەكەی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە خەرج بكرێت.



وشە - رامیار جەواد