یاسا بۆ خانووە بێ‌ تاپۆكان دەردەكرێت

:: AM:10:29:23/10/2019 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی شارەوانی ئاشكرای دەكات، ئەگەر ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای خانووە بێ‌ تاپۆكان بكرێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو دەكرێت بە یاسا.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ـی تشرینی یەكەم، ڕزگار عیسا جێگری سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای تاپۆكردنی خانووە بێ‌ تاپۆكان بكرێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو دەبێت بە یاسا.

جێگری سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكان گوتی، بە خوێندنەوەی دووەم لیژنەی شارەوانی و لیژنەی یاسای ڕاپۆرتی كۆتایی ئامادە دەكەن و هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدات.
هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدات

باسی لەوەش كرد، پڕۆژە یاساكەمان ڕێكوپێكتر كردووە ئێستە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تێدا سوودمەندبن و ببن بە خاوەن موڵكی خۆیان.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەر پڕۆژە یاسایەك خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا پێویستە لە ماوەی 10 ڕۆژ بكرێت بە یاسا ئەوەیش بە دانیشتن و دەنگدان لە پەرلەمانی كوردستان.

پێشبینی دەكرێت بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان زیاتر لە 200 هەزار پارچە زەوی تاپۆ بكرێت.



وشە - رامیار جەواد