مه‌یدانی ئاژه‌ڵان له سلێمانی بووه‌ته مه‌یدانی كاركردن و ئاره‌قڕشتنی ژماره‌یه‌ك ژنیش، ئه‌وان رۆژانه چه‌ندان سه‌عات له‌به‌ر سه‌رما و گه‌رما بۆ بژێوی تێده‌كۆشن، كه‌چی ناتوانن بڕه پاره‌یه‌كی وا به‌ده‌ست بێنن كه به‌شی بژێوی رۆژه‌كه‌یان بكات و هیچ نه‌بێت له‌رووی ده‌روونییه‌وه ماندووێتیان بڕه‌وێته‌وه، كه‌چی هه‌ندێك جار رووبه‌ڕووی قسه‌ی نه‌شیاو و سووكایه‌تی و گێچه‌ڵی سێكسیش ده‌بنه‌وه.
خانم نووری /50 ساڵ/ یه‌كێكه له‌و ژنانه‌ی رۆژانه بۆ ده‌ستخستنی بژێوی ده‌چێته مه‌یدانی ئاژه‌ڵانی سلێمانی، ئه‌و ده‌ڵێت "به‌هۆی ئه‌م كاره‌وه سییه‌كانم نه‌خۆش كه‌وتوون و قاچه‌كانم په‌كیان كه‌وتووه''.
خانم به"وشه"ی گوت، ''له‌گه‌ڵ گزنگی به‌یانیان له ماڵه‌وه به‌ڕێ ده‌كه‌وم بۆ شوێنی كاره‌كه‌م، به‌ڵام نازانم كه‌ی ده‌ڕۆمه‌وه، كاره‌كه‌م سه‌خته و شوێنه‌كه‌یش پیس و ناخۆشه، به‌ڵام ناچارییه و ئه‌گه‌ر پاره‌ی نانی شه‌وم هه‌بێت، ئیشم چییه له‌ناو ئه‌م پیاوانه كه وه‌ك ئاژه‌ڵ سه‌یری ئێمه‌یش ده‌كه‌ن."
هه‌ر كه‌سێك رۆژانه ئیشێك به‌و ژنه بدات ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵ دۆشین بێت یان پاككردنه‌وه‌ی خانه‌كان و چاودێریكردنی ئاژه‌ڵ، خانم ئاماده‌یه بیكات. هه‌رچه‌نده وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، هه‌ست ده‌كات پیر بووه و خه‌ریكه په‌كی ده‌كه‌وێت به‌هۆی قورسی كاره‌كه‌یه‌وه. هاوكات به‌هۆی پیسی ئه‌و بۆنه‌ی رۆژانه هه‌ڵیده‌مژێت، سییه‌كانی نه‌خۆش كه‌وتوون و قاچیشی وه‌ك جاران ئیشیان پێ ناكرێت.
هه‌ندێك له‌و ژنانه به‌ته‌مه‌نن و له ناچاریدا كار ده‌كه‌ن
له‌باره‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی پیاوانی ناو مه‌یدانی ئاژه‌ڵ، خانم نووری زیاتر گوتی "كه‌س بێزاری نه‌كردووم، به‌ڵام ژنه گه‌نجه‌كان بێزار ده‌كرێن".
به‌ڵام حاجی سه‌لام كه یه‌كێكه له پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كانی مه‌یدانی ئاژه‌ڵان له سلێمانی، ماوه‌ی 40 ساڵه له‌و مه‌یدانه كار ده‌كات، نایشارێته‌وه كه بوونی ئه‌و ژنانه به نه‌شیاو ده‌زانێت له‌و ناوچه‌یه و به"وشه" ده‌ڵێت، ''ئێمه وه‌ك خۆمان رێز له ژنه‌كان ده‌گرین و كاریشیان پێ ده‌ده‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه رۆژانه تووشی كێشه ده‌بنه‌وه، پێمان ناخۆشه و ده‌سته‌ڵاتیشمان نییه''.
حاجی سه‌لام كه نه‌یده‌ویست باسی كێشه‌كان به وردی بكات، گوتی ئه‌وان ژنن ده‌بێت به رێزه‌وه خزمه‌ت بكرێن، ئه‌م مه‌یدانه پڕه له كه‌سانێك كه كه‌س نازانێ كێن و چین و بۆچی هاتوون، ئه‌و ژنانه بێزار ده‌كه‌ن و قسه‌ی وا نه‌شیاویان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن كه نابێ و ناكرێ له ناو كۆمه‌ڵدا بگوترێن، هه‌ر قسه‌یش نییه، جار هه‌یه شه‌ڕ و ناخۆشی دروست ده‌بێت و گێچه‌ڵیان پێ ده‌كه‌ن.
مه‌یدانی ئاژه‌ڵ له هه‌موو شاره‌كانی كوردستان هه‌یه و تێیدا كڕیار و فرۆشیار له‌سه‌ر نرخی بزن، مه‌ڕ، مانگا و بێچووه‌كانیان رێك ده‌كه‌ون.
سه‌لما فاتیح په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، 'پشتیوانی هه‌موو كارێك ده‌كه‌م كه گه‌نج و ژنه‌كانمان بیكه‌ن و بتوانن به ره‌نجی شانی خۆیان بژێوی په‌یدا بكه‌ن، به‌ڵام پشتیوانی كارێك ناكه‌م نادادپه‌روه‌ری تێدا بێت و مافی كرێكاری تێدا پێشێل بكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كرێكاره ژنیش بێت''.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاشكرای كرد كه تا ئێسته په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوونی بۆ ئه‌و جۆره بابه‌تانه نه‌كردووه، چونكه سكاڵا له‌وباره‌یه‌وه نه‌كراوه له‌سه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانیان تا په‌رله‌مان به‌دواداچوونی بۆ بكات، بۆیه ده‌یانه‌وێ كار له‌سه‌ر یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن. به‌گوته‌ی خۆی، ئێسته فراكسیۆنه‌كه‌یان پڕۆژه‌یاسای سۆشیالی پێشكه‌ش به په‌رله‌مان كردووه تا حكوومه‌ت هاوكاری ئه‌و خێزانانه بكات كه هیچ داهاتێكیان نییه.
''به‌ڵێن ده‌ده‌ین له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له مافی ژن و مافی مرۆڤ، ئه‌م پرسه بجووڵێنین تا هیچ نه‌بێت خاوه‌ن كاریان دیاریكراو بێت و له‌و رێیه‌وه ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بێت'' سه‌لما وای گوت.
زیاد كاكه ره‌زا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بۆ "وشه" گوتی، گێچه‌ڵكردن به ژنان له هه‌رێمی كوردستان دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه و هه‌مووان هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین و پێویسته به یاسا رێگری لێ بكرێت.
ئه‌و له‌باره‌ی هاوكاریكردنی ئه‌م ژنانه تا بتوانن كارێكی تر یان مووچه‌یه‌ك ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، روونی كرده‌وه، له ماوه‌ی رابردوودا كوردستان به‌شه‌ڕ و ته‌نگژه‌ی گه‌وره‌دا تێپه‌ڕی و قووت و بژێوی كوردیان بڕی، بۆیه ئه‌سته‌م بوو وه‌زاره‌تی كار بتوانێ هاوكارییان بكات، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌توانێ به راپۆرتێك وه‌زاره‌ته‌كه له‌و كێشانه ئاگادار بكاته‌وه تا هاوكاری بكرێن و بتوانن باشتر بژین.
''كاركردن له مه‌یدانی ئاژه‌ڵ بۆ ژنانی ئێمه نه‌گونجاوه، ئه‌وان چه‌ندان ساڵ خزمه‌تی ماڵ و منداڵیان كردووه و به‌داخه‌وه ئێسته‌یش ده‌بێت كاری قورس له شوێنی ناخۆش بكه‌ن، بۆچوونی من و فراكسیۆنه‌كه‌مان وایه و حزبه‌كه‌شمان كار بۆ ئه‌وه ده‌كات تاكی كورد گه‌یشته ته‌مه‌نی خانه‌نشینی، له خۆشگوزه‌رانیدا بژی نه‌ك مه‌یدانی ئاژه‌ل" كاكه‌ڕه‌زا وای گوت.
به‌ڵام خانم ماوه‌ی چوار ساڵه هاوسه‌ره‌كه‌ی مردووه نه‌بوونی و كرێچێتی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه، بۆیه رووی له مه‌یدانی ئاژه‌ڵان كردووه تا بژێوی خۆی و دوو منداڵه‌كه‌ی دابین بكات كه له‌به‌ر نه‌بوونی له خوێندن دابڕاون.
ئه‌و كه ئێسته ته‌مه‌نی له هه‌ڵكشاندایه، تاكه خه‌می ئه‌وه‌یه نه‌توانێ له كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت و وه‌ك خۆی گوتی، ئه‌و مووچه‌یه‌ی به ناوی بێوه‌ژنانه‌وه ده‌درێت به ژن، تا ئێسته بۆ ئه‌و نه‌بڕاوه‌ته‌وه، چونكه مه‌رگی هاوسه‌ره‌كه‌ی و ته‌نگژه‌ی دارایی به‌دوای یه‌كدا هاتوون و ته‌واوی ئه‌و كارانه وه‌ستاون.
لای خۆیه‌وه عارف حیتۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار، له‌باره‌ی ئه‌م جۆره كارانه ده‌ڵێت، پێش ساڵی 2014 نزیكه‌ی 88 هه‌زار هاووڵاتی مانگانه مووچه‌ی هه‌ژاری یاخۆ بێكارییان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام له دوای ته‌نگژه‌ی دارایی ئه‌م مووچانه نه‌ماون، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌ش هاووڵاتییان تووشی گرفتی دارایی ده‌كات.
به‌بۆچوونی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره، ''كاركردن و ماندووبوون عه‌یب نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سكاڵایان له خاوه‌ن كاره‌كانیان هه‌یه یاخۆ هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژییه‌كیان ده‌كرێته سه‌ر، ده‌توانن سكاڵاكانیان بگه‌یه‌ننه وه‌زاره‌تمان و سكاڵاكانیان ده‌گه‌یه‌نینه دادگا و نایه‌ڵین مافی هیچ كرێكارێك له‌لایه‌ن خاوه‌نكاره‌وه پێشێل بكرێت''.
وشه/به‌دواداچوونی ره‌وه‌ز سه‌ڵاح