لە ئێران سزای بڕینەوەی دەست لەسەر دزێك جێبەجێ كرا

:: PM:02:18:24/10/2019 ‌

لە پارێزگای مازەندەرانی ئێران كەسێك كە چەندان جار بە تۆمەتی دزیكردن گیرابوو، دواجار سزای  بڕینەوەی دەست لەسەری جێبەجێ كرا كە سزایەكی ئیسلامییە و ئەمەش ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی لێ كەوتەوە.

زانیارییەكە لە لایەن دادگای مازەندەران بڵاو كراوەتەوە و باسی لەوە كردووە ئەو دزە 28 جار دزی لە ماڵان كردووە، بۆیە سزای بڕینەوەی دەستی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها هەڕەشەی كردووە هەموو ئەو كەسانەی بە هەر تاوانێك دەبنە هۆی تێكدانی ئاسایش و ژیانی خەڵك، ئەوا قورسترین سزایان لە دژ جێبەجێ دەكرێت.

پێوسیتە بگوترێت ئەم جۆرە سزادانە لە لایەن رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رەخنەی لێ گیراوە. رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەم سزایەی بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و بنەماكانی جۆری ئەشكەنجەدان هەژمار كردووە.

رێكخراوەكە پێشتریش چەندان جار رەخنەی لە كۆماری ئیسلامی ئێران گرتووە كە بەم جۆرە سزایانە وێڕای پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بووەتە هۆی تێكشكاندنی كەرامەتی مرۆڤ.

كۆمەڵێك پەرلەمانتار و كەسایەتی دیاریش رەخنەیان لەم جۆرە سزادانە گرتووە. یەحیا كەمالپوور ئەندامی سەرۆكایەتی لیژنەی دادوەری پەرلەمانیش رەخنەی گرتووە. ئەو پێشتر  لە حاڵەتێكی تری بڕینەوەی دەستی تاوانبار گوتبووی ناكرێ بە جۆرێك سزا كێشە بۆ سەرچاوەی بژێوی خەڵك دروست بكەی و مەبەستی ئەم پەرلەمانتارە ئەوەبوو كاتێك كەسێك دەستی دەبڕدرێتەوە، ئیتر دەبێتە سەرباری كۆمەڵگا و رەنگە نەتوانێت ئیشێك بكات كە ژیانی خێزان هەڵسووڕێنێت.

لە خەلافەتەكەی داعشیش ئەم سزایە جێبەجێ دەكرا.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەو باسی لەوەش كردبوو كە لە وڵات گەندەڵی زۆر گەورە دەكرێت و بە ملیاران تمەن دزی دەكرێ، كەچی ئەم جۆرە سزایانەش لەسەر هەندێك خەڵك جێبەجی دەكرێن كە لەوانەیە لە ماڵێك دزییان كردبێت.

بەگوێرەی مادەی 201ی یاسای سزای ئیسلامی ئێران بۆ سزای دزیكردن لە قۆناغی یەكەم چوار پەنجەی دەستی راست دەبڕدرێتەوە، لە قۆناغی دووەم قاچی چەپی تۆمەتبار دەبڕدرێتەوە و لە قۆناغی سێیەمیش بە سزای تاهەتایی مەحكووم دەكرێ و لە حاڵەتی چوارەمی روودانی تاوانەكەش، لە سێدارە دەدرێت.

ئەم یاسایە لە ئێران و سعوودیە و سوودان و سۆماڵی جێبەجێ دەكرێت. پێویستە بگوترێت لە خەلافەتەكەی داعشیش ئەم سزایە جێبەجێ دەكرا.



وشە - سلێمان تاشان