گۆران عومه‌ر، له‌یلا عه‌لی، سۆران سه‌قزی و لانه محه‌مه‌د به نموونه
كاتێك باسی ڕۆژنامه‌گه‌ری له كوردستان ده‌كرێ، یه‌كسه‌ر نموونه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕین دێته باسكردن و به گومانه‌وه ده‌ڕوانرێته ئه‌و لایه‌نه، چونكه چه‌ند كه‌سێك كه له پیشه‌كه‌دا بوون، له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا تیرۆر كراون، وه‌ك سۆرانی مامه‌حه‌مه، سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه گه‌رمیانی، به‌ڵام ئایا هه‌رگیز پرسیاری ئه‌وه‌مان كردووه، نهێنیی له‌ناوچوونی پێشكه‌شكاره‌كانی كوردسات چییه كه تایبه‌ت هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د خاوه‌نیه‌تی؟
بۆ ورد نه‌بینه‌وه له‌وه‌ی ڕێژه‌ی ته‌واوی تیرۆركراوانی ناو ڕۆژنامه‌نووسان به به‌راورد به قوربانییه‌كانی كوردسات، ڕێژه‌یه‌كی زۆر نییه، كه‌چی هه‌رگیز باسی ئه‌وان ناكرێ و به لێزانانه به‌بێ ئه‌وه‌ی گومانێكیان له‌سه‌ر بگوترێ، ده‌كوژرێن و ده‌ڕۆن و دۆسیه‌كه‌ش وه‌ك بڵێی نه‌بووبێ، نامێنێ. دوایه‌مینیشیان دۆسیه‌ی لانه محه‌مه‌د و ئامانج بابانی هاوسه‌ریه‌تی. پۆلیسی سلێمانی له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا هه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆی كرد، گه‌یشته ئه‌نجام، بڕیاریشی دا و بڕیاره‌كه‌یشی گه‌یاند. ئه‌م خێراییه له لێكۆڵینه‌وه و گه‌یشتن به ئه‌نجام، تا ئێسته له هیچ چیرۆكێكی "شارلۆك هۆڵمز" لێكۆڵه‌ره ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی له‌نده‌نیشدا نه‌بووه و حه‌قه بچێته كتێبی گینیسهوه.
له‌م ڕاپۆرته شیكارییه‌دا، به پشتبه‌ستن به زانیاریی كۆمه‌ڵێك پسپۆڕ، كه‌سانی نزیك له ڕووداوه‌كان، گوتنه‌وه‌ی سه‌رزاری خه‌ڵك ده‌خه‌ینه ڕوو، به‌ڵام له كۆتادا بابه‌تی تاوان هه‌میشه به گومان ده‌مێنێته‌وه و ئێمه گره‌نتیی ڕاستی هیچ زانیارییه‌ك ناده‌ین، پێمان وایه گومان له‌و دۆخه ته‌مومژاوییه به‌رده‌وامانه‌دا، باشتره له‌وه‌ی وه‌ك ڕۆژنامه‌وانی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ بین. هه‌میشه گومانه گه‌وره‌كه‌یش له‌م دۆسیانه‌دا بۆ ده‌زگه‌ی زانیاریی یه‌كێتییه كه نزیكه له كوردسات و خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه و خاڵی هاوبه‌شی تۆمه‌تی هه‌موو ڕووداوه‌كانه. ئایا ئه‌وه ڕێكه‌وته، حه‌وت بۆ هه‌شت ڕووداو له‌ناو یه‌ك كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی كه هه‌موویان تۆمه‌ته‌كه‌یان هه‌ر ئه‌و ده‌زگه‌یه بێت؟
لاهوور و هاوسه‌ره‌كه‌ی
به‌پێی زانیاریی كارمه‌ندێكی پێشووی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردسات، كاتێك لاهوور شێخ جه‌نگی هێشتا مێردمنداڵ بووه، هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوویه‌تی بۆ گه‌ڕان، به‌تایبه‌تی بۆ ناو میدیاكار و ڕۆشنبیران. به‌هۆی زۆریی سه‌ردانه‌كانیان بۆ كوردسات، چاوی به پێشكه‌شكارێكی ئه‌وێ ده‌كه‌وێ و دڵی ده‌ڕفێنێ و ئیتر نزیكی ده‌بێته‌وه و ده‌یخوازێ. به‌مه‌ش ئه‌و ژنه بۆ هه‌میشه واز له پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی ده‌هێنێ، چونكه بووه‌ته هاوسه‌ری كه‌سێكی ته‌ناهی كه نابێ له پیشه‌یه‌كی وادا بێت.
ئه‌م چیرۆكه جوانترین و پاكترین ڕووداوه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردساته له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی زانیاری و به‌تایبه‌تی خێزانی شێخ جه‌نگی. ئه‌مه‌ی لێ بێته‌ده‌ر، ته‌واوی چیرۆكه‌كانی تر به هه‌ڕه‌شه له مێرد، باوك، برای خاتوونه پێشكه‌شكاره‌كان ته‌واو بوون و هه‌ندێكیشیان به‌رز بوونه‌ته‌وه بۆ دۆخی خراپتر له هه‌ڕه‌شه.
له‌یلا عه‌لی و هه‌ڕه‌شه تا كوشتن
یه‌كێك له پێشكه‌شكاره هه‌ره به ئه‌زموونه‌كانی كوردسات كه له ته‌له‌ڤزیۆنی خاك ده‌ستی پێ كرده‌ووه، بریتییه له له‌یلا عه‌لى. وێڕای ئه‌و ئه‌زموونه گه‌وره‌یه‌ی هه‌یبوو، بڵاو كرایه‌وه كه له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا خۆی كوشتووه، وه‌ك سیناریۆیه‌كی تری له‌و جۆره‌ی له ڕووداوه‌كانی داهاتوودا دێینه سه‌ری.
نامه‌ی له‌یلا بۆ كوڕه‌كه‌ی پێش ڕووداوه‌كه: "كامۆ گیان، ئه‌گه‌ر من هه‌ركاتێك نه‌گه‌ڕامه‌وه ماڵ یان بزر بووم، یان كوژرام، بزانه ئه‌وه من تیرۆر كراوم له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی زانیاری یان (...)” نامه‌كه درێژه و له زۆربه‌یدا باسی ئه‌و هۆكاره ده‌كات كه چاوه‌ڕێ ده‌كات بیكوژن، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه بریتین له‌مانه: سه‌ردانی هه‌ولێری كردووه و كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هێرۆ برایم تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌خاته سه‌ر چووه بۆ سه‌ردانی به‌رپرسێكی باڵای پارتی، وێڕای ئه‌وه‌ی حاشای لێ ده‌كات شتێكی وا بووبێ، له كوردسات ده‌ریده‌كات و دواتر به‌هۆی دروستكردنی كێشه له نێوان خۆی و مێردە کۆنەکەی و (...) به سیناریۆیه‌كی ناڕوون ده‌كوژرێ.
گۆران محه‌مه‌د و سۆران سه‌قزی
دوو ئه‌ستێره‌ی تری ته‌له‌ڤزیۆنی كوردسات بوون، یه‌كه‌میان وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان به‌رنامه‌ی بۆ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه پێشكه‌ش كرد، دوایه‌مینیان به‌رنامه‌ی كڵاوێن بوو كه ڕه‌مه‌زان پێشكه‌شی ده‌كرد و بینه‌رێكی زۆری هه‌بوو. ناوبانگه‌كه‌ی بووبووه جێی ئیره‌یی (...) كه كه‌سێكی ناوماڵی شێخ جه‌نگییه و هه‌وڵ ده‌دات گرفتی بۆ دروست بكات و ده‌ری بكات. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هیچی لێ نه‌كرد و خۆی به قودره‌تی قادر له ڕێی هه‌ولێر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و كۆچی دوایی كرد!
سۆران سه‌قزی به‌رنامه‌ی سه‌یر و سه‌فه‌ری پێشكه‌ش ده‌كرد كه بریتی بوو له گه‌ڕان به‌ناو وڵاتان و گفتوگۆ له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و خواردن و به‌رگیان، به‌شێوه‌یه‌كی نه‌سته‌ق ده‌یگواسته‌وه كه بووبووه جێی سه‌رنجی بینه‌ر و هه‌وادارێكی زۆری بۆ خۆی ڕاكێشابوو.
سۆران ڕۆژهه‌ڵاتی بوو، پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ دیموكرات هه‌بوو. دواجار به ڕووداوێكی ته‌مومژاوی گوایه به‌هۆی زۆریی قه‌رزه‌وه له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، خۆی كوشتووه.
لانه و ئامانج
لانه محه‌مه‌د پێشكه‌شكاره‌كه‌ی به‌یانیانی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردستان كه به خاڵه‌كه‌ی ناوچاوانی ده‌ناسرایه‌وه، هاوسه‌ری ئامانج بابانی بوو كه پێشكه‌شكارێكی پێشكه‌وتووی ته‌له‌ڤزیۆنی نالیا بوو. دوو ئاشقی یه‌كتر بوون، ته‌نانه‌ت چیرۆكی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان كه ماره‌ییه‌كه‌یان گۆرانیی "په‌پووله‌ی ئازادی"ـی مه‌زهه‌ری خالقی بوو، ده‌نگی دابووه‌وه، به‌ڵام ئه‌م خۆشه‌ویستییه قووڵه دادی نه‌دان و ڕێی ژیانیان برده داد، بۆ ئه‌وه‌ی جیا ببنه‌وه، به‌ڵام پێش بڕیاره‌كه، هه‌رسێكیان بوونه قوربانیی فیشه‌ك و چیرۆكه‌كه به‌پێی ڕاپۆرتی پۆلیس، ئامانج لانه و منداڵه سێ ساڵییه‌كه‌ی كوشتووه.
ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر زنجیره‌ی ڕووداوه‌كانی ناو كوردسات و ژماره‌ی ئه‌و خاتوونانه‌ی له‌وێ تووشی هه‌ڕه‌شه بوون به‌هۆی ده‌زگه‌ی زانیارییه‌وه كه له هه‌شت دانه‌یش زیاتره، ئه‌وا ده‌كرێ شیكردنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ ئه‌م ڕووداوه بكه‌ین و بۆمان ده‌ربكه‌وێ، ئه‌وه‌ی له هه‌موو كه‌س قوربانیتره، ئامانجه.
مانگی پێنجی ئه‌مساڵ، ئامانج بابانی له ئه‌ڵقه‌یه‌كی به‌رنامه‌ی بێ سنوور، كچێكی له پشت په‌رده‌وه هێنا كه هه‌ندێ نهێنیی به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی ئاشكرا كرد. به‌رپرسه‌كه له به‌رنامه‌كه‌دا به ئامانجی گوت: باشتر وایه ئاگه‌داری ماڵی خۆت بیت، بۆچی ئاگات له لانه‌ی هاوسه‌رت نییه و بزانه لای "پۆڵات تاڵه‌بانی” چی ده‌كات، بۆ ناچی پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بۆ منداڵه‌كه بكه‌ی؟ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی دیبێ ده‌زانێ چۆن ئامانج بابانی به‌وه به‌سه‌ر خۆیدا شكاوه‌ته‌وه، زانیارییه‌كانیش ده‌ریده‌خه‌ن دواتر له‌سه‌ر ئه‌و تێكچوون و شڵه‌ژانه‌ی، له‌گه‌ڵ شاسوار عه‌بدواحید دووقۆڵی كۆ ده‌بنه‌وه و ده‌رئه‌نجام كێشه‌كانی نێوان خۆی و لانه به ته‌واوی ده‌چێته دادگه.
ئه‌م بابه‌ته ورده‌كارییه‌كی درێژی هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر تازه‌یی بابه‌ته‌كه لێره‌دا به‌كۆتا بێت باشتره و هه‌ڵبگیرێت بۆ ڕۆژگاری داهاتوو.
وشه/ سارا حه‌مه‌تاڵ