ئامانج بابانی و لانە محەمەد.. دۆسیەیەك و دەیان گومان

:: AM:09:26:27/10/2019 ‌

بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەكەیان بەردەوامە، لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان لە كارەكانیان پێشوەچوونیان بەدی هێناوە و سەردانی ماڵباتی هەردوولا دەكەن، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند زانیارییەكیان دەست كەوتووە كە پێشتر لە لێكۆڵینەوە و لەلایەن دەزگە تەناهییەكانەوە باسی نەكراون.


ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمی ڕابردوو لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا لە بەردەم فامیلی مۆڵ لە سلێمانی /كامێرای چاودێری لێیە/ تەرمی ئامانج بابانی پێشكەشكار لە كەناڵی ئێن ئاڕ تی و لانە محەمەد ڕۆژنامەنووس لە كەناڵی كوردسات و منداڵەكەیان بە كوژراوی بینرا، هەرچەندە دوای كەمتر لە 24 سەعات پۆلیس كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، ڕووداوەكە خۆكوژی بووە. بەڵام ئەو قسەیە گومانەكانی لەناو خەڵك و خێزانی ئامانج بابانی زیاتر كرد.

لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمان:
زانیاری وردمان دەست كەوتووە

دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر ئەو ڕووداوە، هێشتا دۆسیەكە لە تەمومژێكی زۆردا ماوەتەوە، لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن و دەڵێن، زانیاری وردمان دەست كەوتووە لەلایەن ماڵباتی هەردوولاوە. "وشە" لەو ڕاپۆرتەدا چەند وردەكارییەكی تر لەبارەی ئەو دۆسیەیە دەخاتەڕوو.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەرچەندە ئامانج بابانی و لانە محەمەد وەك هەر خێزانێكی تر كێشەیەكی ئاسایی خێزانیان لە نێوان هەبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێكی ئەوەندە توند كە هەڕەشە و كوشتن بكەوێتە نێوانیان. 

پارێزەرەكەی لانە، بە"وشە" دەڵێ، بڕیاربوو ڕۆژی شەمووی دوای ڕووداوەكە لەگەڵ لانە یەكتر ببینین، چونكە ئەو پێوەندی كرد و گوتی شتێكی گرنگ هەیە پێتی دەڵێم. 

باسی لەوەیش كرد كە هەرگیز لانە باسی "هەڕەشە و لێدان"ی لەلایەن ئامانجەوە بۆ سەر خۆی نەكردووە.

سەیران عەبدولڕەحمان پارێزەری لانە محەمەد لە دۆسیەی جیابوونەوەی خێزانی، بۆ "وشە" گوتی، دۆسیەی جیابوونەوەی ئامانج و لانە لە دادگا بوو، بەڵام چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەو دۆسیەیە لە دادگا تەرك كرا، وەك هەر ڕێوشوێنێكی یاسایی.

ڕوونی كردەوە كە هیچ كەسێك لەسەر تەرككردنی ئەو دۆسیەیە لەلایەن خێزانی هەردوولاوە قسەی نەبووە، "هەرچەندە پێشتر هیچ تێكەڵییەكم لەگەڵ خێزانی لانە نەبوو و نایانناسم".

پارێزەری لانە: 

هەرگیز لانە باسی "هەڕەشە و لێدانی" لەلایەن ئامانجەوە نەكردووە
پارێزەرەكە گوتی، ئەو بەڵگانەی پۆلیس بڵاوی كردوونەتەوە تای تەرازوو بەلای ئامانج بابانی دەشكێنێتەوە كە ئەو بكوژەكە بووە، "بەڵام ئەوە ڕای پۆلیسە" و دەبێ دادوەر بڕیار لەسەر دۆسیەكە بدات، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەكی دژ نییە.

هاوكات زانا مەلا خالید كە لەناو لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستانە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی ئامانج بابانی و لانە محەمەد، رای دەگەیەنێت كە سەردانی خێزانی هەردوولا كراوە و هەندێك زانیاری كە دەبوو دەستمان بكەوێت، پێمان دراوە.

پەرلەمانتارەكە ئامادە نەبوو زانیارییەكان بدركێنی، بەڵام بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە كە "زانیارییەكان وردن".

سەیران عەبدولڕەحمان پارێزەری لانە ئەوەیشی دركاند كە "ئەو چەند جارەی لەگەڵ لانە دانیشتووم، هیچ ترسێكی نەبووە كە ڕووبەڕووی ڕووداوێكی وا ببێتەوە، تەنانەت لەسەر ئەوەی كە ئامانج پێشتر هەڕەشەی لێ‌ كردبێ، هیچی پێ نەگوتووم".

باس لەوەیش دەكات كە پێش 15ی ئەم مانگە پێوەندی بە هاوكارەكانمەوە كردبوو كە دەیەوێ‌ بمبینێ‌ و چەند زانیارییەك هەیە. "ڕۆژی شەموو بڕیار بوو یەكتر ببینین" بەڵام ئەو ڕووداوەی بەسەر هات.

پارێزەرەكەی هاوشێوەی ڕای گشتی داوا دەكات ئەو دۆسیەیە یەكلا بكرێتەوە، بەڵگە ڕاست و ڕەوانەكان بخرێنە ڕوو تا بەتەواوی ڕای گشتیی بڕوای بە لێكۆڵینەوەكان بكات.  

هاوڕێیەكی نزیكی لانە كە هاوپیشەی بووە لە كەناڵی كوردسات و نزیكە لە ماڵباتەكەی، بە"وشە"ی گوت، هێشتا بڕوابوون بە خۆكوژی ئەو خێزانە سەختە، ئەو بڕوایەیش تەنانەت لای خێزانی لانەیش ناچێتە عەقڵەوە.

ئەو كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێ‌، ڕای گەیاند، "لە نزیكەوە لە دایكی لانە و خوشكەكانیم پرسیوە كە كێشەكە گەیشتبووە ئەو ئاستەی ئەوە ڕوو بدات، بە سەرسوڕمانەوە وەڵامیان داوە و لەو بڕوایەدا نەبوون ئەوە ڕوو بدات".

لەبارەی ئەوەی خوشكی لانە بەڕوونی ئامانجی تۆمەتبار كردووە بە كوشتنی، هاوڕێ‌ نزیكەكەی لانە گوتی، "خوشكەكەی دڵی گەرمە و خێزانی ئامانج بابانیش ئەوەیان لە دڵ نەگرتووە، بەڵام پێویستە ئەو دۆسیەیە ڕوون ببێتەوە".

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستە ماڵباتی هەردوولا خەریكە كێشەیان لە نێوان نامێنێ، تەنانەت خاڵی ئامانج بەشداری لە پرسەكەی لانە كردووە و لەگەڵ مامی لانە لە پێوەندیدان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە هەندێ سەرچاوەی نافەرمییەوە دەستی كەوتوون، ڕووداوی ئامانج و لانە و منداڵەكەیان بەهیچ جۆرێك خۆكوژی نەبووە، گومان دەكرێت دەزگەیەكی هەواڵگری ئەم كارەی كردبێت.

رووداوەكە شەوی چوارشەم بوو كە هاوكاتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە و زۆربەی بۆچوونەكان بۆ ئەوە دەچن كە كاتەكەی بەپلان دانراوە تا ئەو خیانەتە لەبیری خەڵك ببرێتەوە. جیا لەوەی هەمان ئەو كاتەبوو كە ئامانج بەرنامەكەی "بێ سنوور" تێدا پێشكەش دەكرد لە سەعات نۆ و پێنج خولەكی شەوانی چوارشەم.

شەوی ڕووداوەكە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ /خاوەنی كەناڵی نالیا/ هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەوان بڕوا بەوە ناكەن ڕووداوەكە خۆكوژی بێت، داوای لێكۆڵینەوەیەكی رژد و بێلایەنیان كرد دوور لە دەستوەردانی هێزە تەناهییەكانی سلێمانی و یەكێتی، بەڵام دواتر شاسواریش بێدەنگی لێ كرد.

كەناڵی ئێن ئاڕ تی كە ئامانج بابانی ڕۆژنامەنووسێكی دیاریان بوو ڕایان گەیاند، ئەوان لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە دەكەن، بەڵام ئەوانیش بێدەنگیان لێ كرد. 

بێدەنگی شاسوار و ئێن ئاڕ تی لە دۆسیەی كوشتنی ئامانج و لانە و منداڵەكەیان، ئەو دەنگۆیەی تەشەنە پێ كردووە كە بە هەڕەشە "بێدەنگ كراون". ئەمە هاوكاتی هیچ دەركەوتنێك لەلایەن ماڵی ئامانجەوە كە وەك دەگوترێ "ئەوانیش هەڕەشەیان لێ كراوە". جیا لەوەی زۆر بە پەلە هێرشی میدیایی كرایە سەریان و گۆشەگیر كران، سەرەڕای ئەوەی كوڕەكەیان لەدەست دا.

هێشتا لەسەر ئەو دۆسیەیە چەند سەرنجێك هەن كە بە تەواوی گومان دەخاتە سەری، یەكێك لەوانە پەلەكردن لە ناشتنی تەرمی ئەو خێزانە، لە كاتێكدا بە ئەستەم لە پارێزگاكانی كوردستان رێ‌ دەدرێ شەوانە مردوو بنێژرێ‌. 

هاوكات یەكێكی تر لە سەرنج و گومانەكان ئەو پەلەكردنەی پۆلیس بوو لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە، لە كاتێكدا هێشتا لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بووە.

سەرباری هەموو ئەوانە، لە دۆسیەی ئامانج و لانە، چەند میدیایەك بە كرێ‌ گیراون تا بەتەواوی خاڵی كۆتا "وەك دۆسیەیەكی خۆكوژی لەسەر ئەو ڕووداوە دابنێن". لە كاتێكدا ڕووداوەكە بەبۆچوونی زۆرینەی ڕای گشتیی، تیرۆر و كوشتنە نەك خۆكوژی.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم