دوای كوژرانی خەلیفەی داعش، خوشكێكی ئەبوبەكر بەغدادی لە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی توركیا دەگیرێت كە پێنج منداڵی لەگەڵ بووە. بەرپرسێكی باڵای توركیش دەڵێ، خوشكەكەی بەغدادی لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە.
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی دووەم، ئاژانسی هەواڵی (
رۆیتەرز) گرتنی خوشكێكی ئەبوبەكر بەغدادی و هاوسەرەكەی و هاوژینی كوڕەكەی لەگەڵ پێنج منداڵ راگەیاند.
بەرپرسێكی باڵای توركی دەڵێ، خوشكەكەی بەغدادی لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزێكی توركی لە شاری ئەعزازی باكوری سووریا گیران.
هیوادارین زانیاری بە بەها لە خوشكەكەی بەغدادی لەسەر كاركردن لەناو داعش وەربگرین
بەرپرسە توركەكە رۆژی گرتنی خوشكەكەی بەغدادی و هاوسەرەكەی و هاوژنی كوڕێكی و پێنج منداڵەكەی ئاشكرا نەكردووە.
رەسمیە عەواد (65) ساڵ، خوشكی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) لە دەرئەنجامی ئۆپراسیۆنێك لە شاری ئەعزازی نزیك سنووری توركیا گیراوە، ئەو شارەش پێشتریش لە ژێر دەسەڵاتی توركیا بووە.
بەرپرسە توركەكەی قسەی بۆ رۆیتەرز كردووە، ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە و دەڵێ، هیوادارین زانیاری بە بەها لە خوشكەكەی بەغدادی لەسەر كاركردن لەناو داعش وەربگرین.
هاوكات بەپێی راپۆرتێكی "نیویۆڕك تایمز" بێت، خەلیفەی داعش جگە لە رەسمیە، ئەوا پێنج برا و چەند خوشێكی تری هەن، بەڵام دیار نییە چەند لە خوشك و براكانی بەغدادی لە ژیاندا ماون.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رۆژی یەكشەمی رابردوو 27ـی تشرینی یەكەم، بە فەرمی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، "بەغدادی لە ئۆپراسیۆنێكی دوو سەعاتیدا لەگەڵ سێ لە منداڵەكانی و چەند چەكدارێكی تری داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كوژران".