شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی، نیگه‌رانن له ره‌وشی شاره‌كه و داوا ده‌كه‌ن چیتر به‌ناوی خه‌مخۆری و لاواندنه‌وه‌وه، مه‌رگ لای خه‌ڵك جوان نه‌كرێت و نه‌بێته بابه‌تێكی رۆمانسییانه. هاوكات داوا ده‌كه‌ن "لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌و رووداوه جه‌رگبڕ و نه‌خوازراوانه بكرێت كه خه‌ریكه له‌م شاره‌دا ده‌بنه دیارده".
زۆربوونی حاڵه‌ته‌كانی كوشتن و تاوانی ناخهه‌ژێن له سلێمانی، خه‌ریكه ده‌بنه شتێكی ئاسایی و خه‌ڵك ورده ورده وای لێ بێت به بیستنیان شۆك نه‌بێت. وێڕای ئه‌مه‌ش هه‌ندێك له‌و تاوان و مه‌رگه ناخهه‌ژێنانه له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌ركۆنه بكرێن و هۆشیاری خه‌ڵك به‌رز بكاته‌وه و دژی بوه‌ستنه‌وه، كه‌چی بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌زاران شیعر و بابه‌تی رۆمانسی ناو سایت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ندێك له نووسه‌ران و رۆشنبیران باسی ده‌كه‌ن، جۆرێكه له پیاهه‌ڵدان و ستایشی مه‌رگ، ئاشكرایه له هه‌ر شار و وڵاتێكدا مه‌رگ ستایش كرا، ئه‌وه پێچه‌وانه‌كه‌ی بریتییه له نه‌فره‌تكردن له ژیان .
خۆكوشتن دیارده‌یه‌كی گیانله‌به‌رانه‌یه، مه‌رج نییه به‌س له ناو مرۆڤدا هه‌بێت
رامیار مه‌حموود نووسه‌ر و رۆشنبیری ناسراوی كورد، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه خۆكوشتن دیارده‌یه‌كی گیانله‌به‌رانه‌یه، مه‌رج نییه به‌س له ناو مرۆڤدا هه‌بێت، له ناو هه‌ندێك گیانله‌به‌ری تریشدا هه‌یه. ئه‌و جۆره زینده‌وه‌ر و گیانله‌به‌رانه‌ی تر كه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌یان نییه، هه‌رگیز خۆیان ناكوژن.
"مه‌به‌ستم له خۆكوشتن لێره‌دا خۆكوشتنی تاكه‌كه‌سییه كه ته‌واو جیاوازه له خۆبه‌كوشتدان، چونكه خۆبه‌كوشتدان ئایدیۆلۆجیه به ناوی ئاین یان نیشتمان یاخۆ كۆمۆنیزم یان هه‌ر شتێك. مه‌رج نییه خۆبه‌كوشتدان كه سه‌رچاوه‌كه‌ی بیروباوه‌ڕه به كه‌م بنرخێنرێت، چونكه مێژوو پڕه له چیرۆكی قاره‌مانانه‌ی خۆبه‌كوشتدان له پێناوی خه‌ڵكێكی تر و مرۆڤی تر كه ژیانێكی جوانتر بكه‌ن" رامیار وا ده‌ڵێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "خۆكوشتن وه‌ك ڕووداوێكی تاكه‌كه‌سی هه‌ڵگری پێشمه‌رج نییه له ڕووی كولتوورییه‌وه كه ده‌بێت پاساوه‌كه‌ی له شیعره‌وه بێت یان چیرۆك یان رۆمان‌نووسین یان فكر و بابه‌تی فه‌له‌سه‌فی. زۆرترین خۆكوشتن خه‌ڵكی ئاسایی له گۆی زه‌وی پێی هه‌ڵساون، كه‌مترینی بواری كولتووره. به‌ڵام كه‌سانی بواری كولتوور زیاتر كاره‌كه‌یان ده‌بیسترێت و ده‌نگوباسی له‌سه‌ر دروست ده‌كرێت".
به‌گوته‌ی رامیار مه‌حموود "ئه‌وه‌ی پێویسته بیزانین له‌باره‌ی خۆكوشتن، ئه‌وه‌یه كه كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه له دنیادا له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆكوشتن ئیرۆره. به تایبه‌ت خۆكوشتن كه هۆكاره‌كه‌ی ته‌نگژه‌ی كه‌سی بێت. نابێت پشتیوانی له ئیرۆر بكرێت" .
له ماوه‌ی رابردوو رووداوی كوژرانی ئامانج بابانی و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه رۆژنامه‌نووسی ناسراو بوون، زۆر كاردانه‌وه‌ی دروست كرد، رۆژێك پێشتر فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان دوو كه‌سی له ئه‌زمه‌ڕ كوشت كه شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌یه.
هاوكات حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كورد، داوا ده‌كات سلێمانی به‌و پرسانه ناشیرین نه‌كه‌ن. ئه‌و هونه‌رمه‌نده له "وشه"وه داوا له میدیاكان ده‌كات مه‌رگ شیرین نه‌كه‌ن، چونكه هیچ شتێك ئه‌وه ناهێنێت خۆتی بۆ بكوژیت له هه‌ر بار و گوزه‌رانێكدا بێت، كێشه‌ی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی ئه‌م شاره ئه‌وه‌یه سۆزدارانه بیر ده‌كه‌نه‌وه بۆ هه‌موو شتێك، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
هه‌ره‌س ده‌ڵێ "ورووژاندنی پرسه‌كان به ئاراسته‌ی جیاواز و گه‌وره‌كردنی زیاتر له قه‌باره‌ی خۆی، وه‌ك لێڵكردنی گۆمێك وایه تا ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئاوی لێڵدا مه‌له ده‌كه‌ن مه‌رامه‌كانی خۆیان به‌دی بێنن، یاخۆ ده‌ستی دزی و تاوان و گه‌نده‌ڵی خۆیان بشارنه‌وه" .
به‌دوای ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌دا له سلێمانی، شاعیری دیاری كورد حه‌مه‌عومه‌ر عوسمان خۆی خنكاند و ئه‌وه‌یش كۆستێكی گه‌وره‌بوو بۆ خه‌ڵكی سلێمانی.
با ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته ناونیشانی ئه‌م شاره، ببنه مامۆستای ژیان و هیوا
دیاری قه‌ره‌داغی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كورد له‌باره‌ی ئه‌و هه‌فته خوێناوییه‌ی سلێمانی پێدا تێپه‌ڕی، بۆ "وشه"ی به پێویستی زانی له‌لایه‌ن "شرۆڤه‌كارانی شاره‌زا تاوتوێی ئه‌و كاره‌ساته ناخهه‌ژێنانه بكرێت، چونكه ده‌كرێت هۆكاره‌كان جۆراوجۆر بن، ده‌كرێت هه‌ندێكیان سیاسی بن یا كۆمه‌ڵایه‌تی بن، ده‌شێ ئابووریش بن".
ئه‌و گوتی "سلێمانی زۆر گه‌وره‌یه له به‌رخودان و جوانی و ژیان و بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌نگه له رووپێودا بچووك بێت، به‌ڵام هێنده جوانی تێدایه گه‌وره‌ی كردووه، با ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته ناونیشانی ئه‌م شاره، ببنه مامۆستای ژیان و هیوا".
"مه‌رگی محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان كه‌ڵه‌شاعیری گه‌له‌كه‌مان به‌و شێوه دڵته‌زێنه هه‌ژاندمی، مه‌رگ زۆر گه‌وره‌یه، بۆیه تكایه با له‌گه‌ڵ ژیان بین، هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كان له به‌رده‌م هیوادا رابگرین، رووداوه‌كان دڵته‌زێنن كوردستان ته‌نراوه به ململانێی مێژوویی و جۆراوجۆر، با ئێمه به‌رده‌وامی به ژیان بده‌ین و جوانی بكه‌ین" قه‌ره‌داغی وا ده‌ڵێت.
لای خۆیه‌وه نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس هۆشیار عه‌زیز به"وشه"ی راگه‌یاند، سلێمانی كه پایته‌ختی هونه‌ر و ڕۆشنبیری و هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی كوردستانه، له مێژووی هونه‌ر و رۆشنبیری و سیاسه‌ت و قوربانیداندا رۆڵی گرنگ و پێشه‌نگی هه‌بووه، هه‌میشه وه‌ك چرایه‌كی گه‌ش كوردستانی ڕووناك كردووه‌ته‌وه، كه‌چی ئێسته به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری و بێ خاوه‌نییه‌وه گیرۆده‌ی ده‌ردی خۆی بووه، له جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ پێشه‌وه بچێت، به‌داخه‌وه ورده ورده له زۆر بواردا بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌ك عه‌زیز ئاماژه‌ی بۆ كرد "تاكه شت لایه‌نی ئاسایشه‌كه‌ی بوو كه تا ئاستێك خه‌ڵك دڵیان پێی خۆش بوو و له ژیان و گیانی خۆیان و خێزانیان دڵنیا بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو چه‌ند تاوان و كوشتنێك ئه‌و متمانه و دڵخۆشییه‌ی خه‌ڵكی به با دا، به جۆرێك كه ئێسته خه‌ڵكێكی زۆر له ژیانی خۆیان دڵنیا نین و پێیان وایه رۆژێك یان شه‌وێك دێت و ئه‌وان ده‌بنه ئه‌كته‌ری قوربانی ئه‌و زنجیره تاوان و كوشتن و خۆكوشتنه‌ی به‌رۆكی ئه‌م شاره‌ی گرتووه" .
"هیچ شتێك هێنده‌ی ترسی دڵنیانه‌بوون له سه‌لامه‌تی ژیان مه‌ترسیدارتر نییه، مرۆڤ به‌بێ خزمه‌تگوزاری ده‌توانن بژین، به‌ڵام له‌ژێر تارمایی ترس له مه‌رگدا ژیان ئه‌سته‌مه و ده‌بێته مه‌رگ" هۆشیار عه‌زیز وای گوت.
داوایشی كرد "ده‌زگه پێوه‌ندیداره‌كان وردتر و دڵسۆزانه‌تر و راستگۆیانه‌تر، به‌دوای ده‌سته‌كانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كاندا بگه‌ڕێن و بیاندۆزنه‌وه، بێ ترسیش ئاشكرایان بكه‌ن، تا چیتر متمانه‌ی خه‌ڵك به‌و ده‌زگایانه له‌وه لاوازتر نه‌بێت، چونكه لاوازبوون و نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌و ده‌زگایانه مه‌ترسیداره".
وشه/به‌دواداچوونی ره‌وه‌ز سه‌ڵاح