دوای 10 مانگ له هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، دواجار كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی له 10ی ته‌مووز/یۆلیۆی 2019 به ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م وه‌زیره پێشنیازكراوه‌كان له به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده بوون و نوێنه‌رانی گه‌ل متمانه‌ی پێ دان. بۆ رۆژانی دواتر كابینه‌ی نوێیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار بوو.
سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێز
له وتاری دوای متمانه‌دان به سه‌رۆكی حكوومه‌ت و كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی، مه‌سروور بارزانی له په‌رله‌مان دووپاتی له‌سه‌ر "گرنگیدان به پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، پێداچوونه‌وه به كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی، په‌ره‌پێدانی ئابووری كوردستان و هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات" كرده‌وه. هاوكات په‌ره‌دان به كه‌رتی بازرگانی و ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی و دروستكردنی حكوومه‌تێكی به‌هێزی به خه‌ڵكی كوردستان ڕاگه‌یاند.
"چاكسازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به ده‌ستێكی به‌هێز، شه‌فافیه‌ت و ئازادی ده‌ربڕین، ڕێكخستنه‌وه له ده‌وام و نه‌هێشتنی ڕۆتین و به ئه‌لیكترۆنی خزمه‌تگوزارییه‌كان"، گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی كوردستان بوون، كه سه‌رۆكه‌كه‌ی له یه‌كه‌م وتاری دوای متمانه‌پێدانی له په‌رله‌مانی كوردستان به خه‌ڵكی كوردستانی دا.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت له 100 ڕۆژدا له‌گه‌ڵ 45 شاندی بیانی كۆ بووه‌ته‌وه
كابینه‌كه له سه‌رۆك و جێگر و 23 وه‌زیر پێكهاتووه، سه‌رجه‌میان متمانه‌یان له په‌رله‌مانی كوردستان پێ درا، دواتر له ڕێی لیژنه‌یه‌كه‌وه ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات كرا و یه‌ك له دوای یه‌ك وه‌زیره‌كانی پێشوو نووسینگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانیان به گوڵ و شیرینی به وه‌زیره نوێیه‌كان سپارد و سیمایه‌كی گه‌ش و جوانی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان خسته ڕوو. شاره‌زایانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی پرۆسه‌كه‌یان به ده‌وڵه‌تی و زۆر پێشكه‌وتوو و دیموكراسییانه هه‌ژمار كرد.
هه‌رزوو دوای متمانه‌پێدان به كابینه‌ی نۆیه‌م، تێكڕای حزبه سیاسیی و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی نیشتمان و وه‌زیر و به‌رپرسانی باڵای عێراق و وڵاتانی دراوسێ و دنیا، به ژماره‌یه‌كی زۆر له په‌یامی پیرۆزبایی و دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانی، پێوه‌ندییان به مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كرد.
پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشتوونه‌ته‌وه به‌رزترین ئاست
ڕۆژێك دوای متمانه‌وه‌رگرتن، مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ی و وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی كۆبووه‌وه و پێی ڕاگه‌یاندن كه هه‌مووان وه‌ك یه‌ك تیم و به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی حكوومه‌ت و به گیانێكی نیشتمانی و دوور له حزبایه‌تی، "ئه‌ركمانه خزمه‌تی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین".
كاسبكار و كارمه‌ندان و هه‌موو توێژه‌كان به‌و هیوا و ئومێده شاد بوون به پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێی حوكمڕانی له ڕه‌وڕه‌وه‌ی حوكمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له هه‌رێمی كوردستان له دوای 1991ه‌وه، ئارامی و بووژانه‌وه‌ی بازاڕ و چاكسازی و به‌هێزی ئه‌و وشانه بوون كه زۆربه‌ی خه‌ڵك بڕوایان بۆی دروست بوو، كه ئیتر ئه‌م حكوومه‌ته جیاواز ده‌بێت و حكوومه‌تی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك ده‌بێت و له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانیش ئه‌مه‌یان بۆ ڕوون بووه‌وه.
له‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه"دا گرنگترین ئه‌و ده‌سكه‌وت و پڕۆژه و بڕیارانه ده‌خه‌ینه ڕوو كه كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای 100 ڕۆژ له ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ده‌ستی هێناون.
له ڕووی ئابووری
كه‌رتی ئابووری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م گرنگییه‌كی ته‌واوی پێ درا و حكوومه‌تی نوێ زۆرترین ئامانجی خۆی له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و بواره كرده‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕۆژی 18ی ته‌مووز/یۆلیۆ مه‌سروور بارزانی وتارێكی له ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست"ی ئه‌مه‌ریكایی بڵاو كرده‌وه و تێیدا دووپاتی كرده‌وه، وێڕای ئه‌و ڕه‌وشه ناله‌باره‌ی پێشوو هه‌بوو، به‌هۆی شه‌ڕی داعش و هاتنی به لێشاوی ئاواره‌كان و بڕینی بودجه كه وایانكردووه كوردستان به ملیاران دۆلار قه‌رزار بێت، به‌ڵام سه‌ختییه‌كان تێده‌په‌ڕێنین و ده‌مانه‌وێ ئابوورییه‌كی به‌هێز و هه‌مه‌چه‌شن دروست بكه‌ین و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌مووان بێنینه دی.
دامه‌زراوه‌كان هه‌نگاوی به ئه‌لیكترۆنیكردنیان ده‌ستی پێكردووه و رۆتین و خزم خزمێنه گه‌یشتووه‌ته لێواری مه‌رگ
كۆكردنه‌وه و چوونه‌وه‌ی داهاتی هه‌موو ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی خاوه‌ن داهاتن بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بڕیاری له كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران لێ درا، جیا له‌وه‌یش بڕیاری پێداچوونه‌وه به خه‌رجییه‌كانیش ده‌ركرا، به جۆرێك هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد بۆ خه‌رجی و پێویستییه‌كانی هه‌ر وه‌زاره‌تێك بكرێ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه خه‌رجییه‌كانیان بۆ دابین بكرێ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه.
كاركردن و دووباره ئاماده‌كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان خاڵێكی تره كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به وردی كاری له‌سه‌ر كرد و به‌رده‌وامیشه، بۆ نه‌هێشتنی مووچه‌ی بندیوار و خانه‌نشینی نایاسایی كه به‌گوێره‌ی داتاكان زیاتر له 100 هه‌زار مووچه‌خۆری بندیوار و خانه‌نشینی نایاسایی بوونیان هه‌یه.
هاوكات بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری كه‌رتی ئابووری كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا، كردنه‌وه‌ی وێبسایتێكی ئه‌لیكترۆنی بوو بۆ تۆماركردنی كۆمپانیا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی، ئه‌مه‌یش وایكرد كه پرۆسه‌ی تۆماری كۆمپانیاكان زۆر ئاسان و خێرا بكرێ و هانی كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییه‌كانیشی دا تا زیاتر ڕوو له كوردستان بكه‌ن.
ئامانجێكی تری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ زیاتر شه‌فافكردنی داهاته‌كانی نه‌وت، كاراكردنی یاسای سندووقی داهاته نه‌وتییه‌كان كه په‌رله‌مان له ئایار/مایۆی 2015 په‌سه‌ند كرد، به‌ڵام ده‌سته‌كه دانه‌مه‌زرا.
كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا هه‌نگاوی گه‌وره‌ی به ئاراسته‌ی چاكسازی ناوه
بۆ فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌ی داهات، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می خۆی، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و شاره‌وانی و لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانی ڕاسپارد، تا به‌رنامه‌یه‌كی پوخت و چڕ دابنێن، بۆ وه‌رزی هاتنی گه‌شتیار به بۆنه‌ی جه‌ژنه‌كانه‌وه، تا بتوانرێ كه‌شێكی زۆر گونجاو بۆ گه‌شتیاران دروست بكه‌ن و هان بدرێن، زۆرتر ڕوو له كوردستان بكه‌ن و داهاتی زۆرتر به‌و هۆیه‌وه بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
هاوكات وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌ستی به به‌رنامه‌یه‌كی پشتیوانی و بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان كردووه و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م كه‌رته ببێت به یه‌كێك له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی داهات له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ خراپ پێشاندانی به‌روبوومی ناوخۆیی و بێبایه‌خكردنی ده‌دران، به ته‌واوی ڕووبه‌ڕوویان بووه‌وه.
جیا له‌وه‌یش قه‌ده‌غه‌ی هاورده‌كردنی به‌روبوومی ده‌ره‌كی له وه‌زری پێگه‌یشتنی به‌روبوومی كشتوكاڵی به وردی جێبه‌جێ كرا، به‌رنامه‌یه‌كی ورد بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك له هه‌رێمی كوردستان بناغه‌ی دانراوه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ، تا به ته‌واوی فره‌وان بكرێ و سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی كوردستان به ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر بكرێ و ڕێ له هاتنی كاڵای خراپ و به‌سه‌رچوو بۆ بازاڕ بگیرێت.
بۆ پرسی مووچه و دامه‌زراندنیش سه‌ره‌ڕای ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی له به‌غداوه مانگانه ده‌گاته كوردستان، هاوكات كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له گفتوگۆ و نزیكبوونه‌وه له یه‌كتر، تا بڕی بودجه‌ی كوردستان له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020ی عێراق زیاد بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش، پێداچوونه‌وه به كارمه‌ند و مووچه‌خۆران به گوێره‌ی سیستمی بایۆمه‌تری و شیاوی و نه‌هێشتنی بندیوار به وردی كاری له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه به ئه‌نجامی كۆتایی.
ته‌ندروستی و ده‌رمان و ئاسایشی خۆراك كوالێتی به‌هێز كراوه
هاوكات له كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان بڕیاری دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ حكوومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ركرد. جیا له‌وه‌یش له كۆبوونه‌وه‌ی سێیه‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیار درا مووچه‌ی 13 هه‌زار خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه كه پێشتر مووچه‌كانیان بڕٍابوو. له هه‌مان كۆبوونه‌وه‌دا، بڕگه‌ی هه‌شته‌می به‌شی چاكسازی له هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی حكوومه‌ت خرایه ڕوو كه تایبه‌ته به چاكسازی له سیستمی باج و گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی و كارگێڕی بۆ ڕێگرتن له خۆدزینه‌وه له پێدانی باج. داوایشی كرد هه‌موو ئه‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ی قه‌رزاری حكوومه‌تن به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی بیگه‌ڕێننه‌وه.
له 19ی ئاب/ئۆگستس وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان به نووسراوێكی فه‌رمی به پشتبه‌ستن به نووسراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردنی له‌و كه‌س و خاوه‌ن كۆمپانیایانه كرد كه باجی حكوومه‌ت قه‌رزارن.
هاوكات كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، دوای دانانی لیژنه‌ی هاوئاهه‌نگی نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بۆ پێداچوونه‌وه به پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كۆبووه‌وه و مه‌سروور بارزانی له كۆبوونه‌وه‌كه دووپاتی كرده‌وه، خواست و ئیراده‌مان بۆ چاكسازی به‌هێزه و به هاوكاری په‌رله‌مان دادپه‌روه‌ری به‌دی دێنین.
بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان و باشتركردنی ڕێوبانه‌كان، حكوومه‌ت بڕی 33 ملیار و 876 ملیۆن دیناری بۆ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ڕێوبانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌یش زۆر سوود به خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت.
جیا له‌وه‌یش، ڕۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر مه‌سروور بارزانی له میانه‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ئه‌نده‌رپاسی شه‌قامی بارزان له دهۆك، له وتارێكدا دووپاتی كرده‌وه كه پڕۆژه‌ی ستراتیجیان بۆ هه‌موو ناوچه‌یه‌كی كوردستان ده‌بێت و بڕی 500 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كان دانراوه و ده‌ست به جێبه‌جێكردنیان ده‌كرێت.
هاوكات ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 18ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ر بڕیاری دا، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند له وه‌زاره‌ته پێوه‌ندیداره‌كان پێكده‌هێنرێت بۆ رێكخستنه‌وه و هاوئاهه‌نكی له ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئاسانكاری یاسایی پێویست بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه كشتوكاڵییه‌كان ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك بارگرانی نه‌خاته سه‌ر گوزه‌رانی جووتیاران، ڕێكخستنه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌به‌رهێنان و هاندانی وه‌به‌رهێنی بیانی و ناوخۆیش له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان له ڕۆژی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان دووپاتی له‌سه‌ر كرایه‌وه و سه‌رۆك وه‌زیران داوای پلانڕێژكردنی پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی كرده‌وه.
له ڕووی كارگێڕی و خزمه‌تگوزارییه‌وه
ڕۆتین و خزم خزمێنه یه‌كێك بوو له ده‌رده‌كانی پێشوو كه خه‌ڵكی به ده‌ستییه‌وه ده‌یانناڵاند و ناڕه‌زاییان ده‌رده‌بڕی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به فره‌وانی رۆچووبووه ناو داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت و ڕیشه‌ی داكوتابوو، به‌ڵام نیوه‌ڕۆی 15ی ته‌مووز/یۆلیۆ و دوای پێنج ڕۆژ له متمانه‌به‌خشین به كابینه‌ی نۆیه‌م، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی كۆبووه‌وه، وێڕای ڕاگه‌یاندنی سه‌ردانی شاندی باڵای كوردستان بۆ به‌غدا، كۆمه‌ڵێك بڕیار له كۆبوونه‌وه‌كه دران كه "پابه‌ندبوونی وه‌زیر و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی به كاتی فه‌رمی ده‌وام، پاراستنی نهێنی كاروباری فه‌رمانبه‌رێتی، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانی وه‌زیره‌كان له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كوردستان، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕۆتین و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرایی هاووڵاتییان و گوێگرتن له سكاڵا و پرسیاره‌كانیان، قه‌ده‌غه‌كردنی دیارده‌ی به‌رتیل وه‌رگرتن له‌ناو ده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت و سزادانی توندی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كاره"، شه‌ش بڕیاری یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م كابینه‌یه بوون و دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی له میدیاكان، خه‌ڵك له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به فره‌وانی پێشوازییان لێ كرد.
هاوكات له كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، پرسی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی ڕاژه له هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری فه‌رمانبه‌ران وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی چاكسازی و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له شه‌شی ئاب/ئۆگستس بڕیاری كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ده‌رهێنانی پاسپۆرتی له شارۆكه‌كانی زاخۆ و ئاكرێ و سۆران ده‌كرد، دواجاریش له‌لایه‌ن مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه فه‌رمانی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ده‌رهێنانی پاسپۆرت له شارۆكه‌ی كۆیه‌ی سه‌ربه پارێزگای هه‌ولێریش درا.
كۆمپانیا قه‌رزاره‌كانی باج توندترین سزایان بۆ دیارییكرا و چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌كرا
له بڕیارێكی تری وه‌زاره‌تی ناوخۆدا دروستكردنی لۆگۆی تایبه‌ت به ئۆتۆمبێلی حكوومی ڕاگه‌یه‌نرا، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانیان له دوای ته‌واوبوونی ده‌وام، به سه‌رپێچی ناو براوه و شوفێره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته ڕووبه‌ڕووی دادگای كارگێڕی ده‌كرێته‌وه. ئه‌وه له كاتێكدا بوو له 2012ـه‌وه تا ئێسته پێنج بڕیار ده‌رچووه له حكوومه‌ت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كاری ئۆتۆمبیلی حكوومه‌ت له دوای ده‌وام، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كران و شۆفێر و به‌رپرسان پابه‌ند نه‌بوون، به‌ڵام حكوومه‌تی نوێ فه‌رمانی گرتنی داوه به پۆلیس له‌كاتی بوونی ئه‌و سه‌رپێچییه‌دا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌ر له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ڕێكخستنی پاسه‌وانی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان، حكوومه‌ت پڕۆژه‌یاسای به گرێبه‌ست دامه‌زراندنی پاسه‌وانی په‌رله‌مانی ئاماده كردووه و هه‌ر په‌رله‌مانتارێك دوو پاسه‌وانی به گرێبه‌ست بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ بۆ داده‌مه‌زرێنرێت، دوای ته‌واوبوونی خولی په‌رله‌مانیش ڕاژه‌كه‌ی به‌كۆتا دێت.
گرفتێكی تری كه‌رتی خزمه‌تگوزاری نه‌مانی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی بوو له زستان، به‌ڵام په‌رۆشی حكوومه‌ت به خه‌ڵك و وایكرد بڕیباری دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی بدرێت، هه‌رچه‌نده تا ئێسته پرۆسه‌كه ده‌ستی پێ نه‌كردووه، به‌ڵام بڕیاره‌كه دراوه و هه‌وڵه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چڕ كراونه‌ته‌وه بۆ ناردنی نه‌وته‌كه‌ی ماڵان.
له 11ی ئه‌یلوول جووتیار عادل گوته‌بێژی سه‌رۆكی حكوومه‌تی به فه‌رمی ئه‌و بڕیاره‌ی ڕاگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه كه پێش هاتنی وه‌رزی سه‌رما نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌ش ده‌كرێت.
جیا له‌وانه، له ڕووی سامانی ئاوه‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی دروستكردنی 200 به‌نداوی گه‌وره و بچووكی له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان ئاماده كردووه، له ڕووی كاره‌بایشه‌وه توانراوه ڕۆژانه 15 سه‌عات كاره‌بای نیشتمانی به خه‌ڵك بدرێت و كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر نۆژه‌ن كرایه‌وه كه سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه گازییه‌كانی هه‌ولێر و بازیان دابین ده‌كات.
پرۆسه‌ی چاكسازی له كه‌رتی كاره‌با ده‌ستی پێ كردووه و هه‌نگاوه‌كان به‌رده‌وامن و پێشبینی ده‌كرێ بۆ ساڵی داهاتوو كاره‌بای كوردستان زیادبوونی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ببینێت. وێڕای پێداچوونه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كاره‌با كه به‌ته‌واوی له خزمه‌تی خاوه‌ن كۆمپانیاكه‌دان و زیانی گه‌وره‌یان له حكوومه‌ت داوه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌یان هێشتا كاری تێدا ده‌كرێت و ئه‌نجامه‌كه‌ی رانه‌گه‌یه‌ندراوه.
له ڕووی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵاوه
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا كه دوو پایه‌ی گرنگی هه‌ر حكوومه‌تێكن،بۆ ئاماده‌كردنی سه‌رمایه‌ی مرۆیی بۆ داهاتووی وڵات، بوونی كێشه و ڕۆتین و ناڕێكی له‌و دوو وه‌زاره‌ته و بێسه‌روبه‌ری له كاره‌كانیاندا و پشتگوێخستنی كه‌رتی گشتیی و ناڕاسته‌وخۆ په‌ره‌دان به كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌رمانی قاچاخ و وه‌لانانی زمانی كوردی، پێویستی پێداچوونه‌وه و چاكسازی تێیاندا یه‌كێك بوو له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی كارنامه‌ی حكوومه‌ت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌ژێر ڕۆشنایی هێڵه گشتییه‌كان و ڕاسپارده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ڕۆژی 23ی ته‌مووز/یۆلیۆ ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی ژماره 367ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌ركرد و پێدانی مۆڵه‌تی به كردنه‌وه‌ی باخچه‌ی ساوایان و په‌یمانگه ئه‌هلییه‌كانی سه‌ربه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وه‌ستاند، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو به‌گوێره‌ی ستانداردی جیهانی ڕێ به كردنه‌وه‌یان بدرێ، نه‌ك وه‌ك مامه‌ڵه‌یه‌كی ئابووری و كۆكردنه‌وه‌ی پاره باخچه و قوتابخانه و په‌یمانگه‌كان بكرێنه‌وه.
هاوكات له 18ی ئاب/ئۆگستس وه‌زیری په‌روه‌رده هه‌شت بڕیاری تری ده‌ركرد كه پێوه‌ستبوون به رێكخستنه‌وه‌ی كاری مامۆستا له كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌كرێ به‌شێوه‌ی خواستنیش خۆی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت بگوازێته‌وه و ته‌نیا ڕاژه‌كه‌ی بۆ هه‌ژمار بكرێ و مووچه‌ی له كه‌رتی تایبه‌ت بۆ دابین بكرێت. سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌ییش بۆیان نییه وه‌ك ده‌سته‌ی كارگێڕی له كه‌رتی تایبه‌ت كار بكه‌ن.
وه‌زیر و به‌رپرسان كاری بازرگانیان لێ قه‌ده‌غه‌كرا و خزمه‌تكاری خه‌ڵكن
بۆ نیشاندنی گرنگی كه‌رتی په‌روه‌رده و فێركردن، سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی 21ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ر، سه‌ردانی پارێزگای دهۆكی كرد و له‌وێ زه‌نگی یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستپێكردنی خوێندنی ساڵی نوێی لێ دا و له وته‌یه‌كدا بۆ قوتابیان دووپاتی كرده‌وه، ئه‌وان نه‌وه‌ی داهاتووی كوردستانن و پێویسته بخوێنن تا داهاتووی كوردستان ڕۆشنتر ببێ و نه‌خوێنده‌واری بوونی نه‌مێنێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له ڕێی ڕاگه‌یاندنی سیستمی په‌ڕه‌ی سۆما، په‌ڕه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م قوتابیان و چۆنیه‌تیی دانانی نمره و هه‌ڵه‌كانی خسته‌ڕوو له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه ڕاسته‌كان، به‌شێوه‌ی ئۆنلاین. ئه‌مه‌یش شه‌فافییه‌كی زۆرباشی دروست كرد و قوتابییان متمانه‌ی ته‌واویان به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن دروست بوو.
هاوكات دروستكردنی داتابانكی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان و وه‌رگرتنی سكاڵا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی زۆرترین خزمه‌تی به توێژی قوتابیان كردووه.
به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده سیستمی ئه‌لیكترۆنی زانكۆلاینی دوای نه‌هێشتنی سه‌رجه‌م كه‌موكوڕییه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه بۆ هاتنه‌وه‌ی ناوی قوتابیان له زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خسته خزمه‌ته‌وه.
له‌ژێر رێنوێنیی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له یه‌كی ئۆكتۆبه‌ری 2019 وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندنی پاڕالێل و ئێوارانی له زانكۆ حكوومییه‌كان به ڕێژه‌ی 45% ده‌ركرد.
به فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه هاته گۆڕین و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ورد به زانكۆ و په‌یمانگه ئه‌هلییه‌كان ده‌ستی پێ كرد، له په‌راوێزی باشبوونی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایش، زۆر له زانكۆكانی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه به فه‌رمی ددانیان پێدا نرا.
كه‌رتی ته‌ندروستی
ته‌ندروستی یه‌كێك له بواره گرنگه‌كانه كه پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به سه‌لامه‌تی ژیانی هاووڵاتییان و كۆمه‌ڵگه و نه‌وه‌ی داهاتوو هه‌یه، بۆیه له كارنامه و كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی ته‌واوی پێ درا و ده‌درێت، حكوومه‌ت خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای مافی نه‌خۆشه كه ماف و ئه‌ركه‌كانی نه‌خۆش دیاری ده‌كات.
ده‌وام توندوتۆڵ كرا و مه‌سه‌له‌ی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسان له‌كاتی ده‌وام قه‌ده‌غه‌كرا
جیا له‌وه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له هه‌شتی ئاب/ئۆگستس چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد، له‌باره‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌وام و قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌وامی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له شوێنی یه‌كتر. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه كه پزیشكی پسپۆڕ هه‌موو ڕۆژ ده‌وام بكه‌ن و قه‌ده‌غه‌یه پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی له كاتی ده‌وامی فه‌رمی له كه‌رتی تایبه‌ت كار بكات.
به‌هێزكردنی كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان یه‌كێكی تره له‌و خواستانه‌ی حكوومه‌ت به ڕژدی كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هێنانی ده‌رمان به كوالێتی به‌رز و نه‌هێشتنی ده‌رمانی خراپ و به‌سه‌رچوو، پاراستنی ته‌ندروستی مرۆڤ و پێوه‌ستبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه به ئاسایشی خۆراك و ڕێكخستنی نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان و نۆرینگه، كه‌رتی ده‌رمانسازی، هه‌نگاوی گرنگی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ نراوه و به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی سێكته‌ری ته‌ندروستی هه‌یه.
قه‌ده‌غه كرا له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی تا سه‌عات دووی پاش نیوه‌ڕۆ هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بكرێت و سزای نۆ ملیۆن دینار دانراوه له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه و پزیشك له‌حاڵه‌تی سه‌رپێچیدا، ئه‌وه‌یش به‌جۆرێك كه‌وتووه‌ته‌وه خزمه‌تی گرنگیدان به نه‌خۆشخانه‌كانی حكوومه‌تی.
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا
یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایه، له‌و پێناوه‌دا هه‌نگاوی زۆر گه‌وره نراوه و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی 16ی ته‌مووز/یۆلیۆ به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵا گه‌یشتنه به‌غدا، بۆ پێشاندانی نیازپاكی كوردستان به‌رانبه‌ر به‌غدا و خواستی ڕژدی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. سه‌ره‌تا له كۆشكی سه‌لام له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح به گه‌رمی پێشوازی لێ كرا، پاشان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌وه، پاشان دیداری شاندی كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی ده‌ستی پێ كرد.
عه‌بدولمه‌هدی له‌باره‌ی دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه، "مه‌سروور بارزانی نیازی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له ژێر ڕۆشنایی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق".
هاوكات مه‌سروور بارزانی له لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامه‌وانان له دوای دیداری له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، گوتی، "كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆ زۆر گرنگ بوون و گفتوگۆمان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كردووه و له داهاتوویش هه‌نگاوی زیاتر ده‌نێین، تێگه‌یشتنی زۆرباش هه‌یه و ئه‌وه‌ی خواستی كوردستان بوو، ئێمه له كۆبوونه‌وه‌كان به وردی خستمانه ڕوو".
ڕۆژی 25ی ته‌مووز/یۆلیۆ شاندێكی باڵای عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی فوئاد حوسێن وه‌زیری دارایی و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئابووری، سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وت و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری وزه، فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌بو جیهاد هاشمی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یشتنه هه‌ولێر.
دوای كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانیان خسته‌ڕوو، كه پرسی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و بودجه و كێشه داراییه‌كان و نه‌وت و گاز، به وردی تاوتوێ كراون و لێكگه‌یشتنی باش هه‌یه و كۆبوونه‌وه‌كانیش له داهاتوو به‌رده‌وامیان ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م گرفته‌كان.
بۆ وه‌رزی سه‌رما سووته‌مه‌نی بڕیاری دابه‌شكردنی درا و هه‌موو هه‌وڵێكیش خرایه گه‌ڕ و ئێسته‌یش به نرخێكی هه‌رزان له ناوچه سارده‌كان دابه‌ش ده‌كرێ
هاوكات كابینه‌ی نوێ دۆسیه‌یه‌كی تری خسته‌وه به‌رده‌م لایه‌نی عێراق، ئه‌ویش پشكی كورده له حكوومه‌تی فیدراڵ و وه‌زاره‌ت و داوده‌زگاكان. جووتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌ت پشتڕاستی كرده‌وه كه به ڕوونی هه‌موو پشكه‌كانی كورد كۆ كراونه‌ته‌وه و خراونه‌ته به‌رده‌ستی شاندی دانوستاندكاری به‌غدا.
هاوكات ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می خۆی كه له 30ی ته‌مووز/یۆلیۆ به‌ڕێوه چوو، بڕیاری دا به "پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانی هه‌ردوولا".
له سێی ئاب/ئۆگستس، به فه‌رمی نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا كرایه‌وه و فارس عیسا وه‌ك نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا دیاری كرا.
28ی ئاب شاندێكی تر به سه‌رۆكایه‌تیی یاسر یاسری وه‌زیری ناوخۆی عێراق، گه‌یشتنه هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆیی كوردستان و به‌رپرسانی تری باڵای هه‌رێم كۆبوونه‌وه، ئامانجی سه‌ردانه‌كه بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی هاووڵاتییان له هه‌رێمی كوردستان و لادانی به‌رپرسانی سه‌ربازی كورد له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2018 بوو.
ڕۆژی 13ی ئۆكتۆبه‌ر شاندێكی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری پێشمه‌رگه گه‌یشتنه به‌غدا و له دیداری له‌گه‌ڵ نه‌جاح شمه‌ری وه‌زیری به‌رگری عێراق هه‌ردوولا دووپاتیان كرده‌وه كه هه‌نگاوی ڕژد ده‌نرێ بۆ یه‌كخستنی پێشمه‌رگه و دواتریش پێدانی مووچه و ئیمتیازه‌كانی له‌لایه‌ن به‌غداوه دابین ده‌كرێت.
له ڕووی دیپلۆماسییه‌وه
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی پێوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر به حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق نا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، هاوكات له ڕووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه پێگه و سه‌نگی كوردستانی به به‌هێزی هێشته‌وه، له ماوه‌ی 100 ڕۆژی یه‌كه‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ 45 شاندی جیاجیا كۆ بووه‌ته‌وه و به‌شداری له چه‌ندان ڕێوڕه‌سم و كۆنفڕانس له ناوخۆی كوردستان كردووه.
گرتنه‌به‌ری دیپلۆماسی و سیاسه‌تی هاوسه‌نگ وایكردووه، گرژییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه و دراوسێكان به تایبه‌تی به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوی كه‌م ببنه‌وه، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئارامی ده‌روونی و ئاسایشی ناوخۆی كوردستان كه پێشتر ماوه ماوه هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆریان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد.
هاتنی سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و به‌رپرسانی تری كوردستان. دیدار له‌گه‌ڵ باڵوێز و نوێنه‌رانی چین و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان و فڕه‌نسا، كه پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانن به هاوسه‌نگی و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی پێوه‌ندی دوولایه‌نه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان و بازرگانی، وایكردووه له هه‌موو دنیاوه شانده‌كان و دیپلۆماتكار و باڵوێزان ڕوو له هه‌ولێر بكه‌ن.
جیا له‌وانه‌یش، كێشه و گرژییه‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له ناكۆكییه‌كان و خۆپێشاندانه‌كانی ناوخۆی عێراق و گرژییه‌كانی كه‌نداو له نێوان ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆسیه‌ی سووریا و هه‌موو كێشه‌كانی تری ناوچه‌كه، حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی بێلایه‌نی و داوا و خواست له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به گفتوگۆ و دانوستاندن ده‌كاته‌وه بۆ پاراستنی دۆخی ته‌ناهی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م وڵاته ناكۆكانه‌وه پێشوازی لێ كراوه و به بایه‌خه‌وه له‌و هاوسه‌نگی مامه‌ڵه‌كردنه‌ی كوردستان ده‌ڕوانن.
له ڕووی ته‌ناهییه‌وه
ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه هه‌میشه جێی شانازی خه‌ڵكی كوردستان و وڵاتانی دنیا بووه، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پڕ له كێشه. له عێراق و سووریا كه تیرۆریستان به‌شی زۆری خاكی ئه‌و دوو وڵاته‌یان داگیر كرد، سه‌ركه‌وتنێكی بێهاوتای هێزه ته‌ناهییه‌كانی كوردستان بووه.
له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای به‌رده‌وامیدان له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته و دروستبوونی چه‌ندان گرفت له ناوخۆی كوردستان و ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام سه‌رۆكی حكوومه‌ت و كابینه‌ی نۆیه‌م ژیرانه توانیان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م گرفته‌كان زاڵ بن.
سه‌ره‌تا له ڕۆژی 17ی ته‌مووز/یۆلیۆ كارمه‌ندێكی كونسوڵگه‌ی توركیا له هه‌ولێر تیرۆر كرا. ئه‌وه ده رۆژ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێ بوو، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وێڕای به توندی سه‌ركۆنه‌كردنی، دووپاتی كرده‌وه "ئارامی و ئاسایشی كوردستان له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه و تێكدانی قبووڵكراو نییه".
سێ ڕۆژ دوای ڕووداوه‌كه، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری كوردستان ئه‌نجامده‌رانی كرده تیرۆریستییه‌كه‌یان گرت و له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا زانیاری‌یان له‌سه‌ری بڵاو كرده‌وه. پاشان سه‌رجه‌م تۆمه‌تبارانیان گرت و به تۆماری ڤیدیۆیی ده‌قی ددان پێدانانه‌كانیان بۆ ڕای گشتی بڵاو كرده‌وه.
ئه‌مه‌یش به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی هێزه ته‌ناهییه‌كانی كوردستان داده‌نرێ، چونكه ئه‌م كرده تیرۆریستییه به هه‌وڵ و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تێكدانی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا ئه‌نجام درا، به‌ڵام هه‌رزوو دژه‌تیرۆری كوردستان پیلانه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌یشی هاوكار و پشتیوانی هێرشه‌كه بوون گرت و خرانه گرتووخانه‌وه.
له ڕووی ته‌ناهییه‌وه كوردستان به پارێزراوی و دوور له كێشه‌ی ته‌ناهی هێلراوه‌ته‌وه
هاتنی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی به چه‌كی قورس و هێزی زۆره‌وه بۆ هه‌ولێری پایته‌خت و ڕێگری له بازگه‌ی سماقوڵی، به هه‌وڵێكی تر بۆ دروستكردنی پشێوی ناو ده‌برێ، بۆ دووباره به‌گژیه‌كداكردنی خه‌ڵك و هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش دوای رووداوه‌كه ته‌قه له لقی پارتی له سلێمانی كرا، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته كرد و توانی ڕێ له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرژییه‌كان بگرێت.
دوای ئه‌وه‌ی له ڕۆژی نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر توركیا هێرشی كرده سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، حكوومه‌ت له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه و نیگه‌رانی خۆی به‌رانبه‌ر به بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هێرشی تاكلایه‌نه‌ی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان كرد.
ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌یشی به مه‌ترسی بۆ تێكچوونی دۆخی ناوچه‌كه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش ناو برد، بۆیه به گرنگی زانی دۆخه‌كه هێور بكرێته‌وه و به گفتوگۆ گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
هاوكات له كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی نۆی ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌زاره‌تی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ ئاماده‌كاری له پێشوازیكردن له ئاواره‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش سێ كه‌مپ بۆ ئاواره‌كانی ڕۆژئاوا له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی كرانه‌وه و هه‌موو هاوكارییه‌كیان بۆ دابین كرا و به‌رده‌وامیشن له خزمه‌تكردنی زیاتری ئاواره‌كان.
خاوه‌نداری له خه‌ڵكی كوردستان
یه‌كێك له هه‌نگاوه گرنگه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م كه بووه هۆی دڵخۆشی خه‌ڵكه‌كه‌ی، به ده‌نگه‌وه‌هاتنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بوو له بێڕێزی و گرتن و سووكایه‌تیكردن به خه‌ڵكی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی، كاتێك به ئامانجی گه‌شتكردن و سه‌ردان ڕوو له وڵاتانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی توركیا ده‌كه‌ن.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش پاش ئه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆی په‌لاماردانی چه‌ند گه‌شتیارێكی كورد له شاری ترابزۆنی توركیا له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان بڵاو كرایه‌وه، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕۆژی 19ی ته‌مووز/یۆلیۆ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی به‌هۆی ئه‌م دیارده‌یه و دووپاتكردنه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستووریبوونی ئاڵای كوردستان، وه‌ك ئاڵایه‌كی ددانپێدانراو له ده‌ستووری عێراقدا، رای گه‌یاند كه سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ڕاسپارد تا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا گفتوگۆ بكه‌ن، به زووترین كات گه‌شتیاره كورده‌كان ئازاد بكرێن.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ گه‌شتیاره كورده‌كان ئازاد كران و به‌ره‌و كوردستان گه‌ڕانه‌وه.
خه‌ڵك سامانی بنه‌ڕه‌تی هه‌ر حكوومه‌تێكن و له‌و ڕوانگه‌وه‌یه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م خاوه‌نداری له خه‌ڵكی كوردستان كرد و له بوونی كێشه و گرفته‌كان له وڵاتان و ناوچه‌كه هاته ده‌نگ
ڕۆژی 19ی ئاب/ئۆگستس حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بۆردمانه‌كانی توركیا و ململانێی په‌كه‌كه و توركیا له‌ناو خاكی كوردستان، ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا داوای له هه‌ردوولا كردووه، چیتر نه‌بنه هۆكار بۆ قوربانیدانی خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان.
هاوكات به‌هۆی بۆردمانكردنی ناوچه سنوورییه‌كان له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه و زیانگه‌یاندن به مه‌ڕوماڵاتی هاووڵاتییان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هاته ده‌نگ و ئاگاداری تارانی كرده‌وه كه ڕێز له ئارامی و ئاسایشی هه‌ردوولا بگرێ و چیتر خه‌ڵكی سڤیل و مه‌ڕوماڵاتی ئاژه‌ڵدارانی كوردستان نه‌كاته ئامانج.
دوای ئه‌وه ئیتر تۆپبارانی ناوچه‌كان وه‌ستێنران و خه‌ڵك به ئاسایی له سنووره‌كان ده‌ژین به رووی ئێران‌دا، به‌ڵام توركیا به‌رده‌وامه له بۆردمانكردنی سه‌روه‌ری عێراق كه سنووره‌كه‌ی له كوردستانه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای تێكچوونی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام وه‌ك به‌شێك له خۆ به‌خاوه‌نزانینی كورد له ناوچه‌كه و دنیا، به به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌وه پێشوازی له خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات و كۆمه‌ك و هاوكارییان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به بڕوای چاودێرانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یش سیاسه‌تێكی زۆر سه‌ركه‌وتووه و متمانه‌ی خه‌ڵكی به كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێز كردووه.