پەرلەمانتارێك كاریگەری خۆپێشاندانەكان بۆ سەر بەشە خۆراكی مانگانە ئاشكرا دەكات

:: PM:11:44:05/11/2019 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داخستنی بەندەرەكانی بەسرە كاریگەری لەسەر هاتنی مادەكانی خۆراك دەبێت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكیش ئاماژە دەكات كە چاوەڕێی دەكەن لە بەغداەوە خۆراكیان بە دەست بگات بۆ دابەشكردن.

كاریگەرییەكە بەو شێوەیە نییە كە ڕەنگدانەی خراپی هەبێت و بە یەكجاری ڕابگیرێت
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خۆپێشاندانەكانی عێراق بەگشتی كاریگەری لەسەر پەكخستنی مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان هەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا داخستنی سنوورەكانی بەسڕە، كاریگەری لەسەر بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان كردووە.

زیاتر گوتی، كاریگەرییەكە بەو شێوەیە نییە كە ڕەنگدانەی خراپی هەبێت و بە یەكجاری ڕابگیرێت و دابەش نەكرێت، چونكە بەشی زۆری مادەكان هاتوونەتە ناوەوە و دابەش كراوە بەسەر پارێزگاكان و كۆمپانیاكانی خۆراك دابەشیان كردووە و چەند مەوادێكیش لە ناوخۆ دابین دەكرێت و گرفتیان نییە.

لای خۆیەوە شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئاگەداری ئەو قسەیەی وەزیری بازرگانی عێراقین كە باسی لەوە كرد، بەهۆی داخستنی بەندەرەكانەوە هاوردەكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان ڕاگیراوە.

زیاتر گوتی، چاوەڕێ دەكەین بەندەرەكان بكرێنەوە و خۆراك بێتە ناو عێراق و بۆمان بنێرن بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان، ئێستە بەشێكی كەم بەشە خۆراكمان لەبەر دەستە و چاوەڕێی هاتنی مادەكانی خۆراك دەكەین كە لە بەغداوە بە دەستمان بگات.

شایەنی باسە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لە شەكر و برنج و ڕۆن پێك دێت، هەرچەندە مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێت، بەڵام بەشێكی زۆر هاووڵاتییان گرنگی پێ دەدەن و بەپێی ئامارێك لە عێراق زیاتر لە 30 ملیۆن هاووڵاتی بەشە خۆراك وەردەگرن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل