سازان محه‌مه‌د یه‌كێكه له دیزاینه‌ره ده‌ستڕه‌نگین و دیاره‌كانی كوردستان كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وام كۆلێكشنی نوێ به‌رهه‌م دێنێت. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ڕۆژ به‌ڕۆژ كاره‌كه‌ی خۆشتر ده‌وێت و به‌رده‌وام ده‌بێ، تا ده‌گات به‌و خه‌ونه‌ی كه كارگه‌یه‌كی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی جلوبه‌رگ له كوردستان دابمه‌زرێنێت.
سه‌ره‌تا چۆن ده‌ستت به دیزاینی جلوبه‌رگ كرد؟
له منداڵییه‌وه خولیام بۆ ئه‌و كاره هه‌بوو، ساڵی 2012 له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه شوێنێكی تایبه‌ت به كاری دیزاین و دروونی جلوبه‌رگم كرده‌وه، به‌ڵام له ساڵی 2018 بۆ یه‌كه‌م جار له ئیڤێنتێكی تایبه‌ت به جلوبه‌رگ به‌شداریم كرد.
تا ئێسته براندی تایبه‌ت به خۆتت هه‌یه؟
نه‌خێر هیچ براندێكی تایبه‌ت به خۆمم نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له كوردستان هیچ یاسایه‌ك نییه پاڵپشتی دیزاینه‌ر بكات و كارئاسانییان بۆ بكات تا بتوانین براندی تایبه‌ت به خۆمان هه‌بێت و له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كۆلێكشنهكانمان بفرۆشین، به‌ڵام لۆگۆی تایبه‌ت به خۆمم هه‌یه و ئه‌و كۆلێكشنانهی خۆم دیزاینی ده‌كه‌م و دهیاندوورم، لۆگۆی ده‌خه‌مه سه‌ر، هه‌روه‌ها كۆلێكشنهكانم جلوبه‌رگی كوردی و عه‌زیه‌ی بووكێنی و جلی مۆدهن.
كۆلێكشنهكانت هیچیان فرۆشراون؟
تا ئێسته هیچ یه‌كێك له كۆلێكشنهكانم نه‌فرۆشراون، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ یاسایه‌ك له كوردستان نییه پاڵپشتیمان بكات، هه‌رچه‌نده ساڵی 2018 گه‌وره‌ترین ئیڤێنتی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌ولێر ئه‌نجام درا، تا له‌وێ كۆلێكشنهكانمان بخه‌ینه ڕوو و بیانفرۆشین، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌م ئیڤێنته گه‌وره‌یه‌شدا هیچ یه‌كێك له كۆلێكشنهكانمان نه‌فرۆشران.
بۆ نمایشكردنی كۆلێكشنهكانت له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌شداری هیچ ئیڤێنتێكی گه‌وره‌ت كردووه؟
به‌ڵێ له كوردستان له ساڵی 2018 به‌شداری گه‌وره‌ترین ئیڤێنتم له هه‌ولێر كرد به‌ناوی "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان"، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكی تریش به‌شداریم له ئیڤینتی تر كردووه له هه‌ولێر و سلێمانی، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان تا ئێسته به‌شداری هیچ ئیڤێنتێكم نه‌كردووه، هه‌رچه‌نده جارێكیان له قه‌ته‌ر بانگهێشتنامه‌م بۆ هات تا به‌شداری پێشانگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به جلوبه‌رگ بكه‌م، به‌ڵام نه‌متوانی به‌شدار بم و ڕه‌تم كرده‌وه، چونكه ده‌بوو هه‌موو شتێك له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم بووایه، ئه‌وه‌ش له توانای مندا نه‌بوو.
من هه‌میشه هه‌وڵم داوه جلوبه‌رگی كوردی له‌سه‌ر شێوازه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه
جلوبه‌رگی كوردی لای تۆ به شێوازه ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌كه‌ی خۆی جوانتره یان به مۆدهكردنی؟
من هه‌میشه هه‌وڵم داوه جلوبه‌رگی كوردی له‌سه‌ر شێوازه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه و خۆم به دوور گرتووه له‌وه‌ی جلوبه‌رگی كوردی به مۆده بكه‌م و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بهێنم.
بۆچی زۆربه‌ی مۆدێله‌كان بۆ نمایشكردنی كۆلێكشنهكانیان په‌نا بۆ مۆدێلی بیانی ده‌به‌ن؟
خۆم له زۆربه‌ی ئه‌و مۆدێلانه ڕازی بووم كه نمایشیان بۆ كۆلێكشنهكانم كردووه، به‌ڵام زۆرجار به‌هۆی ئه‌وه‌ی له كوردستان كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند به كاری مۆدێل ده‌ست ناكه‌وێ، یاخۆ مۆدێلی وامان نییه 100% مۆدێل بن، یان زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن به مۆدێل و زۆر شیاون بۆ نمایشی كۆلێكشنهكانمان، به‌هۆی كۆمێنتی خه‌ڵك و قسه‌ی نه‌شیاوه‌وه، كه‌سوكاره‌كانیان ڕێ ناده‌ن كۆلێكشنهكانمان بۆ نمایش به‌كار بێنن، بۆیه ئه‌و كاتانه ناچارین په‌نا ببه‌ینه به‌ر مۆدێله بیانییه‌كان.
تا ئێسته داهاتی كاره‌كه‌ت له‌پێناو كاری خێرخوازی خه‌رج كردووه؟
ئه‌و كاته‌ی به‌شداریم له ئێڤێنتی "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان" كرد له هه‌ولێر، به‌و نیازه به‌شداریم كرد كه ته‌واوی ئه‌و داهاته‌ی له ڕێی فرۆشتنی كۆلێكشنهكانمهوه ده‌ستم ده‌كه‌وێ، بیده‌م به "زیبا" كه كچێكی قه‌ڵادزێ بوو و نه‌خۆش بوو، به‌داخه‌وه هیچم نه‌فرۆشرا و هیچ داهاتێكیشم ده‌ست نه‌كه‌وت، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم یارمه‌تیم دا و له بڕیاره‌كه‌م پاشه‌گه‌ز نه‌بوومه‌وه، جگه له‌ویش ئه‌و داهاته‌ی له ڕێی كاره‌كانمه‌وه ده‌ستم كه‌وتووه، به‌شێكیم بۆ كاری خێرخوازی ته‌رخان كردووه و هاوكاری چه‌ند كه‌سێكم كردووه، به‌ڵام ئه‌و هاوكارییانهم به‌و شێوه‌یه نه‌بووه كه به دڵی خۆم بێت، له هه‌مانكاتدا من سه‌رۆكی ڕێكخراوی سازانی ڕه‌نگه‌كانم، هه‌ر به‌و داهاتانه‌ی له ڕێی كاره‌كانمه‌وه ده‌ستم ده‌كه‌وێت، چالاكییه‌كانم ئه‌نجام ده‌ده‌م كه خێرخوازین.
ده‌گوترێ ماوه‌یه‌كی زۆره به ده‌ست كزبوونی ده‌ماره‌كانی ده‌ستت و ئازاری ئێسكه‌كانت ده‌ناڵێنیت، بۆچی ده‌ست له كاره‌كه‌ت هه‌ڵناگری؟
ماوه‌یه‌كی زۆره به‌ده‌ست ئه‌و ئازارانه‌وه ده‌ناڵێنم و نهشتهرگهریشم بۆ هه‌ردوو ده‌ستم كردووه و ئێسته‌یش زۆر ئازارم هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیم بۆ كاره‌كه‌م و ئه‌و به‌هره‌یه‌ی له مندا هه‌یه زۆر زۆره، وای لێ كردووم ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌وڵ بده‌م بگه‌مه ئه‌و خه‌ونه‌ی له مێشكمدایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بتوانم كارگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنم و جلوبه‌رگ بۆ كوردستانه‌كه‌ی خۆم به‌رهه‌م بهێنم.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال