راپۆرتێك: ئێران دەكەوێتە ناو سەركێشی لەدەستدانی عێراق و لبنان

:: PM:06:19:07/11/2019 ‌

ماڵپەڕی كەناڵی "بی بی سی"ی بەریتانی راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی هەریەك لە عێراق و لبنان بڵاو كردەوە كە ئێستە خۆپێشاندانی فرەوانی جەماوەری بەخۆیانەوە دەبینن، راپۆرتەكە ئاماژە بۆ كەوتنە كێشەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و لبنان و سووریا و یەمەن دەكات. 
دەسەڵاتی ئێران لە عێراق كەوتووەتە مەترسی
راپۆرتەكە پشتی بە لێدوانێكی جاك سترۆ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە 2001-2006 بەستووە كە چەند جارێك سەردانی ئێرانی كردووە، بەپێی راپۆرتەكە ئێران مەشق و چەكی پێشكەش حەشدی شەعبی كرد كە رۆڵیان لە شكستی داعش هەبوو، بەڵام زۆرێك لە عێراقییەكان بە جۆرێك لە ئیستعماری دەزانن.

راپۆرتەكە روونی كردەوە، خۆپێشاندان و ئەو توندوتیژییەی لە رووبەڕووبوونەوەی رووی دا لە عێراق، دەری دەخەن كە گەنجان لەو حكوومەتە رازی نین كە ئێران پاڵپشتی دەكات، ئاماژە دەكات، گۆڕانی حەشدی شەعبی لە كەسانی خۆبەخشی نیشتمانپەروەر بۆ بەشێك لە رژێمی فەرمانڕەوایی، بووە هۆی لەدەستدانی ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییەی هەیانبوو.

سترۆ ئاماژە دەكات كە ئەوەی لە عێراق روودەدات بابەتێكی مەترسیدارە بۆ ئێران و ئەوان سەركێشی لەدەستدانی دەسەڵاتیان لەو وڵاتە دەكەن. 

خۆپێشاندانەكان لە عێراق و لبنان كە لەوە یەكدەگرنەوە جەماوەری نارازی سەركۆنەی دەستوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتانیان دەكەن، ئەمڕۆ پێنجشەم لیوا محەمەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەكدارەكانی ئێران دووپاتی كردەوە كە دوژمنانی هەردوو گەلی عێراق و لبنان دەیانەوێ سوود لە دۆخەكە ببینن و حكوومەتی بەكرێگیراو بۆخۆیان دروست بكەن.

خۆپێشاندانەكانی لبنان و عێراق نزیكەی هاوكات دەستیان پێ كرد و جەماوەری ناڕازی هەردوو وڵات هۆكاری خراپی دۆخی بژێوی و خزمەتگوزارییەكان و بێكاری خۆیان بۆ ئەو پارتی سیاسی و حكوومەتانە دەگەڕێننەوە كە ساڵانێكە سامانی وڵات بۆخۆیان دەبن و ئێران پاڵپشتیان دەكات، بۆیە لە ناڕەزایەتییەكان بە ئاشكرا هێرش كرایە سەر ئێران. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌