عەبدولمەهدی: دۆسیەی هەناردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكەین

:: PM:07:01:07/11/2019 ‌

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای پەلەكردنی لە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق كرد و دۆسیەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە ئاڵۆز وەسف كرد، هاوكات دووپاتی كردەوە كە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، بەشێوەیەك كەس زەرەر نەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ عەبدولمەهدی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی لیژنەی ئامادەكردنی بودجەی گشتیی 2020ی عێراقی كردووە و تیایدا تیشك خراوەتە سەر ئەو بابەتانەی پێوەستن بە بودجەكە، لەوانە پڕۆژەكانی جێبەجێ نەكراو و ئەو بڕە پارەی بەهەدەر دراوە و هەلی كار و هیتریش.

بەغدا ئامادەیە دۆسیەی هەناردنی نەوت لەگەڵ هەولێر یەكلا بكاتەوە
لە كۆبوونەوەكەدا عەبدولمەهدی بەڵێنی دا بە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەشێوەیەك هەمووان لێی رازی بن، ئەو دۆسیەكەی بە ئاڵۆز وەسف كرد، بەڵام دووپاتی كردەوە كە حكوومەتەكەی كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی هەمووان لە چوارچێوەی عێراق بێت و كەس زەرەر نەكات.

عەبدولمەهدی لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەكەوە دووپاتی كردەوە كە هەوڵ دەدەین ئەركەكانمان لە ماوەیەكی كورت تەواو بكەین و بودجەكە ئامادە بكەین، دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی رابردوودا پێنج هەزار پڕۆژە بەهۆی خراپی پلاندانانەوە تەواو نەكراون و حكوومەت لەو بارەوە گەیشتووەتە دیدێكی نوێ.  

هاوكات دووپاتیشی لە گرنگی پەسندكردنی بودجە بۆ ژیان و بژێوی خەڵك كردەوە و گوتی، بودجەی 2020 تەنیا ژمارە نابێت و هەر كێشەیەكیش لە پڕۆژەكە دەبێتە كێشە لە پێشكەوتنی كەرتەكانی ئابووری و تەندروستی و پەروەردە و كەرتەكانی تریش، بۆیە كار دەكەین بۆ دانانی بودجەیەكی زانستی و زیادكردنی داهاتەكانی جگە لە نەوت و ئەنجامدانی چاكسازی. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل