عێراق.. خۆپێشاندان لە بەغدا و شارەكانی باشوور بەردەوامە

:: PM:07:50:07/11/2019 ‌

سەرچاوەكان لە بەغدا و بەسڕە و پارێزگاكانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاماژە بۆ بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەكان دەكەنەوە، هاوكات ئەمڕۆ بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان، شەش كەس كوژراون و 200ی تریش بریندار بوونە.

سەرچاوەیەك لە شاری بەسڕە دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەم خۆپێشاندانەكان لە ناوەڕاستی شارەكە دەستی پێ كردووەتەوە و هەزاران كەس كۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتی لەدژی حكوومەت پێشان دەدەن، لەوكاتەی بەر لە چەند سەعاتێك هێزە تەناهییەكان بڵاوەیان بەو خۆپێشاندەرانە كردبوو. 
ژمارەی قوربانیان لە زیادبوونە
لەبارەی زیانی خۆپێشاندانەكان كە حكوومەتی عێراق راگەیاندنی قەدەغە كردووە، سەرچاوەیەك ئاماژە بۆ كوژرانی 11 كەس لە خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆ و دوێنێ دەكات، لەوكاتەی ئاژانسی "رۆیتەرز"، باسی كوژرانی چوار كەس و برینداربوونی حەوتی تر دەكات، سەرچاوەی تر رایان گەیاند كە بەهۆی خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەغدا و میسان و بەسڕە، شەش كەس كوژراون و 200ی تریش بریندارن.

ئەمڕۆ پێنجشەم لە رمێسە لە پارێزگای موسەنا و لە بەغدای پایەتەخت لە دەوروبەری گۆڕەپانی تەحریر و لە نزیك پردەكان بەرەو ناوچەی سەوز و شەقامی سەعدوون و گۆڕەپانی فیردۆس و لە پارێزگای میسان و لە بەسڕە لە زوبێر و ئوم قەسڕ و لە كەربەلا و سەماوە و كوت خۆپێشاندان هەبووە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل