خۆپێشاندانه‌كانی عێراق پێیان نایه دووه‌م هه‌فته‌وه و دۆخه‌كه روو له په‌ره‌سه‌ندنه. عوده‌ی زه‌یدی چالاك و خۆپێشانده‌ر له گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه حكوومه‌ته‌كانی عێراق نوقمی گه‌نده‌ڵی بوونه و جامی ئارامی هاووڵاتییان لێی رژا.
حكوومه‌ت له سه‌ره‌وه تا خواره‌وه‌ی بۆگه‌ن بووه، ته‌نانه‌ت داوده‌زگای نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی خۆیان گه‌نده‌ڵییان تێكه‌وتووه.
زه‌یدی به‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا دووپاتی كرده‌وه، "خۆپێشاندان ئه‌وكاته ته‌واو ده‌بێت كه حكوومه‌تێكی ته‌كنۆكرات و پاك داده‌مه‌زرێنین".
* خۆپێشاندانه‌كانی عێراق كه‌سانێك به راپه‌ڕینی گه‌نج و هه‌ندێكیش به شۆڕشی برسییه‌كان ناوی ده‌نێن، تۆ چۆن وه‌سفی ده‌كه‌ی؟ هاوكات بۆچی سه‌ركردایه‌تی و راگه‌یاندنێكی یه‌كگرتوو و دیار بۆ خۆپێشانده‌ران نییه؟
خۆپێشاندانه‌كان هه‌ڕه‌مه‌كی نین و هی ئه‌مڕۆیش نین، به‌ڵكو درێژه‌پێده‌ری خۆپێشاندانه‌كانی 25ی شوباتی 2011ن تا ده‌گات به‌مڕۆ، هه‌ر كاتێك جه‌ماوه‌ری ناڕازی رژابێته سه‌ر شه‌قام حكوومه‌ت ژماره‌یه‌ك به‌ڵێنی داوه هه‌ر له حكوومه‌ته‌كانی نووری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی و ئه‌م حكوومه‌تی ئێسته‌یش. به‌ڵام به‌ڵێنی درۆیان پێ داین به ئه‌نجامدانی چاكسازی، دواتر ئه‌و حكوومه‌تانه گه‌نده‌ڵی زۆریان تێدا بڵاو بووه‌وه هه‌ر له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه تا بچووكترین فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت، گه‌نده‌ڵی هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی ته‌نیوه، بۆیه جامی ئارامی هاووڵاتییان لێی رژا.
ئه‌و خۆپێشاندانانه هێور نابنه‌وه و خۆپێشانده‌ران ناگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان تا گۆڕانكاری ته‌واو دروست نه‌بێت، واته هه‌ر كه‌سێك له دوای 2003ه‌وه له عێراق فه‌رمانڕه‌وایی كردبێت، ده‌بێت بگۆڕێ، ئه‌وه‌یه قسه‌ی هه‌موو گه‌نجه ناڕازییه‌كانی سه‌رشه‌قام.
بۆچی خۆپێشاندانه‌كان بێ بوونی سه‌ركرده و راگه‌یاندن دیار ده‌كه‌ون، ئه‌وه به‌هۆی بوونی مه‌ترسییه له ده‌زگه داپڵۆسێنه‌ره‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرتن و كوشتن ئه‌گه‌ر ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام خۆپێشاندانه‌كان سه‌ركردایه‌تییان هه‌یه و گه‌نجن و له‌سه‌ر زه‌وین. بۆ نموونه، من خۆپێشاندهرم و نازانم ئه‌وان كێن، به‌ڵام متمانه‌م به به‌یاننامه‌كانیان هه‌یه، چونكه هه‌مووی له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدایه، دووپات له په‌كپارچه‌یی عێراق و نه‌هێشتنی تایفیی و گه‌نده‌ڵی و گرنگیدان به گه‌لی عێراق ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه متمانه‌مان پێ كردن و هاتینه سه‌رشه‌قام.
به‌گشتی هه‌ر خۆپێشانده‌رێك سه‌ركرده‌یه‌كه و ئه‌وكاته‌ی پرۆسه‌كه ته‌واو ده‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌سته‌بژێرێك له كه‌سانی ئه‌كادیمی و رووناكبیر له ریزی خۆپێشانده‌ران ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌وانن كه وڵات به‌ره‌و رزگاری ده‌به‌ن و حكوومه‌تێكی ته‌كنۆكرات داده‌مه‌زرێنن.
*پێوه‌ندی هێزه سیاسییه‌كانی عێراق به خۆپێشاندانه‌كانه‌وه چییه، به‌تایبه‌تی به‌مدواییه موقته‌دا سه‌در پاڵپشتی بۆ خۆپێشانده‌ران پێشان دا و دواتر پاشه‌كشه‌ی كرد؟
سه‌ره‌تای خۆپێشاندانه‌كان داوای خزمه‌تگوزاری ده‌كرا، به‌ڵام گه‌رووی خه‌ڵك وشك بوو كه له 2003ه‌وه تا ئه‌م ساته‌یش داوای باشكردنی خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ین، كه‌چی حكوومه‌ت گوێی نه‌گرت و گه‌لی عێراقی فه‌رامۆش كرد و ئه‌و گه‌له و داواكارییه‌كانی به كه‌م سه‌یر كرد، ئیتر گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه گه‌ل هه‌ر وا ده‌سته‌مۆ ده‌مێننه‌وه، هه‌روه‌ها گره‌ویان له‌سه‌ر هێزی ئێران و میلیشیا و ده‌زگه‌ی داپڵۆسێنه‌ر كرد و وایانزانی گه‌لی عێراق شۆڕش ناكات له دژیان، به‌ڵام گه‌ل هاته ده‌نگ و داواكاری راسته‌قینه‌ی خۆی خسته روو كه بریتین له رووخاندنی ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی له وڵات، ئه‌و پرۆسه سیاسییه گه‌نده‌ڵه، واته هه‌ر كه‌سێك به‌شداری كردبێت له حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه له 2003ه‌وه، له داهاتوو به‌شداری پێ ناكرێته‌وه.
ئێمه داوای هه‌ڵبژاردنێكی پاك به چاودێری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین بێ به‌شداری پارته سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌كان، دوور له به‌شبه‌شێنه‌ی تایفی و ئه‌تنی و دوور له‌وانه‌ی پۆشاكی ئاینیان پۆشیوه، پێكهێنانی حكوومه‌تێك هه‌موو ئه‌ندامانی كه‌سانی ئه‌كادیمی بن، واته داوای ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو مه‌ده‌نی ده‌كه‌ین.
ئێسته‌یش هیچ پێوه‌ندییه‌كمان به‌هیچ سیاسه‌توان یان پارتێكه‌وه نییه، له سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری رابردوو كاتێك خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كرد، ره‌وتی سه‌در خۆی لێ بێبه‌ری كرد و حزبی شیوعی به گومانه‌وه سه‌یری كرد، به‌ڵام كاتێك بینییان هه‌موو گه‌لی عێراق رژانه سه‌ر شه‌قام، ئه‌وان ویستیان سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی حزبی شیوعی له گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌ركران و پێیان گوترا ئێوه به‌شێكن له حكوومه‌ت و ئێمه پاڵپشتی هیچ لایه‌كمان ناوێت.
راسته له‌ناو خۆپێشاندانه‌كان لایه‌نگری سه‌در و شیوعی و هێزه‌كانی تریش هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك عێراقی به‌شدارن و داوای رووخانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی ره‌وتی سه‌در به‌شێكه له حكوومه‌ت، بۆیه كه داوای رووخانی رژێمی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ین، داوای رووخانی وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در ده‌كه‌ین و به‌هه‌مانشێوه بۆ پارته‌كانی تریش.
*ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی كوژراوانی خۆپێشاندانه‌كان چه‌نده، ئه‌و ژمارانه‌ی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كان رای ده‌گه‌یه‌نن تا چه‌ند راستن و ئه‌وان به‌ده‌ستی ده‌كرێنه ئامانج؟
ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی كوژراوان له سه‌رووی 500 شه‌هیده و به متمانه‌وه ده‌یڵێم، هه‌روه‌ها زیاتر له 10 هه‌زار بریندارمان هه‌یه و زۆری كوژراوان له سه‌ر و سنگیان دراوه، حكوومه‌ت ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی قوربانیان راناگه‌یه‌نێت له ترسی لێپرسینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، به‌ڵام ئێمه متمانه‌مان به‌وه هه‌یه كه به چاوی خۆمان ده‌یبینین، ژماره‌ی شه‌هید 500ی تێپه‌ڕ كردووه، گیراو وه‌ك خوشكه سه‌بای چالاك و ده‌یانی تر له به‌غدا و له شاره‌كانی تر به‌شێكیان ده‌ناسین، به‌ڵام هه‌یانه ناوه‌كانیان نازانین، به‌تایبه‌تی له رۆژانی 1-6ی تشرینی یه‌كه‌م كه سه‌دان كه‌س گیران و تا ئێسته‌یش ئازاد نه‌كراون.
*به‌ڵام بینیمان سه‌ره‌تا خۆپێشاندانه‌كان ئاشتییانه بوون، دواتر قوربانی تێكه‌وت، ئینجا سووتاندن و هه‌ڵكوتانه سه‌ر موڵكوماڵی تایبه‌ت و گشتی، ئه‌مه بۆ رووی دا و چۆن وای لێهات؟
خۆپێشاندانه‌كان توندوتیژ نین و روویان له توندوتیژی نه‌كردووه و په‌نا بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و شێوازه نه‌براوه، ئه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران به‌كاری دێنن، بریتییه له بوتڵی پیپسی و ئاو بۆ پاراستنی چاومان له بۆمبی فرمێسك‌ڕێژ، هه‌روه‌ها به‌رد بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی نه‌هێشتنی پشێوی و پاراستنی خۆپێشانده‌ران له‌و بۆمبانه‌ی ئه‌وان ده‌یته‌قێنن، واته خۆپێشانده‌ران توندوتیژ نین و ئاشتیخوازن و هه‌روایش ده‌مێننه‌وه.
ده‌ستی شاراوه هه‌یه و كه‌سانێكی دزهكردوو هه‌ن و ژماره‌یه‌كمان له‌وان گرتووه كه ئامرازی توندوتیژییان پێ بوو و راده‌ستی پۆلیسمان كردن، هاوكات خۆپێشانده‌ران لیژنه‌یه‌كی ئاسایشیان پێكهێناوه بۆ چاودێری ئه‌و بابه‌ته، بۆیه تا ئێسته هیچ حاڵه‌تێكی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر پۆلیس یان سه‌ربازێك نه‌بووه. به پێچه‌وانه‌وه له گۆڕه‌پانی ته‌حریر سه‌ربازه‌كان له‌ناو ئێمه‌ن و له‌گه‌ڵ ئێمه نان ده‌خۆن و ده‌خه‌ون، جیا له هێزی نه‌هێشتنی پشێوی كه شه‌و و رۆژ ته‌قه له ئێمه ده‌كه‌ن، بۆیه تا ئێسته ده‌ستدرێژی یان كوشتنی هیچ كارمه‌ندێكی ته‌ناهی رووی نه‌داوه و ئه‌وه‌شی له‌وباره‌وه ده‌گوترێت، راست نییه.
*رۆڵی ده‌ره‌كی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ئێران له خۆپێشاندانه‌كان چییه، پێتان وایه راسته ئه‌و دوو وڵاته رێگری له كه‌وتنی حكوومه‌تی ئێسته‌ی عێراق ده‌كه‌ن؟
ئه‌مه‌ریكا و ئێران دوو رووی یه‌ك دراون و ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ دوژمنكاری له نێوانیان هه‌یه هه‌ڵه‌یه، ده‌ست پێكردنی خۆپێشاندانه‌كان هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌و دوو وڵاته‌وه نییه، هه‌رچی ئه‌وه‌ی كامیان ده‌یه‌وێت خۆپێشاندان بوه‌ستێت، هه‌ردووكیان ده‌یانه‌وێ.
ئه‌مه‌ریكا پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق دامه‌زراند و ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه بڕووخێت، ئه‌وه زۆر له‌سه‌ری ده‌كه‌وێت، له‌وانه هێنانی كه‌سانی گه‌نده‌ڵ بۆ ده‌سه‌ڵات و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره دزراوه‌كان و لێپرسینه‌وه‌ی به‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك تاوانكار و گه‌نده‌ڵی بۆ ماوه‌ی 16 ساڵ كردووه‌ته فه‌رمانڕه‌وا له عێراق و دزی و كوشتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و وڵاتیان وێران كردووه، ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه سیاسییه بڕووخێت، له به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌واییه‌كی نیشتمانی به‌رپرس ده‌بێت و یه‌كه‌م كه‌س ده‌بێت كه لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، بۆیه نایه‌وێ خۆپێشاندان و رووخانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق روو بدات.
هه‌رچی ئێرانه، عێراق به به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆی داده‌نێت و رووخانی رژێمی فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق كه پاره و چه‌ك و گه‌نجانی پێشكه‌ش ده‌كات و له‌ژێر ئاڵای ویلایه‌تی فه‌قێ له لبنان یان یه‌مه‌ن یان سووریا و ته‌نانه‌ت له عێراقیش ده‌جه‌نگن بۆی، ئێران، عێراق وه‌ك باخچه‌ی پشته‌وه‌ی خۆی ده‌زانێت، بۆیه ئێسته تووشی شۆك بووه كه ده‌بینێت سه‌دان هه‌زار گه‌نجی شیعه رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام و هاوار ده‌كه‌ن "ئێران بۆ ده‌ره‌وه، به‌غدا سه‌ربه‌خۆ ده‌مێنێته‌وه"، هه‌روه‌ها به‌ڕه‌كه له‌ژێر پێی راكێشراوه و چیتر راسپاردهكاری به‌سه‌ر عێراقدا نه‌ماوه.
كه‌واته ئێران و ئه‌مه‌ریكا خوازیارن خۆپێشاندانه‌كان به‌كۆتا بێن و حكوومه‌تیش نه‌ڕووخێت، به‌ڵام ئێمه به‌ڵێنیان پێ ده‌ده‌ین له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا به چاوی خۆیان رووخانی حكوومه‌تی عێراق ببینن.
*ده‌كرێ بزانین خۆپێشاندانه‌كان تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن و ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت ده‌ست له‌كار نه‌كێشێته‌وه، چی ده‌كه‌ن، یان تا ئێسته چه‌ند له داواكارییه‌كانتان جێبه‌جێ كراوه؟
چاكسازییه‌كانی حكوومه‌ت بریتییه له گاڵته‌جاڕی، حكوومه‌تێك توانای چاككردنی خۆی نه‌بێت، چۆن ده‌توانێ هه‌موو وڵات چاك بكات؟ حكوومه‌ت له سه‌ره‌وه تا خواره‌وه‌ی بۆگه‌ن بووه و عادل عه‌بدولمه‌هدی و هه‌زاری وه‌ك ئه‌ویش ناتوانن ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی هه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه بووه‌ته دیارده، ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌كانی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی خۆیان تووشی گه‌نده‌ڵی هاتوون، كه‌واته چاكسازی نابێت ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری ریشه‌یی و سه‌رانسه‌ری بۆ ئه‌و سیستمه گه‌نده‌ڵه روو نه‌دات، بۆیه به‌رده‌وام ده‌بین. ده‌زانین هه‌موویان گره‌و له‌سه‌ر كات ده‌كه‌ن بۆ كپبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی، ئێمه‌یش پێیان ده‌ڵێین كات كاتی ئێمه‌یه.
عێراقییه‌كان هه‌موویان پاڵپشتی له خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ن و خۆراك و ده‌رمانمان بۆ دابین ده‌كه‌ن، پزیشك و قوتابی و فه‌رمانبه‌ر كاری خۆیان جێهێشتووه و بۆ پاڵپشتیمان هاتوون، له هیچمان كه‌م نییه و به‌رده‌وام ده‌بین، ئه‌گه‌ر هه‌فته‌یه‌ك نه‌بێت با مانگێك و ساڵێك بێت، ئێمه ناگه‌ڕێینه‌وه ماڵ تا جێبه‌جێبوونی ته‌واوی داواكارییه‌كان و له پێشه‌وه‌ی رووخاندنی ئه‌و سیستمه سیاسییه گه‌نده‌ڵه.