"وشە" چەند بەڵگەیەكی بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:29:09/11/2019 ‌
پارەی كارت و نانخواردنی بە پسوولەی "گۆشتفرۆش" خەرج كردووە 

تا دێت گەندەڵییەكانی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان زیاتر ئاشكرا دەبن، جیا لەو گەندەڵییانەی پێشتر لەسەر زیا بتروس سەرۆكی دەستەكە بڵاو بوونەوە. "وشە" وردەكاری گەندەڵی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی ئەو دەستەیە بە بەڵگەوە دەخاتە ڕوو.

دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، دەستەیەكی سەربەخۆیە و لەژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستانە، چەند ساڵێكە ماوەی سەرۆكی دەستەكە بەسەرچووە، وەك سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ كرد، ئێستە گەشتی دەرەوە لە سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ قەدەغە كراوە بەهۆی ئەوەی گەندەڵی زۆری لەسەر سەلمێنراوە.

دەستەی مافی مرۆڤ لە دوو ڕاوێژكار و دوو بەڕێوەبەری گشتیی پێكدێ‌ و سەرۆكی دەستەكە مەسیحییە.

دیوانی چاودێری دارایی: 
عەبدوڵا عەبدولكەریم پارەی بردووە و نەیگەڕاندووەتەوە

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست "وشە" كەوتوون، لە دەستە نووسراو بە زمانی ئینگلیزی بۆ هاووڵاتییان كراوە تا لە دەرەوەی وڵات مافی مانەوە (ئیقامە) وەربگرن، /گومان دەكرێ‌ ئەو نووسراوانە ئاراستەی كونسوڵگەی وڵاتان كرابن و بە بڕێكی زۆری پارە فرۆشرابن/.
لە بەڵگەنامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و واژووی عەبدوڵا عەبدولكەریم لەسەرە و ئاراستەی لایەنێكی پێوەندیدار كراوە /بەبێ‌ ئەوەی ناوی شوێنەكە نووسرابێت و وێنەی بۆ سەرۆكی دەستەكە ئاراستە كرابێت/ پشتگیری دەستەكەی بۆ كەسێك دەربڕیوە، لە كاتێكدا نووسراوی فەرمی بە زمانی ئینگلیزی بۆ ناو داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم قەدەغەیە.

ئەنجوومەنی وەزیرانیی هەرێمی كوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی نووسراوە ئینگلیزییەكەی كردووە، لەو كارە ئاگادار كردووەتەوە كە چیتر كاری لەو جۆرە دووبارە نەكاتەوە.

هاوشێوەی ئەو بەڵگەنامەیە، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و مافی مرۆڤ نووسراوی كردووە، بەڵام ئەو دەڵێت، چەند كەیسێك هەبووە لە كوردستان و لە نووسینگەكانی مافی مرۆڤەوە ڕەوانە كراون كە هەڕەشەی كوشتیان لەسەر بووە. بۆیە بەگوتەی خۆی "ناچار بووە نووسراو و پشتگیری بۆ ئەو كەسە بكات".

تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤ، بە"وشە"ی ددانی بەوەدا نا كە چەند نووسراوێكی ئینگلیزی كردووە. بەڵام دووپاتی دەكاتەوە "بەهیچ شێوەیەك باسی خراپی ڕەوشی تەناهیی كوردستانم تێدا نەكردووە و پاڵپشتیم لە كەسێك كردووە كە هەڕەشەی كوشتنی لەسەر بووە".

تاڤگە زیاتر گوتی، "هەر كاتێك پێویست بێت ئامادەم لەسەر هەر هەڵەیەكی یاسایی یان سەرپێچی، بچمە بەردەم دادگا و ڕاستییەكان وەك خۆی بخەمە ڕوو". 

عەبدوڵا عەبدولكەریم سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئێستە كێشەی لەگەڵ سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ هەیە و ئامادە نییە قسە لەوبارەیەوە بكات. بەڵام دۆسیەی گەندەڵییەكانی دەستەی مافی مرۆڤ ئێستە لە دەستەی دەسپاكییە و دەستەی دەسپاكی رای دەگەیەنێت كە "لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە".

د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، بۆ "وشە" هێمای بۆ ئەوە كرد كە دۆسیەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە دەستەی دەستپاكی لەژێر وربینیدایە.

زیاتر روونی كردەوە، ماوەیەكە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی ئەو دۆسیەیەی رەوانەی دەستەی دەستپاكی كردووە، بۆیە لە دەستە لیژنەی وردبینی لە "باشترین كادرەكانی خۆمان پێكهێناوە و دڵنیام لە دڵسۆزی و بێلایەنییان، بۆیە لە دوو تا سێ رۆژی داهاتوو، لایەنی كەم لەم هەفتەیە دەستەی دەسپاكی بە راپۆرتێك سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە ئەنجامی وردبینی و لێكۆڵینەوەی دۆسیەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ ئاگادار دەكاتەوە".

ئاشكراكردنی گەندەڵیی بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی بەكۆتا نەهاتووە، بەڵكو بەپێی ئەو پسوولەی خەرجی و ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی بێت، دەیان پێشێلكارییان كردووە.
لە پسوولەیەكدا كە "وشە" وێنەیەكی بڵاو دەكاتەوە، دەردەكەوێ‌ كە مانگانە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی پارەی كارتی ئینتەرنێت و نانخواردن و شیرینی بەشێوەیەكی جیاواز خەرج دەكات. 

ئەو پسوولەی پارەكەی پێ‌ وەردەگرێ‌ هی "شوێنی گۆشتفرۆشییە"، واتە كارتی ئینتەرنێت بە پسوولەی گۆشتفرۆشی خەرج دەكات، جیا لەوەی هەموو مانگێك هەمان پسوولە و هەمان نرخ و ماركێتی گۆشتفرۆشی دووبارە بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بە ژمارە 4/5/465 كە وێنەیەكی لای "وشە"یە، بە ڕوونی ئاشكرا كراوە كە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی بڕێكی زۆر پارەی بردووە و نەیگەڕاندووەتەوە.

هەمان بەڕێوەبەری گشتیی، برازایەكی خۆی بەناوی "ئا ، م ، ع" و برایەكی بەناوی "م ، ع ، م" تەنسیبی كەركووك كردووە بەبێ‌ ئەوەی ئەو دوو فەرمانبەرە دەوام بكەن، پارە لە هەولێر وەردەگرن.

ڕۆژی 22/5/2018 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە واژووی نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوانی ئەوكاتی ئەنجوومەن، نووسراوێك ئاراستەی دەستەی مافی مرۆڤ دەكات و داوا دەكات ڕێ‌ لە پێشێلكاری ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە بگیرێ‌ و چیتر هەندێك كار هەیە دووبارەی نەكەنەوە. 

پەرلەمانی كوردستانیش لە نووسراوێكدا بە ژمارە 2175 داوا دەكات سەرۆكی دەستە و هەردوو بەڕێوەبەری گشتیی لە كارەكانیان دوور بخرێنەوە، یان بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر.










وشە - تایبه‌ت