نەسرین مزووری: ژن دەبێت نەترسێ و هەنگاو بنێ

:: AM:09:41:09/11/2019 ‌

نەسرین مزووری /29 ساڵ/ پێشكەشكار و بێژەری كوردستان تیڤی كە ماوەی چەند ساڵێكە بێ دابڕان كاری ڕاگەیاندن دەكات لەو كەناڵە، لەم دیمانەیەدا چەند نهێنییەكی ژیانی خۆی بۆ "وشە" ئاشكرا دەكات. هاوكات دەڵێ راگەیاندن بیر و فكری مەزنتر لە ئایندەی پێ بەخشیم.

كورتە باسێكی خۆت بكە؟

نەسرین مزووری بێژەری هەواڵ لە كوردستان تیڤی، دەرچووی زانكۆی سەڵاحەدین بەشی زمانی كوردیم، ساڵی 2017 وەك بێژەر و نووسەری هەواڵە سیاسییەكان لە زاگرۆس تیڤی دەستبەكار بووم، ئێستەیش بەهەمانشێوە بێژەر و نووسەرم لە كوردستان تیڤی و لە هەمانكاتیشدا پێشكەشكاری بەرنامەیەكی سیاسیم بەناوی "دیدی رۆژنامە".

ڕاگەیاندن چی پێ بەخشیوی؟

راگەیاندن زۆر شتی پێبەخشیم، بۆ نموونە بیر و فكری مەزنتر لە ئایندەدا، واتە لە یەك قاڵبدا نەمێنمەوە و هەنگاوی مەزنتر بهاوێژم بۆ داهاتوو.

پێویستە ڕاگەیاندكاری سەركەوتوو چۆن بێت؟

 یەكەم پێویستە بێلایەن بێ، دووەم بوێر بێت و گوێ بە قسەی هیچ كەس و لایەنێك نەدات و بەردەوام بێ لە رێیەكەی خۆی. دڵنیام بەو شێوەیە سەركەتوو دەبێت.

ئەی تا چەند لە ڕاگەیاندكاران رازیت؟

تا ئاستێك لێیان رازیم چونكە ئەزموونی راگەیاندنم لە زۆربەیان كەمترە، بەڵام بەوە نییە ماوەیەكی كەمە لەناو راگەیاندنم و ئیتر راگەیاندكاری باش و سەركەتوو لەوانی تر جیا ناكەمەوە، دەڵێم هەركەس مایكێكی بەدەستەوە گرت، نابێ ناوی رۆژنامەنووسی لێ بنێن، وابزانم ئەو دێڕە بەسە بۆ وەڵامی پرسیارەكەتان.

ئەگەر ڕاگەیاندنكار نەبوویتایە حەزت دەكرد چی بی؟

ئەگەر راگەیاندكار نەبوومایە پارێزەر دەبووم چونكە زۆر حەزم لێ بوو ببم بە پارێزەر.

 بۆ تۆ كاری ڕاگەیاندن خولیایە یان پیشە؟

راگەیاندن خولیای منە و وەك خوویەكی لێ هاتووە بۆم.

بەدەر لە كاری ڕاگەیاندن هیچ كارێكی تر دەكەی؟
بەڵێ لە كومپانیایەك كار دەكەم.


پێت وایە كاری ڕاگەیاندن سەخت بێت؟

سەرەتا هەموو كارێك نەك تەنیا بۆ ژن، بۆ هەموو كەسێك سەختە، بۆیە دەبێ بە باشی خۆتی بۆ ئامادە بكەیت تا بتوانی سەركەوتوو بیت تێیدا.

 كێ هاوكاریت دەكات؟

یەكەم جار خوای گەورە ئینجا دایك و باوكم زۆر هاوكارن لەگەڵم لە هەموو بوارەكانی ژیانمدا، زۆر سوپاسیان بكەم.

پەیامت چییە بۆ ئەو ژنانەی حەز لە ڕاگەیاندن دەكەن؟

پەیامم ئەوەیە بۆ خانمەكان ئەگەر حەزت هەیە و خۆت بۆ ئەم كارە واتە راگەیاندن ئامادە كردووە، هەنگاو بنێ و مەترسە، دڵنیام سەركەوتوو دەبیت و یەكێك لە باشترین و زیرەكترین راگەیاندكارە ژنەكان دەردەچیت.

وشە/دیمانەی شادان بەكر



وشە - وشه‌