زۆر نەمابوو شاكیرا دەنگە خۆشەكەی لە دەست بدات

:: AM:10:17:09/11/2019 ‌
پێگەی "فەرفیش"ی میسری، هەواڵێكی لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگرتووە كە ئەستێرەی گۆرانیی جیهانی "شاكیرا" قسەی بۆ ئەو ئاژانسە كردووە، گوتوویەتی ئەو هەواڵەی لە دنیادا تووشی شۆكی كردووە، دوو ساڵ بەر لە ئێستە بووە كە بەهۆی نەخۆشییەوە زۆری نەمابوو دەنگە خۆشەكەی لە دەست بدات.

شاكیرا كە ئێستە تەمەنی 42 ساڵی تێپەڕ كردووە، بۆ ئاژانسەكە رای گەیاندووە كە ساڵی 2017 تووشی نەخۆشیی گەروو بووە و زۆری هەوڵ داوە چارەسەری نەخۆشییەكەی بكات، گەیشتە ئاستێك زۆری نەمابوو بەیەكجاری دەنگی لە دەست بدات كە ملیۆنان هەواداری بەردەوام چاوەڕێی بەرهەمی نوێی لێ دەكەن.

بەو هەواڵ و نەخۆشییە تووشی شۆك بووم كە تووشی خوێنبەربوونێكی زۆری گەروو بووم 
شاكیرا گوتوویەتی، بەو هەواڵ و نەخۆشییە تووشی شۆك بووم كە تووشی خوێنبەربوونێكی زۆری گەروو بووم، مرۆڤ لە ژیاندا زۆرجار تووشی كێشە دەبێت، بۆ نموونە جار هەبووە كەسێكی خۆشەویست لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانت لە دەست دەدەیت، یان گەنجیی خۆت و جوانییەكەت لە دەست دەدەیت، بەڵام هیچ كاتێك بیرم لەوە نەكردبووەوە دەنگم لە دەست بدەم، بۆیە تووشی شۆك بووم.

شاكیرا كە هەڵگری سێ خەڵاتی "گرامی"یە، دواتر گوتی زۆر دڵخۆش بووم بەبێ نەشتەكاری و تەنیا بە رێنوێنیی پزیشكەكانم، دوای حەوت مانگ لەو نەخۆشی و كێشەیە رزگار بووم.

شاكیرا كە گۆرانیبێژێكی كۆڵۆمبییە و لە ساڵی 1977 لە شاری بارانكیای كۆڵۆمبیا لە دایك بووە كە بەڕەگەز لبنانییە، بە یەكێك لە ئەستێرە زۆر گەورەكانی دنیا لە بواری موزیك پۆپ و رۆك دەناسرێتەوە كە خاوەنی سەدان گۆرانییە. لە تەمەنی 13 ساڵییەوە گۆرانی دەڵێت و لە 14 ساڵی یەكەمین ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە. جیا لە گۆرانیگوتن، لە بواری نواندنیشدا كاری كردووە. جیا لە وەرگرتنی سێ خەڵاتی "گرامی"، هاوكات سێ خەڵاتی "ama" وەرگرتووە كە تایبەتە بە موزیكی ئەمەریكایی. تا ئێستە 16 ئەلبوومی گۆرانیی بڵاو كردووەتەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د