رووسیا داوا لە هاووڵاتییانی دەكات سەردانی عێراق نەكەن

:: PM:03:50:09/11/2019 ‌

حكوومەتی رووسیا بە فەرمی داوای لە هاووڵاتییانی كرد سەردانی عێراق نەكەن. لە دوای ئەمەریكا و ئێران ئەمە سێیەم وڵاتە رێگری لە چوونی هاووڵاتییانیان بۆ عێراق دەكەن.

بەگویرەی "ئیرنا" لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆكارەكە بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆزە دەگەڕێتەوە بەسەر عێراقدا زاڵە و پێی وایە درێژەكێشانی ئاڵۆزییەكان و هێرشە تیرۆریستییەكان، لەوانەیە زیان بەو هاووڵاتییانە بگەیەنێت كە سەردانی عێراق دەكەن.
یەكەم جار ئێران بوو داوای لە هاووڵاتییانی كرد گەشتی عێراق نەكەن

" خولی دووەمی خۆپێشاندانەكانی عێراق لە 25ی مانگی تشرینی دووەمەوە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە بەردەوامە. یەكەم جار ئێران بوو داوای لە هاووڵاتییانی كرد گەشتی عێراق نەكەن. لەمدواییەدا بە ملیۆنان ئێرانی هاتنە كەربەلا و زیارەتی شوێنە پیرۆزەكانی مەزەوی شیعەیان كرد و دوای گەڕانەوەشیان دەست بە خۆپێشاندانەكان كرایەوە.

 لەو خۆپێشاندانەی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم دەستی پێ كرد، داوا لە خۆپێشاندەران كرابوو بە بۆنەی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن كۆتایی بە خۆپێشاندان بهێنن.

بەپێی دواین ئامار كە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانە تا ئێستە 283 كەس گیانیان لە دەست داوە و سەرووی 13 هەزار كەسی تر بریندار بوون.



وشە - سلێمان تاشان