بەڕێوەبەری پەروەردەی جەزیرە: بەهۆی لەشكركێشی خوێندن لە 309 قوتابخانە وەستاوە

:: PM:05:39:09/11/2019 ‌
كەرتی پەروەردە یەكێكە لەو كەرتانەی بەهۆی لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زیانی زۆری بەركەوتووە، لە تەواوی هەرێمی قامیشلۆ و حەسەكە زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە هەیە كە كۆی قوتابیەكانی زیاتر لە 200 هەزار زیاترە. سەمیرە حاجی عەلی بەڕێوەبەری دەستەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی جەزیرە دەڵێ، 309 قوتابخانە بەهۆی لەشكركێشی توركیا ئێستە خوێندنیان تێدا ناخوێندرێت، چ ئەوانەی بەهۆی بۆردومانەوە بێت، یان داگیراوەكان یانیش ئەوانەی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ كراون.

سەمیرە حاجی عەلی بەڕێوەبەری دەستەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی جەزیرە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ "وشە" ئاماژە بە دۆخی ئێستەی كەرتی پەروەردە لە رۆژئاوای كوردستان دەدات كە زیاتر لە مانگێك بەسەر لەشكركێشی داگیركاری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووە.
سەمیرە دەڵێ، بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی سوپای توركیا، قوتابخانەیەك وێران بووە و زیاتر لە 20 قوتابخانەی تریش بەهۆی داگیركارییەوە كەوتوونەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داگیركاری توركیا و میلیشیاكانی سەر بە توركیا.

بەگوێرەی ئامارەكان بێت، لە هەرێمی قامیشلۆ، هەزار و 18 قوتابخانە و هەرێمی حەسەكە هەزار و 209 قوتابخانە هەن، ژمارەی مامۆستاكانی هەرێمی قامیشلۆ نۆ هەزار و 433 مامۆستایە و هەرێمی حەسەكەش نۆ هەزار و 756 مامۆستایە، هاوكات ژمارەی قوتابیانیش، 105 هەزار 635 لە قامیشلۆ هەن و 124 هەزار و 854 لە حەسەكە.

لە هەرێمی قامیشلۆ و هەرێمی حەسەكە دوو هەزار 227 قوتاخانە هەن زیاتر لە 300 قوتابخانە بەهۆی بۆردومان و لەخۆ گرتنی ئاوارەكان خوێندنیان تێدا وەستاوە


لە ماوەی مانگێكی داگیركاری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، تا ئێستە 2.18%ی خاكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە داگیركراوە، سەرێ كانی و گرێ سپی دوو لە دیارترین ئەو دەڤەرانەی رۆژئاوای كوردستانن كە داگیر كراوە.
لە سەرێ كانی 150 قوتابخانە هەیە كە 17 هەزار و 526 قوتابی، هەزار و 409 مامۆستا، هاوشانی خەڵكی دەڤەرەكە ئاوارەی حەسەكە بوونە، تەل تەمەر كە 120 قوتابخانەی لێیە، 

سەمیرە حاجی عەلی دەڵێ، لە هەرێمی قامیشلۆ 15 قوتابخانە و لە هەرێمی حەسەكە 111 قوتابخانە بەهۆی ئاوارەی خەڵكی ناوچەكانی تر ئێستە لە دەرەوەی خزمەتن و خوێندن تێیاندا ناخوێنرێت، گوتی "لە سەنتەری قامیشلۆ قوتابخانەیەك، لە سەنتەری حەسەكە 56 قوتابخانە، لە عامودا سێ قوتابخانە، تەل تەمر 20 قوتاخانە، تربسبیە یەك قوتابخانە، دربیسیە 18 قوتابخانە، زرگان دوو قوتابخانە، تل براك یەك قوتابخانە، كركی لكی چوار قوتابخانە، دێرك سێ قوتابخانە، تل كۆچەر دوو قوتابخانە، بەهۆی لە خۆگرتنی ئاوارەی ناوچەكانی تر، داخراون و خوێندن تێیاندا ناخوێندرێت".

زۆر پێویستمان بە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان هەیە

دەستەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی جەزیرە ساڵی 2014 دامەزراوە، سەمیرە دەڵێ، رەوشی خوێندن تا پێش لەشكركێشی و داگیركاری سوپای توركیا، هیچ كێشەیەكیان نەبووە و خوێندن بەردەوام بووە و زانكۆ و پەیمانگەكانیش هەروا، گوتی "سیستمی خوێندن لێرە هیچ كێشەی نەبوو، بەڵام بەهۆی هێرشی بەربەریانەی توركیای ئەردۆغانی و داعشەكانی سەر بە ئەردۆغان، زیان بە كەرتی پەروەردەش گەیشتووە".

زیاتر گوتی "لە ئێستەدا ئەوەی زۆر پێویستیمان پێیەتی، نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانە، ئەوانی تر لە پڕۆگرامی خوێندن كێشەیەكمان نییە چونكە پڕۆگرامی خوێندنی كوردی، سریانی و عەرەبی هەن".

بەڕێوەبەری پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی قامیشلۆ، ئاماژەی بەوەدا كە یەكێك لە تەوەرە هەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانی خۆسەری دیموكراسی لەگەڵ رژێمی سووریا، كەرتی پەروەردەیە، گوتی "زۆر تەكەس لەسەر ئەو كەرتە كراوەتەوە كە دەبێت خوێندن لەو ناوچانە بە زمانی كوردی بێت، زمانی كوردی واتە بوونی ئێمە لەسەر ئەو خاكە، بۆیە ئەوە پێنج ساڵە منداڵان لە هەرێمی قامیشلۆ و حەسەكە پڕۆگرامی خوێندنی خۆسەری دیموكراسی دەخوێنن بە زمانەكانی كوردی، سریانی، عەرەبی، نەك ئەوەی پێشتر لە سووریا هەبوو، هاوكاتی ئەوەش دوو زانكۆمان دامەزراندووە، زانكۆی كۆبانێ و زانكۆی رۆژئاوا".













وشە - فه‌رمان سادق