پۆسته‌ ته‌ناهییه‌كانی‌ پشكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ نێوان كۆسره‌ت ره‌سووڵ و به‌رهه‌م ساڵح یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌

:: PM:03:45:10/11/2019 ‌
پۆسته‌ ته‌ناهییه‌كانی‌ پشكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كێشه‌ی‌ له‌ناو ئه‌و حزبه‌ دروست كردووه‌ و گرووپ و باڵه‌كانی‌ ئه‌و حزبه‌ له‌سه‌ر دیاركردنی‌ كه‌سێك بۆ پۆسته‌ ته‌ناهییه‌كان ڕێك ناكه‌ون.

پۆستی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پێشتر جه‌لال شێخ كه‌ریم بوو، كێشه‌ی‌ له‌ نێوان باڵی‌ تاڵه‌بانی‌ و كۆسره‌ت ره‌سووڵ دروست كردووه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێ‌ ئه‌و پۆسته‌ یان ئه‌مینداری‌ گشتیی وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ربگرێ‌.

جیا له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی‌ تری‌ پشكی‌ یه‌كێتی‌، ئێسته‌ دوو پۆستی‌ ته‌ناهیی كێشه‌ی‌ له‌ناو باڵه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ دروست كردووه‌
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو یه‌كێَتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌ "وشه‌"ی‌ ڕاگه‌یاند، جیا له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی‌ تری‌ پشكی‌ یه‌كێتی‌، ئێسته‌ دوو پۆستی‌ ته‌ناهیی كێشه‌ی‌ له‌ناو باڵه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ دروست كردووه‌.

ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ پۆستی‌ ئه‌مینداری‌ گشتیی وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و پۆستی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ كێشه‌ی‌ چڕی‌ له‌سه‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یش هه‌وڵ دراوه‌ كه‌ پۆستی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ نه‌درێ به‌ كه‌سێك نزیك له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌.

به‌گوته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئێسته‌ ئیسماعیل مه‌حموود نزیك له‌ به‌رهه‌م ساڵح كاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و ڕێباز بێركۆتیش كه‌ كه‌سێكی‌ نزیكی‌ كۆسره‌ت ره‌سووڵه‌ كاندیدی‌ وه‌گرتنی‌ پۆستی‌ ئه‌مینداری‌ گشتیی وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌.

حاجی‌ مه‌سیفی‌ جێگری‌ به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ هه‌ولێری‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌ "وشه‌"ی‌ ڕاگه‌یاند، هێشتا به‌ ته‌واوی‌ ئه‌و پرسه‌ ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌ و پێویستی‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتییه‌.

یه‌كه‌مجار نییه‌ له‌و جۆره‌ كێشه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ بوونی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌مجار بنه‌ماڵه‌ی‌ تاله‌بانی‌ له‌ پۆستی‌ ته‌ناهیی دوور خراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یش به‌ هه‌نگاوێكی‌ نوێی‌ ئیداره‌دانی‌ یه‌كێتی‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سووڵه‌وه‌ داده‌نرێ‌.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم