کوژراوانی خۆپیشاندانی عێراق نزیکی 350 کەس بووەوە

:: PM:05:09:10/11/2019 ‌

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕای گەیاند، لەوەتەی خۆپیشاندانی عێراق دەستی پێ کردووە تا ئێستە، زیاتر لە 300  کەس کوژراون و 15 هەزاری تریش بریندار بوون. سەرچاوەیەکی تریش ئاماژە بۆ ژمارەیەکی لەوە سەرتر دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەم (10ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر) عەلی ئەکرەم گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراقی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، 301 کەس بەهۆی خۆیشاندانەکانی عێراقەوە گیانیان لەدەست داوە، لەمیانەیاندا ئەو دوو کەسەی ڕۆژی هەینی لە شاری بەسرە کوژران.

لەو ڕووداوەی ڕۆژی هەینیی شاری بەسرە، جیا لە کوژرانی دوو خۆپیشاندەر، 100 خۆپیشاندەری تر بریندار بوون کە زۆرێکیان بەهۆی ئەو گازە فرمێسکڕێژە و گولـەی لاستیکییەوە بوون کە هێزە تەناهییەکان دەیانگرتە خۆپیشاندەران.
جیا لەو ئامارەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ، هەر ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا، لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتووەتە 319 کەس، ئەم ژمارەیەش لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە تەناهییەکاندا بووە.

ڕۆژی‌ 25ی‌ تشرینی‌ یەكەم/ ئۆكتۆبەر، خۆپێشاندانەكانی‌ عێراق دەستی‌ پێ كرد. هاووڵاتییانی‌ بەغدا و چەندان شاری‌ تر دژی‌ گەندەڵی‌ و نادادی‌ و نەبوونی‌ خزمەتگوزاری‌ ڕژانە سەر شەقامەكان. هاوشێوەی‌ هەموو جارەكانی‌ تر خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە هێرشیان كرایە سەر و دەیانیان بوونە قوربانی‌.

لەماوەی‌ ئەمساڵدا چەندان خۆپێشاندانی‌ گەورە لە عێراق ئەنجام دراوە، بەڵام هیچ لە خۆپێشاندانەكان ئەنجامیان نەبووە، هەرچەندە حكوومەتی‌ ئێستەی‌ عێراق دووپات لە چاكسازی‌ دەكاتەوە، بەڵام بێ‌ متمانەیی‌ لە نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت هەیە و چاودێران هۆكارەكەی بۆ قۆرخكاری پارتە سیاسییەكان بۆ دەسەڵات و سامانی وڵات دەگەڕێننەوە، بۆیە خۆپێشاندەران داوای گۆڕینی رژێمی سیاسی دەكەن نەك تەنیا حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی.


وشە - كوردۆ شابان